په‌نابه‌ران

ئیتاڵیا بۆ رێگریگرتن له‌ كۆچی نایاسایی پێشنیارێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا پێشنیارێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات بۆ ڕێگری گرتن له‌ كۆچی نایاسایی

 

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، ماریۆ دراگی، پێشنیارێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ده‌كات بۆ ئه‌و كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رانه‌ی له‌ وڵاتی لیبیاوه‌ به‌ یه‌خت ڕوو له‌ ئیتاڵیا ده‌كه‌ن، كه‌ هاوشێوه‌ی ڕێكه‌وتنی نێوان یه‌كێتی ئه‌وروپا و توركیایه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2016 واژوو كرا.

به‌ پێی ڕۆژنامه‌ی ئیتاڵیا Repubblica، ئیتاڵیا له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی وڵاتانی ئه‌ندام كه‌ له‌ 24 و 25ی ئه‌م مانگه‌دا له‌ برۆكسێل به‌ڕێو ده‌چێت، ده‌یه‌وێت پێشنیارێك ئاراسته‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا بكات وه‌ك ڕه‌كه‌وتنی توركیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا كه‌ له‌ ساڵی 2016 واژوو كرا بۆ ڕێگری گرتن له‌ كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران. ئیتاڵیا به‌ نیازه‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ وڵاتی لیبیا ته‌رخان بكات، تاكو وڵاتی لیبیا ڕێگه‌ نه‌دات به‌ كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رانی وڵاتی ئه‌فریقا به‌ یه‌خت ڕوو له‌ ماڵتا و ئیتاڵیا بكه‌ن.

دراگی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه‌ كه‌ ئیتاڵیا ماوه‌یه‌كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر ڕوو له‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌كه‌ن  به‌ تایبه‌ت له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا 2.000 په‌نابه‌ری ئه‌فریقی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئیتاڵیا و به‌شێكی زۆریش له‌و كۆچبه‌رانه‌ به‌ شار و شارۆچكه‌كانی ئیتاڵیا دابه‌ش كراون.

به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كان، له‌ سه‌ره‌تای ساڵى 2021ه‌وه‌ زیاتر له‌ 13.000 په‌نابه‌ر گه‌یشتوونه‌ته‌ ئیتاڵیا و داوای مافی په‌نابه‌ریان كردووه‌، ئه‌مه‌ش ڕێژه‌یه‌كی زۆر زیاتره‌ له‌ ساڵی ڕابردوو كه‌ له‌ ماوه‌ی 5 مانگدا ته‌نها 4.184 په‌نابه‌ر ڕوویان كرده‌ ئیتاڵیا.

پارته‌ سیاسیه‌كانی ئیتاڵیا كه‌ دژی په‌نابه‌رانن، جه‌خت له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا ده‌كه‌ن، هه‌ڵوێستی جدی هه‌بێت بۆ كۆتایی هێنانن به‌ كۆچی نایاسایی و ڕاگرتنی كۆچبه‌ران له‌ وڵاتی لیبیا.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button