په‌نابه‌رانجیهان

ئەفسەرێکی بەلجیکی بەتۆمەتی کوشتنی کوردێک دادگایی دەکرێت

ئەفسەرێکی بەلجیکی منداڵێکی کوردی تەمەن ٢ساڵان دەکوژێت، چاڵاکوانانیش کەمپینی “سیاسەتی کۆچی بەلجیکا خەڵکی دەکوژێت”. ڕادەگەیەنن.

دوێنێ دووشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمی٢٠٢٠ دادگای بەلجیکا پرۆسەی دادگاییکردنی ئەفسەرێکی پۆلیسی ئەو وڵاتەی دەستپێکرد کە تۆمەتبارە بە کوشتنی کچێکی تەمەن دوو ساڵانی خەڵکی هەرێمی کوردستان کە ساڵی ٢٠١٨ لەناو پاسێکدا لە برۆکسل کوژرا.

ڕوداوەکە مانگی ئایاری ٢٠١٨ ڕوویداوە، پاسێک بەڕێگاوە بوو بەرەو کەنار ئاوەکانی بەلجیکا، “مەودا سەوری و دایک و باوکی و برایەکی” لەگەڵ نزیکەى ٢٥ کۆچبەری تر لە ناو پاسەکەدا بوون، دەیانویست بەرەو بەریتانیا بچن، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە تەقەیان لێ کراوە و “مەودا” کە تەنها تەمەنی دوو ساڵ بوو بەهۆیەوە کوژرا.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاویکردۆتەوە” دادگاییکردنەکە لە بەلجیکا دەستیپێکرد، جگە لە ئەفسەرەکە، دوو کۆچبەری تری کورد کە یەکێکیان شۆفێری ئەو پاسە بوو مەودای تێدا کوژرا بە تۆمەتی ڕێبەریکردن و قاچاخچییەتی دادگایی دەکرێن”.

ئاماژەی بەوەشکردووە” دادگا ناوی ئەفسەرەکەی ئاشکرا نەکردووە، بەڵام ئەوە زانراوە کە تەمەنی ٤٨ ساڵە و خاوەنی سێ منداڵە، هەشت ساڵ ئەزمونی لە کەرتی پۆلیسیدا هەیە” .

لەبارەی هۆکاری تەقەکردنەکەی ئەو ئەفسەرە وتوویەتی “نیازی هەبووە تەقە لە تایەی پاسەکە بکات بۆ ئەوەى بوەستێت، بەڵام بەهۆی ئەوەى زۆر خێرا بوو، گولـلەکە پەڕیوە و داوێتی لە مەودای دوو ساڵان، هەرچەندە هەوڵ دراوە مەودا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، بەڵام لەناو ئەمبوڵانسەکەدا مردووە”.

لەم ماوەیەدا چەندین چالاکی داکۆکیکردن بە مافی کۆچبەران و پەنابەران ڕاگەیەندراوە، داوای وەرگرتنی مافی مەودا دەکەن و چەندین ڤیدیۆ و وێنەیان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن “سیاسەتی کۆچی بەلجیکا خەڵکی دەکوژێت.”

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button