په‌نابه‌ران

به‌ریتانیا به‌ نیازه‌ 30 كۆچبه‌ری كورد ڕاسته‌وخۆ دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌

حكومه‌تی به‌ریتانیا به‌ نیازه‌ نزیكه‌ی 30 كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ری كورد له‌ به‌ریتانیاوه‌ ڕاسته‌وخۆ دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌

 

سه‌ڕه‌ڕای ناڕازی و خۆپیشاندانی ژماره‌یه‌كی زۆری كوردانی به‌ریتانیا، حكومه‌تی ئه‌و وڵاته‌ به‌ نیازه‌ به‌م نزیكانه‌ نزیكه‌ی 30 كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ری كورد، ڕاسته‌وخۆ دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌.

به‌ پێی میدیاكانی به‌ریتانیا، به‌شێكیان 20 ساڵه‌ له‌و وولاته‌ نشته‌جێن و منداڵیان له‌و وڵاته‌ له‌ دایكبووه‌ و هه‌ندێكیان خاوه‌نی مافی په‌نابه‌رین و هه‌ندێكیشیان داواكاری مافی په‌نابه‌رین.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت كاره‌كانی خۆی جێ به‌جێ بكات و ئه‌و كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رانه‌ دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكاته‌وه‌. په‌نابه‌ره‌ كورده‌كان به‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌ڵێن، ئه‌گه‌ر دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌وه‌، ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ و ژیانیان له‌ وڵاتی خۆیان سه‌قامگیر نیه‌. له‌ ڕۆژی دووشه‌مه‌وه‌ له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیا و له‌ هه‌ولێریش خۆپیشاندان ئه‌نجام درا دژی ئه‌و بڕیاره‌ و داوایان له‌ به‌ریتانیا كرد دیپۆرت كردنی كورده‌كان ڕابگیرێت.

كورده‌كان كه‌ ئاماده‌ كراون دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌وه‌، له‌ ئێستادا ده‌سبه‌سه‌رن له‌ Detention Centerی به‌ریتانیا و مانیان گرتووه‌ و داوا ده‌كه‌ن بڕیاری دیپۆرت كردنیان ڕابگیرێت.

یه‌كێك له‌و كۆچبه‌ره‌ كوردانه‌ كه‌ بڕیاره‌ دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌، به‌ ڕۆژنامه‌ی Guardianی به‌ریتانیای ڕایگه‌یاند:

پرۆسه‌كه‌ نا شه‌فافه‌ و هیچی لێ تێناگه‌ین. ئێمه‌ مرۆڤین. نزیكه‌ی 20 ساڵه‌ له‌م وڵاته‌ نشته‌جێم. 6 زمانی جیاواز ئه‌زانم. كه‌سێكی تاوانبار و مرۆڤ كووژ نیم، بازرگانێكی ماده‌ی هۆشبه‌ر نیم. هیچ تاوانێكم نیه‌. هه‌رچه‌نده‌ بیری لێ ئه‌كه‌مه‌وه‌ دوو هێنده‌ خه‌فه‌تی لێ ئه‌خۆم

كوردێكی دیكه‌ی ته‌مه‌ن 35 ساڵ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی 15 ساڵیدا به‌ لۆریه‌ك خۆی گه‌یانده‌ ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستبه‌سه‌ره‌ و ده‌ڵێت:

هه‌موومان بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ دیپۆرتمان بكه‌نه‌وه‌. سوێنتان بۆ ئه‌خۆم هه‌ركه‌سێكمان كه‌ دیپۆرت ئه‌كرێینه‌وه‌، ژیانمان له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت. هه‌ندێكمان هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌. له‌وه‌ ده‌ترسین له‌ فرۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێره‌وه‌ ڕاسته‌وخۆ ده‌ستگیر بكرێین. له‌ وڵاته‌كه‌ماندا، مرۆڤ به‌ ئاسانی ده‌كوژرێت.

 

Bella Sankey به‌رپرسی ڕێكخراوی Detention Action ڕایگه‌یاند:

ئێمه‌ ئاگادارین كه‌ لایه‌نی كه‌م 11 كۆچبه‌ری كورد له‌م وڵاته‌ خاوه‌ن منداڵن و منداڵه‌كانیشیان نه‌وه‌ی خۆیان هه‌یه‌ و بڕیار وایه‌ دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان بكرێنه‌وه‌. به‌شێكیان پێش ده‌یان ساڵ به‌هۆی كێشه‌ و گرفته‌وه‌ وڵاتی خۆیان جێ هێشتووه‌. گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ وڵاتی خۆیان مه‌ترسیان بۆ دروست ده‌كرێت.

 

كارێن دۆیل، به‌رپرسێكی دیكه‌ی ڕێكخراوی Movement For Justice, كه‌ كار ده‌كات بۆ ڕاگرتنی ئه‌و فرۆكانه‌ی په‌نابه‌ران دیپۆرتی وڵاته‌كانیان ده‌كاته‌وه‌، ئاشكرای كرد كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا پلانی داناوه‌ بۆ دیپۆرت كردنی ژماره‌یه‌ك كوردی زیندانیانی سیاسی بۆ ناوچه‌یه‌كی نا ئارام بێ ئه‌وه‌ی حیساب بۆ مافی مرۆڤ بكه‌ن. ئێمه‌ په‌یوه‌ندیمان له‌ گه‌ڵ ئه‌و كوردانه‌ هه‌یه‌ كه‌ ژیانی خۆیان له‌م وڵاته‌ دروست كردووه‌ و خێزان و منداڵیان هه‌یه‌. حكومه‌تی به‌ریتانیا هیچ حیسابێك بۆ ئه‌و كوردانه‌ ناكه‌ت و بگره‌ به‌شێكیان ڕێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ پارێزه‌رێك بۆ خۆیان دابین بكه‌ن تاكو به‌رگریان لێ بكات و دیپۆرتی هه‌رێمی كوردستان نه‌كرێنه‌وه‌.

وته‌بێژێكی وه‌زاره‌تی ناوخۆی به‌ریتانیا به‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی Guardianی به‌ریتانیا ڕاگه‌یاند:

ئێمە هیچ داوای لێبوردنێک ناکەین بۆ دوورخستنەوەی تاوانبارانی بیانی و ئەوانەی مافی مانەوەیان لە بەریتانیا نییە. ئەمەش ئەوەیە کە خەڵک بە دروستی ده‌زانێت و چاوه‌ڕوانی ده‌كات.

كاتێك كۆچبه‌ران دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌ كه‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و له‌ هه‌ندێك شوێنیشدا دادگاكان به‌ سه‌لامه‌تی بزانن كه‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن. پلانی نوێ بۆ كۆچبه‌ران، سیسته‌می كۆچبه‌ری شكاو چاك ده‌كاته‌وه‌ و خێراتر ده‌بن له‌ دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ مافی مانه‌وه‌یان نیه‌ له‌م وڵاته‌ بن

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button