جیهان

به‌ریتانیا: به‌ نیازی پلانێكه‌ بۆ ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی به‌ نایاسایی ڕوو له‌ وڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن ڕه‌وانه‌ی زیندانیان بكات

به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت له‌ داهاتوودا ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی به‌ چووپ له‌ فه‌ڕه‌نساوه‌ ڕوو له‌ وڵاته‌كه‌ ده‌كه‌ن، بخرێنه‌ زیندانه‌وه‌

به‌ پێی ڕۆژنامه‌نی Times (تایمس)، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی له‌ فه‌ڕه‌نساوه‌ به‌ نایاسایی ڕوو له‌ به‌ریتانیا بكه‌ن ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تا 4 ساڵ زیندانی بكرێن. به‌و پرۆژه‌یاسایه‌ حكومه‌تی به‌ریتانیا ده‌یه‌وێت ڕزگار كردنی كۆچبه‌ران قه‌ده‌غه‌ بكات و ئه‌وه‌ی بێ مۆڵه‌ت (ڤیزا) روو له‌ وڵاته‌كه‌ بكات، ڕووبه‌ڕووی یاسا بكرێته‌وه‌.

تا ئێستا ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی به‌ چووپ له‌ فه‌ڕه‌نساوه‌ له‌ ئاوی نۆكه‌ندی ئینگلیز روو له‌ به‌ریتانیا ده‌كه‌ن، چه‌ند ڕۆژێك له‌ كه‌نار ئاوه‌كانی به‌ریتانیا ده‌ستگیر ده‌كرێن، پاشان ڕه‌وانه‌ی شوێنی دیكه‌یان ده‌كه‌ن تاكو لێكۆڵینه‌وه له‌ سه‌ر كه‌یسه‌كانیان بۆ بكه‌ن.

ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكومه‌تی به‌ریتانیا به‌ ڕۆژنامه‌نی تایمزیان ڕاگه‌یاند كه‌ ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ تاكه‌ چاره‌سه‌ره‌ بۆ ڕێگری گرتن له‌ كۆچی نایاسایی له‌ نۆكه‌ندی ئینگلیزه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌ریتانیا پێیان وایه‌ ئه‌گه‌ر یاساكان تووندتر بكه‌ن و دۆخه‌كه‌ قورستر بكه‌ن، ئه‌وه‌ وا له‌ كۆچبه‌ران ده‌كات ڕوو له‌ به‌ریتانیا نه‌كه‌ن.

ئه‌گه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ ده‌نگی پێویست له‌ په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێت، هه‌موو ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی به‌ نایاسایی ڕوو له‌ به‌ریتانیا ده‌كه‌ن ڕووبه‌ڕووی یاسا ده‌كرێن و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ تا 4 ساڵ زیندانی بكرێن.

هه‌روه‌ها ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ ده‌سه‌ڵاتی زیاتر ده‌داته‌ هێزی ده‌ریاوانی به‌ریتانیا، هه‌ر كاتێك له‌ هه‌ر شوێنێك چووپی كۆچبه‌ران له‌ نۆكه‌ندی ئینگلیز ببینن، ده‌ستبه‌جێ بیان نێرنه‌وه‌ بۆ ناو ئاوی فه‌ڕه‌نسا. هه‌رچه‌نده‌ دیپۆرت كردنی كۆچبه‌ران به‌و شێوه‌یه‌ به‌ پێی مافی مرۆڤ ڕێگه‌پێدراو نیه‌.

مانگی 7ی ساڵی 2020 حكومه‌تی به‌ریتانیا بڕی 54 ملیۆن لیره‌ی به‌ریتانی دا به‌ فه‌ڕه‌نسا تاكو هێز له‌ كه‌نار ئاوه‌كان زیاتر بكات و دۆخه‌كه‌ كۆنترۆڵ بكات و ڕێگه‌ نه‌دات كۆچبه‌ر به‌ نایاسایی ڕوو له‌ به‌ریتانیا بكه‌ن، به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ فه‌ڕه‌نسا چاوپۆشی له‌ كۆچی نایاسایی كۆچبه‌ران ده‌كرد و زیاتر له‌ 28.300 كۆچبه‌ر به‌ چووپ خۆیان گه‌یانده‌ به‌ریتانیا.

له‌ ساڵی 2021دا چووپێك به‌ 33 كۆچبه‌ره‌وه‌ ژێر ئاو كه‌وت و ته‌نها 2 كۆچبه‌ر ڕزگاریان بوو، كوردێك و سۆماڵیه‌ك. ته‌رمی 27 كۆچبه‌ر دۆزرانه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ زێدی خۆیان به‌ڵام تا ئێستا 4 ته‌رم نادیارن. ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ ئه‌و جۆره‌ ڕووداوانه‌ دووباره‌ بكاته‌وه‌ چونكه‌ به‌ریتانیا ئاماده‌ نیه‌ هیچ كۆچبه‌رێك ڕزگار بكات

له‌ خاڵێكی پرۆژه‌یاساكه‌دا باس له‌ كۆچی نایاسایی به‌ بارهه‌ڵگریش ده‌كات و ده‌ڵێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و شۆفێرانه‌یش كه‌ كۆچبه‌ر ده‌هێننه‌ ناو خاكی به‌ریتانیاوه‌ و ئه‌گه‌ر بێ ئاگاش بن له‌و كۆچبه‌رانه‌، هه‌ر شۆفێرێك به‌ بڕی 2.000 پاوه‌ن (2.700$) غرامه‌یان ده‌كات

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button