جیهان

به‌ریتانیا له‌ دوای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، په‌نابه‌ره‌كانی دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌ (؟)

به‌ریتانیا به‌ نیازه‌ ڕێكه‌وتنێكی ئه‌نجامبدات له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی په‌نابه‌ران

دوای چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا، په‌نابه‌رانی ئه‌و وڵاته‌ دیپۆرت ده‌كرێنه‌وه‌؟

 

ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ كه‌ هه‌موو په‌نابه‌ره‌كان ئاراسته‌ی به‌رپرسان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری ده‌كه‌ن، ئایه‌، دوای برێكسیت، به‌ریتانیا په‌نابه‌ره‌كان دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌؟ چونكه‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا چی دیكه‌ ڕێكه‌وتنی دوبلین 3 له‌و وڵاته‌ نامێنێت، بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ران، به‌ریتانیاش مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دیپۆرت بكاته‌وه‌.

له‌ دوای 01/01/2021 به‌ریتانیا ده‌ستی به‌ جیابوونه‌وه‌ی كردووه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌ دوای ئه‌مه‌ش چیدیكه‌ یاسای دوبلین 3 له‌و وڵاته‌ نامێنێت و جێ به‌جێ ناكرێت.

یاسای دوبلین 3 چیه‌؟

یاسای دوبلین 3، ئه‌و یاسایه‌یه‌ كه‌ بڕیار ده‌دات كام وڵاته‌ به‌رپرسه‌ بۆ په‌نابه‌رێك و لێكۆلینه‌وه‌ له‌ سه‌ر كه‌یسه‌كه‌ی بكرێت، له‌ دوای برێكسیت ئه‌م یاسایه‌ بوونی نامێنێت له‌ به‌ریتانیا. به‌ پێی ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌، وڵاتان ده‌توانن داوا بكه‌ن له‌ وڵاته‌كانی دیكه‌ی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا، لێكۆلینه‌وه‌ له‌ سه‌ر كه‌یسی په‌نابه‌ران بكه‌ن، زۆر كات ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵده‌بژێردرێت كه‌ په‌نابه‌ره‌كه‌ یه‌كه‌م جار داوای مافی په‌نابه‌ری تێدا كردووه‌.

هه‌ربۆیه‌ دوای جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا پێویسته‌ ڕێكه‌وتنێكی دیكه‌ ئه‌نجام بدرێت، كه‌ جێگره‌وه‌ی دوبلین 3 بێت، به‌ڵام تا ئێستا هیچ ڕێكه‌وتنێك له‌و باره‌یه‌وه‌ نیه‌، كه‌س نازانێت كه‌سی په‌نابه‌ره‌كان كه‌ ڕوو له‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌ن چیان به‌سه‌ردێت.

حكومه‌تی به‌ریتانیا ڕایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕێكنه‌كه‌وێت له‌ سه‌ر كه‌یسی په‌نابه‌ره‌كان كه‌ ڕوو له‌و وڵاته‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وكات تاكلایانه‌ ڕێكه‌وتنی دوو به‌ دوو ده‌كات له‌ گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆخی په‌نابه‌ران دیپۆرت كردنیان به‌و وڵاتانه‌.

دوبلین 3 ڕێگه‌ی ده‌دات به‌ په‌نابه‌ران كه‌ ئه‌ندامی خێزانیان هه‌یه‌ له‌و وڵاته‌، ڕاسته‌وخۆ به‌ریتانیا وه‌ریان بگرێت به‌ مه‌به‌ستی پێكهێنانی ئه‌ندامانی خێزانه‌كان، هه‌روه‌ها به‌ریتانیا منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵی وه‌رده‌گرت له‌ وڵاتانی ئه‌ندام، ئه‌گه‌ر بیانسه‌لماندایه‌ دایكێك یاخود باوك یاخود خزم و كه‌سوژاری دیكه‌ی له‌و وڵاته‌ هه‌یه‌، به‌ڵام له‌ دوای برێكسیت، ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ نامێنێن و به‌ریتانیان هیچ به‌رپرسیارێتیه‌ك هه‌ڵناگرێت.

به‌ پێی یاسای به‌ریتانیا له‌ 01/01/2021، پێكهێنانی ئه‌ندامانی خێزانه‌كان ته‌نها بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌كرێن كه‌ مافی په‌نابه‌ری سیاسی یاخود ئینسانیان له‌ به‌ریتانیا هه‌یه‌، هه‌روه‌ها منداڵانی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ ده‌توانن ته‌نها له‌ گه‌ڵ خێزانی یه‌كه‌میان یه‌كبگرنه‌وه‌ (دایك و باوك).

Marie-Charlotte Fabié به‌ڕێوبه‌ری ڕێكخراوی Safe Passage, كه‌ ڕێكخراوێكی نێوده‌وڵه‌تیه‌ به‌ میدیاكانی ڕاگه‌یاند، له‌ %95 ئه‌و په‌نابه‌ر و كۆچبه‌رانه‌و كه‌ ئه‌مه‌ هاوكاریمان كردوون له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، به‌ بێ یاسای دوبلین 3 نه‌یانده‌توانی پێك بێنه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان. كۆتای هاتنی یاسای دوبلین ده‌بێته‌ كێشه‌ی گه‌وره‌ بۆ به‌ریتانیا چونكه‌ تاكه‌ ڕێگه‌ی فه‌رمی بوو كه‌ په‌نابه‌ران ده‌یانتوانی له‌ ڕێگه‌یه‌كی فه‌رمی و ئه‌منی بگه‌ن به‌ خێزانه‌كانیان.

پاراستنی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ له‌ به‌ریتانیا مافی په‌نابه‌ریان وه‌رگرتووه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت

دوای جیابوونه‌وه‌ی به‌ریتانیا و یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ مافی په‌نابه‌ریان له‌و وڵاته‌ وه‌رگرتووه‌، پارێزراو ده‌بن و دیپۆرت ناكرێنه‌وه‌، چونكه‌ به‌ریتانیا له‌ سه‌ر ڕێكه‌وتنی جنێف ساڵی 1951، به‌رده‌وام ده‌بێت به‌ پێی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌یش، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی وڵاته‌كانیان كێشه‌ له‌سه‌ره‌ و شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و نادیمۆكراسی تێدایه‌، پارێزراون و دیپۆرت ناكرێنه‌وه‌.

دوای برێكسیت چی به‌سه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دێت كه‌ له‌ فه‌ڕه‌نسا ماونه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دان بگه‌نه‌ به‌ریتانیا؟

دوای برێكسیت، سه‌باره‌ت به‌و كۆچبه‌ر په‌نابه‌رانه‌ی له‌ فه‌ڕه‌نسا له‌ ناوچێی كالێ (كاڵاس) و دانكیخك ماونه‌ته‌وه‌ و به‌ نیازن بگه‌نه‌ به‌ریتانیا، گۆڕانكاریه‌كی ئه‌وتۆی نیه‌ تا ئێستا. به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا ڕێكه‌ونامه‌یه‌كیان واژوو كردووه‌ به‌ ناوی Touquet كه‌ هه‌ردوولا سنوره‌كانی هه‌ردووڵات ده‌پارێزن و هه‌روو وڵات به‌ فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وان و كامێره‌ی چاودێری و هێزی ده‌ریاوانی، ئاوی نێوان هه‌ردوو وڵاتیان تووندتر كردووه‌ و ڕێگه‌ ناده‌ن به‌و كۆچبه‌رانه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ نایاسایی و بێ ڤیزه‌ بگه‌نه‌ به‌ریتانیا.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button