کوردستان

بۆ چیـی دورکەوتمەوە لەبەغدا و رووداوم به‌جێهێشت…

سەرەتا سوپاس و ستایش بۆ هەموو هاوڕێیان و دۆستانی ئازیز کەوا بەڕێگەی نامەو تەلەفۆن لەو ماوەیەدا کە دیار نەماوم لەشاشە هەواڵی تەندروستی و هۆکاری دیارنەمانی منیان پرسیوە.

ڕوونە کار و ئەدای جورئەتی ڕۆژنامەنوس لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازی خۆی هەیە ئەو مەوقعە جۆغرافییە لە ڕووی ئەمنییەوە تاچەندە مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی ڕۆژنامەنوس هاوکات چ لە ڕووی ژینگەی سیاسیشەوە تاچەندە بەستەڵەک دروستدەکات بۆ بەدەستخستنی زانیاری.
بۆ نموونە هەمیشە کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوس لە شوێنێک کاریانکردووە بەڵام بە ئەدای جیاوازەوە بەشێکیان بەهۆی کاریگەری چالاکییەکانیان و هەڵوێستەکانیان ژیانیان کەوتووتە مەترسییەوە بەشەکەی دیکەیان گرفتێکی ئەوتۆیان بۆ خۆیان دروست نەکردووە و توانیویانە بەردەوام بن لە کارەکەیان. من لەم نوسینەمدا هۆکارەکان و چەند نموونەیەک سەبارەت بە دورکەوتنەوەم لە بەغدا بۆ ڕایگشتی و هەوادارانم دەخەمە ڕوو ..

دواین وێستگەی کارکردنم لە ڕاگەیاندن چوار ساڵی بەغدا بوو بڕیاری چونم بۆ بەغدا کارێکی ئاسان نەبوو بەڵام هەمیشە بە ئیرادەوە بڕیارم لەسەر پلانەکانی ژیانم داوە. لە ماوەی ئەو چوار ساڵە نزیکەی سێ ساڵی بۆ (تۆڕی میدیایی ڕووداو) کارم کردووە و کارو چالاکییەکان و دەرکەوتنەکانم کافییە بۆ ئەوەی شایەتیم بۆ بدات. لەکاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکی کاری ڕۆژانەمدا دەیان جار لە مردن ڕزگارم بووە بەهۆی تەقینەوەو کردەوە تووندووتیژییەکانی ناو شاری بەغدا. هەروەها دەیان جار ڕووبەڕووی هەڕەشەی تووندی کەسانی عەرەبی شۆڤێنی و میلیشیا چەکدارەکانی حەشدی شەعبی دروستکراوی ویلایەتی فەقی کۆماری ئیسلامی بوومەتەوە. ئەوەش بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەییەکانم و وەڵامدانەوەم بووە لەکاتی ئیهانەکردنییان بە نەتەوەکەم. زۆربەی ڕۆژەکان لە شەقام و کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکان؛ لەکاتی سەردانی کردنم بۆ پەرلەمان؛ وەزارەتەکان و ناوچە جیاوازەکانی بەغدا؛ بە شانازی و سەربڵەندییەوە ئەمە بۆ مێژوو دەنوسمەوە هەمیشە لەبەرامبەر دۆزی گەلەکەم وەڵامی پێویستم هەبووە بۆ هەموو ئەو عەرەبە شۆڤێنی و لایەنگر و ئەندامانی میلیشیاکانی حەشدی ئێرانی تەنانەت ئەو پەرلەمانتارە تووندڕەوە دژە کوردانە. ئەو کەسانەش کە شاهیدن و بەشێکیان کوردن لە بەغدا هێشتا ماون. من هەمیشە بێوچان بە ڕێگەی سەردانیکردن و دروستکردنی پەیوەندی و وەرگرتنی زانیارییەکان لە ڕێگەی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان سەرم بە هەموو کونێکا دەکرد تاوەکو زانیارییەکان وەکو خۆی لە ڕێگەی دەرکەوتنەکانم لە ڕووداو بگەیەنمە بینەر و بیسەر و خوێنەر.

چەندین جار بەشێوەی ڕاستەوخۆ و نا ڕاستەوخۆ لەڕێگەی کەسانی سیخوڕی بەناو ڕۆژنامەنوسی سەربە میدیاکانی حزبە شیعەکان بەتایبەتی سەربە گروپە تووندڕەوەکانی میلیشیاکانی حەشد و کارمەندی دامەزراوە حکومیەکان لەوانە دەزگای هەواڵگری عێراقی هۆشتاریم پێدەدرا کە من نابێت دەستبەرم بۆ رانیارییە هەستیارەکان و نابێت سیاسەتی حکومەتی ناوەندی بەغدا بە شێوەی لاواز نیشانی هەرێمی کوردستان و دونیای دەرەوە بدەین. بەتایبەتی داوایاندەکرد نابێت زانیاری لەسەر گروپە چەکدارە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و جموجۆڵەکانی ئێران باس بکەم لە بەغدا . بەڵام بە ئەو پەڕی سەربڵەندییەوە بەندە هیچکات ئامادە نەبوم و بەقسەی ئەوانم نەکرد.

کاتێک بەقسەی ئەوانم نەکرد ئیدی هەڕەشەو گوڕەشەکان بۆ سەر ژیانی من لە بەغدا پەرەیانسەند .. بەڵام ئەوەندەی پێمکرا هەوڵمدا ئەوێ بەجێنەهێڵم و لە بەغدا بمێنمەوەو بەردەوام بم. لەسەر ئەو بابەتە چەند جارێکیش بە ڕێگەی تەلەفۆن و ئیمەیڵ بەرپرسانی تۆڕی میدیایی ڕووداو-م ئاگادار کردەوە بەداخەوە دەڵێم بەشێک لە بەرپرسانی تۆڕی میدیایی ڕووداو باوەڕیان نەدەکرد ! ئەوەی بە لایانەوە گرنک بوو گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و ڕاپۆرتێک بوو نەوەک سەلامەتی من ئاخۆ مەترسی هەیە بۆسەر ژیانی کارمەندەکەیان لە بەغدا یان نا ! تا کار گەیشتە ڕۆژەڤی گشتپرسییەکەی باشوری کوردستان ئەو کات هەڕەشەکان بەرەبەرە هەستمان پێکرد دەبون بە جددی تا ئەو کاتەی ڕووداوەکانی ۱٦ی ئۆکتۆبەری ۲۰۱۷ی کەرکوک ڕوویدا .. کاتێک ڕۆژی ۱٦ی ئۆکتۆبەر بوو بە پاشنیوەڕۆ کەرکوک کەوتە دەستی حەشدی شەعبی لە چەند شوێنێکەوە پەیاممان پێگەیشت کە دەبێت بە زووترین کات بەغدا بەجێبێڵین. منیش لەگەڵ هاوکارم ئاکام فەهمی کە ئەوکات تازە لای ئێمە دەستبەکاربوبوو بەپەلە پەل ڕۆیشتین منداڵەکانی ئاکام-مان لە مەکتەب هێنایە دەرەوە و بلیتی فڕۆکەمان کڕی و خۆمان گەیاندە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا؛ لە فڕۆکەخانەی بەغداش بەهۆی شەڕەکەی کەرکوک چەند کاتژمێرێک گەشتە ئاسمانیەکانی نێوان بەغدا و هەولێر سلێمانی ڕاگیرابوو ساتێکمان بە کاتژمێرێک لێ دەڕۆیشت ئەوەندە سترێسمان بۆ دروست بوبوو. سەر ئەنجام گەشتەکان دەستیان پێکردەوە و ئێوارەکەی گەڕاینەوە کوردستان بەڵام هێشتا بەرپرسانی ڕووداو چاوەڕوانییان لە ئێمە ئەوە بوو نەدەبوو لەغدا بگەڕێینەوە چونکە بۆشای کاریان بۆ دروستدەبێت ! بەڵام من و ئاکام پێش گەڕانەوەمان لەبەغدا پەیوەندیمان بە بە پرسی بەشەکەمانەوە کردو پێیانمان ڕاگەیاندن کەوا چ باسە.

دوای گەڕانەوەشمان تا ماوەیەک لەلایەن چەند دۆست و هاوڕێی ڕۆژنامەنوسم لەبەغداوە تەلفۆنم بۆ دەهات و پێیان دەگوتم میلیشیاکانی حەشدی شەعبی پرسیاری منیانکردووە بە تەحدیدی کەوا بەهمەن لە بەغدا ماوە یان بۆ دیار نییە.

نموونەی دیکە لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنی هەڕەشەو مەترسی بۆسەر ژیانی من لە بەغدا کاتێک ئۆپەراسێونی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ دەستیپێکرد لە 2017/10/17 ئێمە لە بەرواری 31/ 10 2017 وەکو ستافی ڕووداو لەبەغدا و ستافی کەی ئێن ئێن کە هاوڕێ و هاوپیشەم زیاد ئیسماعیل پەیامنێریان بوو لە بەغدا مۆڵەتی فەرمیمان لە بەشی ڕاگەیاندنی حەشدی شەعبی وەرگرتو و هەر لەگەڵ چەند میدیایەکی دیکەی عێراقی کە بەشێکیان سەر بە تەلەفزێونەکانی گروپە چەکدارەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوون لە بەغداوە بەڕێکەوتین بۆ میحوەری باشوری ڕۆژئاوای موسڵ کە ئەوکات بەپێی ئەو ڕێککەوتنە کە کرابوو میحوەری باشوری ڕۆژئاوای موسڵ حەشدی شەعبی شەڕی داعشی تێدا دەکرد. ڕۆژی یەکەم سەردانی بەرەکانی شەڕمانکرد و ڕاپۆرت و ئاس لایڤی خۆمان تۆمارکرد و ناردمان بۆ ناوەندی ڕووداو و داوامکرد تیمێکی دیکەی ڕووداو لەگەڵ سەیارەی sng لە هەولێرەوە بۆ ڕۆژی پاشتر هاتنە میحوەرەکە و بەپێی ئەو مۆڵەتە کە وەرمانگرتبوو تیمەکەی دیکەمان کە لە هەولێرەوە هاتبون بردمنە ناوەندی شوێنی مانەوەی تیمەکانی ڕاگەیاندن و ژووری ئۆپەراسێونەکەی حەشدی شەعبی بەڵام هەرزوو کارمەندانی هاوکار و هاوپیشەم کە لە هەولێرەوە هاتبون کەوتنەبەر ئیهانەی شۆڤێنیەت و تایفیی و مەزهەبی چەند چەکدارێکی حەشدی شەعبی بەجۆرێک یەکێک لە هاوکارەکانم کە بە سیروان جەنازە ناسراوە کامێرامان بوو نەیتوانی زیاتر دان بەخۆیا بگرێت پەیوەندی بە بەرپرسی بەشەکەیەوە کردوو پێی گوت ئەم شوێنە چییە ئێمەتان ناردووە بۆ ئێرە من ناتوانم ئەو هەموو ئیهانەیە قبوڵ بکەم. هەر دوابەدوای ئەوە زۆری نەخایاند فەرماندەیەکی حەشد منیان بانگکردە ژوورێکەوە و قسەیان لەگەڵ کردم و پێیان گوتم فەرمانمان بۆهاتووە نابێت ئەم ستافەو sng کەتان لێرە بمێنێتەوە و قەدەغەیە دەبێت بڕۆنەوە بۆ قاعیدەی گەیارە هەر ئەو شەوە بەڕێکەوتین و لەوێ نەماین و ڕۆیشتین لە قاعیدەی گەیارە شەو لەوێ ڕۆژمان کردەوە .. لە دڵسۆزی خۆما بۆ کارکەم بەوەشەوە نەوەستام دیسان تێلم کردەوە بۆ بەرپرسێکی ڕاگەیاندنی حەشد گوتم قەینا بەس من و کامێرامانەکەم بەتەنها بگەڕێینەوە بەیانی لەگەڵ میدیاکانا بچین بۆ بەرەکانی شەڕ ? ئۆکەی پێدام و بەیانی زوو لە مەفرەقی موسڵ لەوێ منیان لەگەڵ خۆیان هەڵگرد و زیاد ئیسماعیل ستافەکەی کەی ئێن ئێن ئەو شەوەکەی لای ڕاگەیاندنی حەشد مابویەوە و لە نێو سەیارەکەدا پێکەوە یەکمانگرتەوە.

کاتێک ڕۆیشتین بۆ میحوەرێک نزیک سەربازگەی تەلەعفەر ئەو میحوەر گروپەکانی عەسائیب و نوجەبا و حزبوڵڵای تێدا بوو کاتێک گەیشتین سەرقاڵی وێنەگرتن و لێدوان بوین لە چەکدارەکانی حەشد زۆری نەخایاند دوو سەیارەی سلفادۆری جام ڕەش بە کۆمەڵێک چەکدارەوە هاتن و ئێمەیان سەرخست و بردینیان بۆ یەکێک لەو گوندانە کە کۆنتروڵیان کردبویەوە لەو گوندە لە ژوورێکی تاریک دەستیانکرد بە لێکۆڵینەو لەگەڵمان لەکاتی لێکۆڵینەوە هەڕەشە و قسەی نەشیاو تۆقاندنمان لەلایەن ئەو گروپە میلیشیا تاوانکارەوە دەستیپێکرد ئاگامان لێبوو چەکدارە میلیشیا تاوانکارەکان بە ئاماژەدان بەیەکدی هەستمانپێکرد بەنیازبون هەر لە حەوشەی گوندەکە چاڵمان بۆهەڵبکەنن و لەوێ تیرۆرمان بکەن.

چی وایکرد کە ئەو کاتە تیرۆر نەکراین ?

بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بەرپرسەی دەستەی ڕاگەیاندنی حەشد کە لەگەڵ ئێمە هاتبوو و بە بەرچاوی ئەو و تیمەکانی دیکەی تەلەفزیۆنە عێراقییەکانەوە ئێمەیان ڕفاند یەکسەر گەڕابویەوە ژووری ئۆپەراسیۆنی حەشدی شەعبی و بە فەرماندەکانی حەشدی گوتبوو کەوا هەردوو تیمەکەی ڕووداو و کەی ئێن ئێن-یان ڕفاندووە.
چەکدارەکانی عەسائیب لەسەروبەندی کوتایهاتنی لێکۆڵینەوەدا بون لەگەڵ ئێمە لەو ژوورە تاریکەی گوندەکە لە ژێر دەستی تاوانکاران. سەیارەیەک خۆی کرد بە گوندەکەدا و ئێمەیان لە ژوورە تاریکەکە کردە دەرەوە بۆ حەوشەی گوندەکە و ئەو کەسەی کە بە سەیارەکە هات چووە ژوورەوە ماوەی پانزە خولەک لەگەڵ چەکدارە تاوانکارەکان گفتوگۆی کرد و ڕۆیشت کاتێک ڕۆیشت میلیشیا تاوانکارەکانی نێو ژوورە تاریکەکە ئێمەیان بانگکردەوە و گوتیان ئێستا هیچتان لێناکەین بڕۆن بەڵام ئاگامان لە جموجۆڵەکانتان دەبێت !

ئەو دەستەواژەیە کە گوتیان ئاگامان لە جموجۆڵەکانتان دەبێت بو بە کابوس بۆمان و لەو کاتەوە وام لێهاتبوو لەسێبەرەکەی خۆشم دەترسام بەجۆرێک ئەوکاتانەی لە ژوورەوە بوین لە شوقەکەی بەغدا هەرکاتێک تەقەی دەرگا بەهاتایە بە حەزەرەوە دەرگامان دەکردەوە.

ئیدی ئەوکات تێگەیشتین کەوا لەبەر ئەوەی بەمۆڵەتی فەرمی و ناومان تۆمارکراوە و بەبەرچاوی چەندین ستافی دیکەی کەناڵە عێراقییەکانەو ئێمەیان ڕفاندووە و دۆسیەی تیرۆرکردنی ئێمەیان پێ پەردەپۆشناکرێت هەر بۆیە لە ژێر فشاری چەند فەرماندەیەکی حەشد ئێمەیان ئازاد کرد بەڵام ئازادکردنێکی هەمیشە پڕ لە مەترسی بۆسەر ژیانمان.

بەسەر هاتەکەم گێڕایەوە؛ بە سیناریۆ ناویان هێنا !

کاتێک بەسەرهاتەکەم بۆ بەرپرسانی تۆڕی میدیایی ڕووداو گێڕایەوە بە سیناریۆ ناویان هێناو بڕوایان نەدەکرد و بگرە گازندەی ئەوەیان دەکرد بۆ ئێمە لەوێ نەماوین ئەوەی گرنگ بوو بۆ ئەوان گەیاندنی ڕاپۆرتێکی مەیدانی و وێنەی شەڕەکان بوو نەوەکو سەلامەتی ئێمە. ئەو کەسەی کە بڵێت وانییە بە هەموو پێوەرێک بێ ویژدانە. بەڕێوەبەرانی ڕووداو بەوەشەوە نەوەستان لە ڕێگەی چەندین کەسی جیاوازی دەستڕۆیشتوو و پلەدار هەوڵی دروستکردنی پەیوەندییان کرد بە فەرماندەکانی حەشدی شەعبیەوە تاوەکو بتوانن ستافێکی ڕووداو بنێرنە ئەو میحوەرەی حەشدی شەعبی تێدایە بەڵام هەوڵەکانیان فەشەلی هێنا و هەموو ئەو تیمانەی دیکەی ڕووداو کە لە دوای ئێمە ڕۆیشتن بچنە میحوەری حەشد لە نیوەی ڕێگا بە هەڕەشەی کوشتنەوە لە بازگەکانی حەشدەوە دەیانگەڕاندنەوە بۆ هەولێر.

نموونەی دیکە زۆرن لەوانە لەکاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەوانی چەند جارێک بە جلی مەدەنییەوە لە ناوچەکانی مەنسور و کەڕادە داخل و ناوچەی ڕسافەی بەغدا دەزگای هەواڵگری عێراقی ڕێگری و ئیهانەی زۆریان پێکردوم. بەداخەوە هیچکات وەکو پێویست بەرپرسانی ڕووداو ئەو هەڕەشە و مەترسیانەیان بە هێند وەرنەدەگرد هەمیشە دەیانگوت هیچ نییە هەوڵبدە خۆت بپارێزە ! دەمگوت چۆن خۆم بپارێزم ئەگەر لەهەر شوێنێک و لە هەرکاتێک ڕووداوێک ڕووبدات یان داوای ڕاپۆرتێک بکەن دەبێت حەتمەن بچین بەپێچەوانەوە گازندە و سزامان دەدەن.

ئەمانە و چەندین نموونەی دیکە .. کەی پێویستبکات زانیاری زیاتر دەخەمەڕوو.

ڕەنگە پرسیاری ئەوە بکرێت لە ئێستا بۆ ڕووداو ستافەکەی لە بەغدا کەوتووەتەوە جموجۆڵ ? من لێرەوە وەڵامی ئەو پرسیارە دەدەمەوە لەگەڵ ڕێزم بۆ ماندوو بوون و کاری ئەو هاو پیشانەم کە لە بەغدا کاردەکەن بەڵام لەم نوسینەمدا جیاوازی کاری ڕۆژنامەنوسێک لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکەم خستووەتە ڕوو هەربۆیە من وەکو بەهمەن بارودۆخێکی تایبەتیم هەبووە لە بەغدا بۆیە ژیانم کەوتووەتە مەترسییەوه. بێگومان لە عێراق دوای ڕۆخانی ڕژێمی سەددام حسێن بەغدا مەترسیدارترین شوێنە بۆ ڕۆژنامەنوس بە گشتی و ڕۆژنامەنوسی کورد بە تایبەتی .

تێبینی:
ئەوەی پێی دەگوترێت گرێبەست لە نێوان ڕۆژنامەنوس و دەزگایەکی ڕاگەیاندن لە عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی تەنها لایەنی خاوەنکار دەسەڵاتی بەدەستە لایەنی کارمەند واتا ڕۆژنامەنوس هیچکات نەیتوانیوە و ناتوانێت دەسەڵاتی گرێبەستەکە بۆ گەڕانەوەی مافە پێشێلکراوەکانی بەکاربێنێت. بۆ نموونە ڕۆژنامەنوس یەکجار هەڵەیەکی کردوە چەندین جار لەلایەن خاوەنکار سزا دراوە؛ بەڵام خاوەنکار چەندین جار مافی ڕۆژنامەنوس پێشێلدەکات کە چی ڕۆژنامەنوسەکە هیچکات مافی ئەوەی پێنادرێت لێپێچینەوە لە لایەنی خاوەنکار بکات ئەگەر لێپێچینەوەشی کردبێت بە هیچ دەرچوە چونکە دەسەڵات بە پێچەوانەوە مامەڵەی لەگەڵ سکاڵای ڕۆژنامەنوسەکە کردووە. واتا گرێبەست یانی “فشە” یانی “درۆ و دەلەسە” کەی ئیشیان پێت نەما هەر ناشت ناسن.

وەکو بیرهێنانەوە و تێبینی ئەوەی کە باسی ئەکەم ئەو ڕۆژنامەنوسانە ناگرێتەوە کەوا خۆیان خستووەتە بازنەی (ماستاو چییەتی) و سیخوڕیکردن و لەلایەن حزبێک یان بەرپرسێکی پلە باڵا سەپۆرت دەکرێت.

لێرەوە سڵاو ڕێز و خۆشەویستی خۆم دەنێرم بۆ هەموو ئەو کارمەندانەی ڕووداو کە پێکەوە کارمان کردووە لە کاتی کارکردن هەر نیگەرانییەکیش لە نێوان من و هەر کارمەندێکی هاوکارم ڕوویدابێت و من بوبێتم بە هۆکاری نیگەرانی لێرەوە داوای لێبوردنی لێدەکەم چونکە بە مەبەست نەبووە تەنها ئامانجم دڵسۆزی کارکردنم و پاپەندبونم بووە بە کارەکەمەوە. بەپێچەوانەشەوە چاوی هەموو هاوکارەکانم ماچ دەکەم و لەهەر گۆشەو نیگایەک هەن هیوای ژیانێکی تەندروستتان بۆ دەخوازم.

لە داهاتودا بەپێی دەرفت لەسەر ڕووداوەکانی بەغدا و پەرلەمانی خولی سێیەمی عێراق و نهێنییەکانی شەڕی فەلوجە و چەندین بابەتی دیکەی گرنگ لەوانە جموجۆڵەکانی ڕژێمی ئێران لە بەغدا و حەشدی شەعبی ؛ زانیاری لەسەر ئەو دۆسیانە لە توێیی چەند وتارێکدا دەخەمە ڕوو …

سەبارەت بە دەرکەوتنەوەشم لە شاشە جارێ تا کاتێکی نادیار بەهۆی بارودۆخی تایبەتی ژیانم ناتوانم دەرکەومەوە بەڵام بێگومان بەردەوام دەبم لە پیشەکەم.

تێبینی: وێنەکە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی فەللوجە چرکاوە لە مانگی 5ی ساڵی 2016 ئەوەی تەنیشتم کامێرەی بەدەستەوەیە ناوی مونتەزر وێنەگری خۆم بوو؛ ئەوەی پشتەوەشمان بەهەمان شێوە کامێرەیەکی بەدەستەوەیە و لە حاڵەتی جوڵەدایە و درعی ڕۆژنامەوانی لەبەردایە زیاد ئیسماعیل-ی هاوڕێ و هاوپیشەم پەیامنێری کەی ئێن ئێن.

بەهمەن حەسەن 27/ 5/ 2018

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button