
بەم شێوەیە حكومەتی یۆنان كۆچی نایاسایی كۆچبەران لە توركیاوە ڕادەگرێت
سیستەمێكی نوێی دەریایی یۆنان لە ئامادە كردندایە بۆ ڕاگرتنی كۆچی نایاسایی كۆچبەرانی توركیا
وتەبێژی حكومەتی یۆنان ستێلیۆس پێچاس (Stelios Petsas), لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا بۆ كەناڵی Skai یۆنانی، سیستەمێكی نوێی دەریایی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی ڕێگری بگرن لەو كۆچبەرانەی بە نایاسایی لە كەنارئاوەكانی توركیاوە بەڕێ دەكەون بەرەو دورگەكانی یۆنان.
وتەبێژی حكومەتی یۆنان، ئاشكرای كرد كە ئەم سیستەمە ئاسانكاری بۆ ھێزی دەریایی یۆنان دروست دەكات و دەتوانن پێش ئەوەی كۆچبەران سوار چوپ و بەلەمەكان بن لە كەنارئاوەكانی توركیاوە، پۆلیسە یۆنانیەكان دەیانبینن و لە ھەمان كاتدا، ھێزی دەریایی توركیا ئاگاداردەكرێنەوە بۆ ئەوەی پێش ئەوەی بگەنە نێو خاكی یۆنان لە لایەن ھێزی توركیاوە دەستگیر بكرێن و ڕەوانەی توركیا بكرێنەوە.
پێچاس ئاماژەی بەوەشدا، كە بەم سیستەمە نوێیە، حكومەتی توركیا ناچاردەكەین كۆچبەرەكان دەستگیر بكەن و چی دیكە ناتوانێت ئاگاداریەكانی یۆنان ڕەت كاتەوە یاخود پشتگوێی بخات.
ھەروەھا گوتیشی، كە ئەم سیستەمە نوێیە، پەیوەندی دەبێت لە گەڵ یەكێتی ئەوروپا و ھێزی دەریایی توركیاش. ھەر كاتێك، ئێمە توركیا ئاگادار دەكەین بۆ ھەر كۆچێكی نایاسایی، یەكێتی ئەوروپاش لە ھەمان كاتدا ئاگادار دەبێت، بەو ھۆیە توركیا ناتوانێت ھیچ چاوپۆشیەك بكات.
لە ھەمانكاتدا، وتەبێژی حكومەتی یۆنان باسی گرنگی ئەم سیستەمەی كرد كە دەتوانێت ڕێژەی كۆچبەرانی نایاسایی لە كەنارئاوەكانی توركیاوە زۆر كەمتر بكاتەوە.
ئەمەش لە كاتێكدا دێت كە لە چەند مانگی ڕابردوو، ڕێژەی كۆچبەرانی نایاسایی لە كەنارئاوەكانی توركیاوە بۆ دورگەكانی یۆنان تا ڕادەیەكی زۆر زیادی كردووە…
Halo Khalil
پەیامنێری Pishti-News