کوردستان

ترەمپ لە کوردستانە

دیاردەی ناولێنانی شوێن و کەرەستەکان بەناوی سەرۆک و ھونەرمەندەکان تەنھا پەیوەست نیە بە کۆمەڵگەی کوردی، وەک ئامرازێک بۆ سەرنجڕاکێشان و ریکلام،خاوەن کارەکان پەنا بۆ ناوی باو دەبەن، سەرسامبونی کۆمەڵگای کوردی باشوور بە سەرۆکەکانی ئەمریکا بۆ سەرەتای شەڕی کەنداو دەگەڕێتەوە ئەو کاتەی ئەمریکا عیراقی لە کویت وەدەرنا و وەک فریادڕەس کوردی پاراست لە قڕکردنێکی حەتمی،(جۆرج بوش) ناوێک ھێندەی ناوی ھەموو سەرکردە کوردیەکان ئاشنا بە خێزانی کوردی،

ساڵی 1991  ئەو قسەیەی زۆر لەسەر زاران بوو (بۆش بۆش بۆشەکە..کوانێ برنجە خۆشەکە)،دوای ساڵی 2003 و روخانی رژێمی بەعس لەسەر دەستی بوشی کوڕ،ئەم خۆشەویستیە گوازرایەوە بۆ ھەڵواسینی وێنەی (جۆرج دەبلیو بوش) یان بەرزکردنەوەی وێنەی ئەو لە کۆبونەوە گشتیەکان،سەردەمی ئۆباما بەدەر نەبوو لە گواستنەوەی ناوی ئۆباما بۆ خواردن و کەرەستەکان، بۆنمونە لە پێشانگای ئۆتۆمبێڵ تا نەڵێ ی سەیارەی ئۆباما کەس نازانێ کام جۆری سەیارەت مەبەستە،گوڵەبەڕۆژەی ئۆباما بەھەمان شێوە،

دوای ئۆباما ترەمپ وەک کارەکتەرێکی بزۆز و ناسراو بە رەفتاری نامۆ بوە جێگای سەرنج،لە شەقڵاوە (کەبابخانەی خاڵەترەمپ) ھەیە و لە قەزای سۆرانیش بەنزینخانەی ترەمپ ھەیە،ھەر ھۆکارێک بۆ ناولێنانی شوێن و کەرەستەکان بەبیری تۆدا دێت دەشێ وابێ، ئەمما بەردەوامی ئەم دیاردەیە، لەسادەترین تێگەیشتن، ئەم دوو خاڵە دەکرێ ھۆکارەکە بن،ھەستی خۆ بەکەم زانینە کاتێ ناوێکی دیار دەبێتە مایەی سەرسامی و دەپەڕێتەوە بۆ سەر تابلۆی دیوار و ناوی خۆراک،یانژی بۆ کەمەندکێشکردنی سەرنجی کڕیارە و بۆ برەودانە بەکاڵاکە،

ھەر کامیان بوو یان ئەوەی تۆ بیری لێ دەکەیەوە دەکرێ ببێتە کەرەستەی توێژینەوەیەکی ورد کە بەتەنھا ئەم لایەنە ناگرێتەوە،بەڵکو ناوی سەیر بۆ دوکان و خواردنگەکان دەشێ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵناسی لەسەر بکرێ،تۆش چیت لەیادەوەری لەسەر ئەم بابەتە ھەیە دەکرێ لە کۆمێنت بینوسی بە سوپاسەوە.

فە‌ھمی نە‌بی

ڕۆژنامە‌نووس

 

 

 

 

 

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button