په‌نابه‌ران

توركیا دووباره‌ سنوره‌كانی به‌ ڕووی كۆچبه‌ران ده‌كاته‌وه‌ (؟)

له‌ لێدوانێكدا، جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ كۆتایی مانگی 9دا، توكریا دووباره‌ سنوره‌كانی به‌ڕووی كۆچبه‌ران بكاته‌وه‌

 

جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، گیۆرگۆس كوموچاكۆس, له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ كه‌ناڵی سكای (Skai) یۆنانی ڕایگه‌یاند: نزیكه‌ی 15 ڕۆژ ده‌بێت، نزیك له‌ سنوری توركیا و یۆنان جوموجۆڵی كۆچبه‌ران هه‌یه‌ و به‌شێكیان خۆیان گه‌یاندۆته‌ ئێدیرنێی توركیا. سه‌ربازه‌كانی سه‌ر سنوری یۆنان له‌ ئاماده‌باشیدان بۆ هه‌ر ڕووداوێك.

جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ تا ئێستا هیچ كۆچبه‌رێك به‌ كۆمه‌ڵ ڕوویان له‌ سه‌ر سنوره‌كان نه‌كردووه‌ به‌ نایاسایی بگه‌نه‌ ناو خاكی یۆنان به‌ڵام ئێمه‌ ئاگاداری دۆخه‌كه‌ین و سنوره‌كانمان تووند كردووه‌ و هێزی زیاتر نێدراوه‌ته‌ سه‌ر سنوره‌كان بۆ پاراستنی زیاتر و ڕێگری گرتن له‌ هه‌ر ڕووداوێك یاخود لێشاوێكی دیكه‌ی كۆچبه‌ری نایاسایی.

له‌و باوه‌ڕه‌داین له‌ دوای 24ی سه‌پته‌مبه‌ر كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپایه‌ بۆ بڕیاردا له‌ سه‌ر سه‌پاندنی ئابلوقه‌ی ئابوری به‌ توركیا، به‌هۆی ئه‌و كاره‌ نایاساییانه‌ی دژی یۆنان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ده‌ریای ناوڕاست، توركیا سنوره‌كانی خۆی به‌ ڕووی كۆچبه‌ران بكاته‌وه‌ تاكو به‌كاریان بهێنێت بۆ جه‌خت كردن و هه‌ڕه‌شه‌ كردن له‌ یۆنان و یه‌كێتی ئه‌وروپا.

له‌ پرسیارێكی دیكه‌دا سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی سنوره‌كانی توركیا، به‌ڕێز كوموچاكۆس باسی له‌وه‌ش كرد، ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ئه‌ردۆغان ئه‌مجاره‌ ته‌نها له‌ سونری وشكانی نه‌وه‌ستێت به‌ڵكو له‌ ڕێی ده‌ریاشه‌وه‌ سنوره‌كانی بكاته‌وه‌.

كوموچاكۆس جه‌ختی له‌وه‌ش كرد، كه‌ یۆنان وه‌ك چۆن له‌ مانگی 3دا، ڕێگه‌ی نه‌دا یه‌ك كۆچبه‌ر ده‌ربازی ناو خاكی یۆنان بێت، به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌مجاره‌یش ڕێگری ده‌كه‌ن له‌ كۆچبه‌ری نایاسایی و سنوره‌كان ده‌پارێزن. وه‌ك چۆن مانگی 3 توركیا شكستی هێنا، بۆ جارێكی دیكه‌ شكس به‌ هه‌ر پلانێكی توركیا ده‌هێنین.

هێزی سه‌ربازی زیاتری یۆنانی ڕه‌وانه‌ی سه‌ر سنوره‌كانی یۆنان و توركیا ده‌كرێن

 

له‌ ماوه‌ی ڕابردوو، وه‌زیری پاراستنی هاوڵاتیانی یۆنان، له‌ په‌رله‌ماندا پرۆژه‌ی ته‌لبه‌ن كردنی سه‌ر سنوری یۆنان و توركیای ڕاگه‌یاند كه‌ تێچووی پرۆژه‌كه‌ ده‌گاته‌ 63 ملیۆن یۆرۆ. هه‌روه‌ها 400 كه‌سی دیكه‌ وه‌ك هێزی تایبه‌ت بۆ پاراستنی سنوری یۆنان و توركیا ڕه‌وانه‌ ده‌كرێن تاكو ته‌واوی سنوری وشكانی یۆنان پارێزراو بێت و له‌ ژێر چاودێریدا بێت.

پرۆژه‌ی ته‌لبه‌ن كردنی سنوری یۆنان و توركیا به‌ درێژایی 27 كیلۆمه‌تر، كه‌ 4 كۆمپانیای جیا جیای یۆنانی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، بڕیار وایه‌ تا مانگی 3ی 2021 ته‌واو بكرێت.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ماڵپه‌ڕی پشتی-نیوز، له‌ نێو ئه‌و 400 كه‌سه‌ی كه‌ وه‌ك هێزی ئه‌منی سنوره‌كانی یۆنان ده‌پارێزن، 15 كه‌سیان موسوڵمانن دانیشتووی باكوری یۆنانن له‌ ناوچه‌ی تراكین (Thraki)، بۆ هاوكاری كردنی هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی یۆنان. ئه‌وان به‌ گرێبه‌ستێكی تایبه‌ت وه‌رگیراون. هه‌روه‌ها كامێره‌ی چاودێری تایبه‌ت داده‌نرێن له‌ گه‌ڵ 3 سه‌نته‌ری چاودێری كردنی كامێره‌كان كه‌ 24 كاتژمێر ته‌واوی سنوره‌كان به‌ كامێره‌ی تایبه‌ت چاودێری ده‌كرێن بۆ هه‌ر جموجۆڵێكی كۆچبه‌ران به‌ره‌و ناو خاكی یۆنان.

وه‌زیری پاراستنی هاوڵاتیانی یۆنان، میخالیس خریسۆخۆئیدیس، له‌ سه‌ر پرۆژه‌ی ته‌لبه‌ندكردنی سنوره‌كانی وشكانی یۆنان ڕایگه‌یاند، له‌ دوای مانگی 3ی 2021, سنوره‌كانمان زۆر به‌هێزتر ده‌بن و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین كۆچبه‌ر نه‌توانێت سنوره‌كانمان به‌ نایاسایی ببه‌زێنێت.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button