
تەرمی ئەو دوو گەنجەی لە ئیتاڵیا بوونە قوربانی گەڕێندرایەوە هەرێم
تەرمی ئەو دوو پەنابەرە کوردەی لە مانگی ڕابردوودا کەوتنە ژێر هێڵی شەمەندەفەر گەڕێندرانەوە هەرێم، لێپرسراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپاش داوا لەحکومەت دەکات ئاوڕێک لەبارودۆخی گەنجان بداتەوە.
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ تەرمی بەهرۆز ئیسماعیلی تەمەن ۲۳ ساڵانی دانیشتووی حاجیاواو ڕاستی مەحمودی تەمەن ۲۰ ساڵانی دانیشتووی شارۆچکەی ڕانیە، کە شەوی ۲۲ لەسەر۲۳ـی مانگی ١٢ـی ساڵی ڕابردوو، لەڕێگای گەیشتن بەوڵاتی فەڕەنسا کەوتبوونە ژێر شەمەندەفەرێکەوە، لەڕێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەرێم و بەخاک سپێردران.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا بەکر عەلی لێپرسراوی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکانی ئەوروپا ڕایگەیاند” بەداخەوە جارێکی‌تر تەرمی دوو ڕۆڵەی سنوورەکە هێنراونەتەوە کە قوربانی کۆچکردنن، داوا لە حکومەتی هەرێم دەکەین ئاوڕێک لە هاوڵاتیان و بە تایبەت گەنجان بداتەوە، بۆ ئەوەی جارێکی‌تر گەنجان ڕێگای کۆچ نەگرنەبەر و و نەبنە قوربانی”.
پێشتر ماڵپەڕی پشتی نیوز دەربارەی چۆنیەتی ڕوداوەکە بڵاویکردبۆوە” بەهرۆز ئیسماعیل و ڕاستی مەحمود لەگەڵ چەند پەنابەرێکی دیکەی کورد کەژمارەیان له نێوان 18 بۆ 20 پەنابەری کوردبووە، له‌سه‌ر هێڵی ئاسنی شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ر كه 400 مه‌تر دوور بوون له ناوچه‌ی Quiliano-Vado (كویلیانۆ ڤادۆ) کە ١١ پهنابەریان له سه‌ر هێڵی شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌ره‌كه بوون به نیاز بوون به‌و شێوه‌یه بگه‌نه وڵاتی فه‌ڕه‌نسا و وایانزانیوە نزیكن له سه‌ر سنوره‌وه. به‌ڵام له ناكاودا شه‌مه‌نده‌نه‌فه‌رێك كه خێرایی زۆر بوو، خۆی پێداكێشان و له ڕووداوه‌كه‌دا 2 كورد گیانیان له ده‌ستدا و 9ی دیكه‌یش بریندار بوون”.
لەساڵی ٢٠٢٠دا ٣٤هەزار هاوڵاتی خەڵکی هەرێمی کوردستان داوای مافی پەنابەریان لەوڵاتانی ئەوروپا کردووە، چاودێرانیش قەیرانی دارای و نەبوونی هەلی کار بۆ گەنجان بەهۆکار دەزانن بۆ کۆچکردن.