په‌نابه‌ران

حكومه‌تی فینله‌ندا 5.000 یۆرۆ به‌ هه‌ر په‌نابه‌رێك ده‌دات كه‌ خۆی دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌

له‌ سه‌ره‌تای مانگی یانواری ئه‌مساڵه‌وه‌، ڕێژه‌ی دیپۆرت كردنی په‌نابه‌ران له‌ سه‌ر داوای خۆیان زۆر كه‌می كردۆته‌وه‌ و حكومه‌تی فینله‌ندایش به‌و مه‌به‌سته‌ بڕی پاره‌كه‌ی زیاد كرد و له‌ ئێستادا، هه‌ر كه‌سێك خۆی دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌ 5.000 یۆرۆ وه‌ر ده‌گرێت.

به‌رپرسی به‌شی دیپۆرت كردنه‌وه‌ی په‌نابه‌رانی وڵاتی فینله‌ندا، تاریا رانداله‌، له‌ رادیۆیه‌كی ئه‌و وڵاته‌ دا ڕایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی فینله‌ندا بریاری داوه‌، بۆ هه‌ر په‌نابه‌رێك كه‌ خۆی دیپۆرت ده‌كاته‌وه‌، له‌ جیاتی 2.500 یۆرۆ، 5.000 یۆرۆ وه‌ر بگرێت. ئه‌مه‌ش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ رێژه‌ی خۆ دیپۆرت كردنه‌وه‌ له‌ وڵاتی فینله‌ندا كه‌می كردووه‌ و ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ریش له‌و وڵاته‌ ڕه‌فزیان وه‌ر گرتووه‌.

به‌ پێی ماڵپه‌ڕی Yleی فینله‌ندی، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ بڕی 5.000 یۆرۆ وه‌ر ده‌گرن له‌ كاتی خۆ دیپۆرت كرنه‌وه‌، ده‌بێت هاوڵاتی عێراق و ئه‌ڤغانستان و سۆماڵیا بن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ دا، تاریا رانداله‌ ئه‌وه‌شی گوت:

ئه‌مانه‌وێت پاڵپشتی په‌نابه‌ران و كۆچبه‌رانی فینڵه‌ندا بكه‌ین و هاوكاریان بكه‌ین له‌ كاتی خۆ دیپۆرت كردنیانه‌وه‌. هه‌زاران كه‌س هه‌ن له‌م وڵاته‌ دا كه‌ كه‌یسه‌كانیان ڕه‌فز كراوه‌ و هیچ مافێكی مانه‌وه‌یان نیه‌ و مانه‌وه‌شیان له‌م وڵاته‌ زه‌ره‌رێكی زۆر به‌ حكومه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت.

هه‌روه‌ها رانداله‌ ده‌ڵێت كه‌ دووباره‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر كه‌یسه‌كانی په‌نابه‌ره‌كان، بودجه‌یه‌كی زۆری پێویسته‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌ڵام زیاد كردنی پاره‌ی دیپۆرت كردن ده‌توانێت هاوكاری په‌نابه‌ره‌كه‌ و حكومه‌تی فینله‌نداش ده‌كات. بۆ نمونه‌، مانه‌وه‌ی هه‌ر كۆچبه‌رێك له‌ كه‌مپێك دا، رۆژانه‌ 50 یۆرۆی پێویسته‌، واته‌ بۆ 100 رۆژ 5.000 یۆرۆ. وه‌ك ده‌بینن، مانه‌وه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ ڕه‌فزیان هه‌یه‌، زیانی مادی زیاتره‌ بۆ حكومه‌تی فینله‌ندا له‌وه‌ی كه‌ دیپۆرت بكرێته‌وه‌.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ماڵپه‌ڕی پشتی-نیوز له‌ ساڵی 2016 تا 2018 وڵاتی فینله‌ندا، 3,8 ملیۆن یۆرۆی داوه‌ به‌ 4,181 كۆچبه‌ر كه‌ خۆیان دیپۆرت كردۆته‌وه‌ له‌ هه‌مان كاتیش دا 1,5 ملیۆن یۆرۆی داوه‌ بۆ بلیتی فرۆكه‌ی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆیان.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button