کوردستان

حەمەی حاجی مەحمود: قاسم سلێمانی جێگای بەھەشتە

 

حەمەی حاجی مەحمود لە خامنەئی زیاتر بە پەرۆشە بۆ کوژرانی تیرۆریست قاسم سلێمانی!. هەموو شتێک سنوری هەیە، سیاسەتی پاراستنی هاوسەنگی و دبلۆماسیەتی پارتە کوردیەکانی پارچەکانی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان دەبێت سنوری بۆ دیاری بکرێت و پارچەکانی دیکەی کوردستان نەکرێنە قوربانی بەرژەوەندی پارچەیەکی کوردستان بەتەنیا. حەمەی حاجی مەحمود و هاوشێوەکانی لە باشور- هەرێمی کوردستان_عێراق بەتایبەتی لە دوای ئینتیفاضەی ٩١وە زۆر جاران ئەو سنورەیان بەزاندووە و هەوڵی لاوازکردنی شۆڕشی پارچەکانی دیکەی کوردستانیان داوە لەبەرامبەر دەوڵەتە داگیرکەرەکان ئەمەش بە شێوەی سیستماتیک و بە هاوکاری دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان بووە. لەسەر ئەو بابەتەش دەیان بەڵگەی ئیستخباراتی جێگای ئەسەف هەن و لە ئایندەی گۆڕانکاریەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئەو بەڵگە نامە ئیستخباراتیانە ئاشکرا دەبن.

کاکە حەمەی حاجی مەحمود؟؟؟ ئێوە بە چ ڕوویەکەوە بەو جۆرە پەرۆشی خۆتان بۆ فەرماندەیەکی تیرۆریست دەردەبڕن کەوا دەستی هەبووە لە دەیان پیلانی تیرۆریستی دژی شۆڕشگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وە دەستی سورە بە خوێنی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ئێران. خۆ ئەگەر یەک زەڕە لە سیاسەت سەرت دەرکردبا کە هیچی لێ حاڵی نیت بەداخەوە ئەوە ڕاستییەکی تاڵە وا دەڵێم، دەتتوانی بە جۆريکی دیکە وەڵامی ئەو سیخوڕە بە ناو ڕۆژنامەوانە بدەیتەوە.

پارت و لایەنە سیاسەکانی باشور ئاسایش و بەردەوامبوونی ئەو نیمچە دەسکەوتانەی کە بەدەستهاتووە لەو بەشەی کوردستان کە لە دەستوری عێراق بە هەرێمی کوردستان ناسراوە، دڵنیابن پەیوەستە بە هێز و ئیرادەی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. هەروەها لە ئایندەشدا هەر پارچەیەکی دیکەی کوردستان نیمچە ئازادی و سەربەخۆبوونێکی ئیداری وەربگرێت دیسان بەهەمان شێوە مانەوەی پەیوەستە بە هێز و ئیرادەی گەلی کورد لە پارچەکانی دیکەی کوردستان. جا باشترە بەخۆتانا بچنەوە و ئیدی درێژەدان بەو جۆرە سیاسەتە پڕ لە هەڵە ستراتیژیانە خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان ناکات و دەمان باتەوە بۆ دواوە.

لە سۆنگەی نەتەوەییمەوە/ بەهمەن حەسەن

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button