وتار

داخستنی کەناڵی “رێگا” چارەسەرە؟

داخستنی کەناڵی “رێگا” چارەسەرە؟
کارزان حەمید

یەکێک لەکێشەکانی راگەیاندنی حیزبی شیوعی کوردستان بەتایبەتی و شیوعی عێراق بەگشتی گرنگی نەدانە، بەدامەزراوەیەکیی میدیایی تۆکمەو فراوان، بۆ ئەوەی لەوێوە سەرجەم بۆچوون و تێروانینی و فەلسەفەی خۆی تێدا روون بکاتەوە.
لەماوەی رابردوو، دەنگوباس و هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی تاکۆتایی ئەمساڵ ” کەناڵی ئاسمانی رێگا”، بەشێوەیەکی یەکجاریی دابخرێت و، کۆتایی بەپەخشی خۆی بهێنێت.
گرنگترین هۆکاری پشت ئەو بڕیارە، قەیرانی داراییە، کەبەرۆکی کوردستان و حیزبی شیوعی “حشک” گرتووە.
من لەلایەک پشتگیری لەداخستنی ئەو کەناڵەو، سەرجەم هاوشێوەکانی دەکەم، لەلایەکی دیکەشەوە، ئازار دەچێژم کاتێک دەبینم بەهۆی گەندەڵیی و خراپی سیستەمی ئابووری و سیاسیی لەهەرێم، ڕەنگەکان خەریکە دەبنە یەک ڕەنگ و هاوشێوەی خۆی وەردەگرێت.
لەماوەی دروستبوونیەوە لە 30 حوزەیرانی 2013 تاوەکو ئەمرۆ، رێگا نەیتوانی بەشێوە گشتیەکەی خۆی ببێتە رێگایەک بۆ حیزبەکەی و تەنانەت بینەرانیشی.
نکۆڵی لەوە ناکرێت، کەکاری جوان و ناوازەشی پێشکەشکردو جێی دەستخۆشین، بەڵام دەکرا زۆر جوانترو کاریگەر تر بووایە.
یەکێک لەو کێشانەی لەراگەیاندن وسیستەمیی میدیایی حشک تێبینیم کردووە، کەپێم وایە پێش قەیرانی داراییەوە بێت “کێشەی کارگێری و سیستەمی کارکردنی دامەزراوە میدیاییەکانە”، کەزۆر جار کێشەی تێنەگەیشتن و، باوەڕنەبوون بەبۆچوونەکانی دروستکردووە.
ڕاگەیاندنی حشک لەگەڵ سەرهەڵدانی (میدیای ئازاد) و فراوانبوونی چاپکراو دامەزراوە میدیاییە سێبەرەکان، نەیتوانی خۆی لەچوارچێوە تەقلیدییە فەرمییەکانی دەربچێت و، بگرە زیاتر ئاراستە کلاسیکی و کۆنەکانی گرتەبەرو، بەرەو نێوخۆی چووەوە.
زۆر کات باسی سەردەمە زێرینیەکانی “ئازادی TV، رێگای کوردستان، رادیۆی ئازادی دەکرێت”، بەڵام بەبێ باس لەهۆکارو دەرئەنجامی داڕمانیان بکرێت.
سەرەڕای شانازییم بەکارکردنم لەو دامەزراوانە، بەڵام ناکرێت چاوپۆشی لەهەڵەو کەموکورتییەکانیشی بگرین.
ئەو میدیاییانە لەماوەی رابردوو نەتوانی خۆی لەگەڵ سەردەمی نوێ بگونجێنێت و، سوود لەتەکنەلۆژیا وەربگرێت، نەتوانیشی بەلایەنی کەمەوە لەرێگەی ریکلامەوە داهاتێکی بچووک دابین بکات.
دەبووایە حشک لەبری رۆژنامەیەکی تەقلیدی هەفتانەیی بڵاوکراوەیەکیی فیکری هەبووایەو، تێدا تیورەکانی مارکسیزم و چەپ وشیوعیەتی تێدا شیبکاتەوەو، بەروونی ڕەخنەو سەرەنج لەسەر پرسەکان بدات.
هاوکات لەبری رادیۆیەک تەنها گۆرانیی و چەند هەواڵێک پەخش بکات، دەیان بەرنامەو چاوپێکەوتنی لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئابووری هەرێم پێشکەش بکردبا.
بۆ بەشەکانی دیکەش بەهەمان شێوە.
کەچی لەبری هەوڵدان بۆ چارەسەر کردنی کێشەکان و دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ ئەو بابەتە بەشێک لەکادیرانی ڕاگەیاندنی حشک، داخستن بەباشترین وەڵام بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانیان دەزانن.
لەکۆتایشدا، تەنها ئەوەندە دەڵێم” لەسەردەمێک و قۆناغێک کارم لەرێگای کوردستان دەکرد، سەرنووسەرو ستافەکانی دەیان بیروکەو پرۆژەیان دەخستەروو و، توانیان جێگەو بابەتی نوێ بەخوێنەر بدەن، بەڵام ئەوانەی ئێستا سەرپەرشتیاری ئەو بەشەن، تەنها بیانوو هێنانەوە دەخەنە بەردەمت و، هەموو ئۆباڵەکەش دەخەنە ئەستۆی قەیرانی دادایی”، ئەمەش لەکاتێکدایە “دەیان چارەسەرو رێگاچارە هەیە”.
ئومێدەوارم بەداخستنی کەناڵی رێگا، کۆتا پرۆسەی بچووککردنەوەی دامەزراوە میدیاییەکان بێت، کەگوومانیشم هەیە تەنها لەوێ بووەستێ.
لەو باوەڕەم ماوەی داهاتوو، حشک بەیەکجاری خۆی بێدەنگ دەکات و، دەرگای سەرجەم میدیاییەکانی دادەخات.

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button