په‌نابه‌ران

دوو خێزانی كوردی ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن

به‌ مه‌به‌ستی دابه‌شكردنی په‌نابه‌ران، له‌ وڵاتی یۆنانه‌وه‌ دوو خێزانی كوردی هه‌ڵبژێردراون و ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن

 

وڵاتی یۆنان ڕێكه‌تووه‌ 1000 په‌نابه‌ر ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا بكات و له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2020ه‌وه‌ تا كۆتایی، 406 په‌نابه‌ر ڕه‌وانه‌ی ئه‌و وڵاته‌ كراون بڕیار وایه‌ تا هاوینی ساڵی 2021 نزیكه‌ی 600 په‌نابه‌ری دیكه‌ له‌ یۆنانه‌وه‌ به‌ فه‌رمی ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا بكرێن.

به‌ پێی ڕێكه‌وتنی یۆنان و فه‌ڕه‌نسا، له‌ نێو ئه‌م هه‌زار په‌نابه‌ره‌، 400 كه‌سیان داوای مافی په‌نابه‌ریان له‌ یۆنان كردووه‌، واته‌ هێشتا قبوڵی ئیقامه‌یان نیه‌. هه‌روه‌ها 500 منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ بێ دایك و باوك و 100 په‌نابه‌ریش كه‌ مافی په‌نابه‌ریان له‌ یۆنان وه‌رگرتووه‌.

دوو خێزانی كوردی (هه‌ولێر و زاخۆ) كه‌ له‌ ساڵی 2018ه‌وه‌ ڕوویان له‌ یۆنان كردووه‌ و له‌ ئێستادا دانیشتووی كه‌مپی دیاڤاتان له‌ شاری ساڵۆنیك هه‌ڵبژێردراون و به‌م زووانه‌ ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن.

وه‌ك تیمی ڕۆژنامه‌وانی پشتی-نیوز په‌یوه‌ندیمان كرد به‌و خێزانانه‌ تاكو بزانین چۆن هه‌ڵبژێردراون و بۆچی فه‌ڕه‌نسا یاخود حكومه‌تی یۆنان ئه‌م دوو خێزانه‌ كوردیه‌ی هه‌ڵبژاردووه‌.

خێزانی یه‌كه‌م كه‌ خه‌ڵكی هه‌ولێرن، ئافره‌تێك و 3 منداڵن، هاوژینه‌كه‌ی له‌ گه‌ڵدا نیه‌ و بێ سه‌رپه‌رشته‌. ئه‌وان مافی په‌نابه‌ریان له‌ یۆنان وه‌رنه‌گرتووه‌ به‌ پێی وته‌ی خۆشیان مانگی 6ی ساڵی 2022 چاوپێكه‌وتنیان بۆ دانراوه‌ له‌ یۆنان به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌، فه‌ڕه‌نسا ئه‌وانی وه‌رگرتووه‌.

له‌ پرسیارێكی پشتی-نیوزدا چۆن ئه‌وان وه‌رگیران، ئافره‌ته‌ كورده‌كه‌ كه‌ حه‌زی نه‌كرد ناوی خۆی ئاشكرا بكات وتی، كه‌ بێ ئاگا بوو، ناوی خۆی له‌ هیچ شوێنێك تۆمار نه‌كردبوو، له‌ مانگی 9ی 2020دا پێیان ڕاگه‌یاند كه‌ فه‌ڕه‌نسا ئه‌وانی هه‌ڵبژاردووه‌ و به‌م زووانه‌ ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن. له‌ مانگی 10ی 2020دا له‌ شاری ساڵۆنیك گواسترانه‌وه‌ بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك بۆ ئه‌سینا له‌ كۆنسوڵخانه‌ی فه‌ڕه‌نسا، چاوپێكه‌وتنێكی كورتیان ئه‌نجامدا و ناو و كه‌یسیان تۆمار كرا و پێیان ڕاگه‌یاند به‌م زووانه‌ ڕه‌وانه‌و فه‌ره‌نسا ده‌كرێن و كارتی بانكیان بۆ دروست ده‌كه‌ن و خانوشیان بۆ ئاماده‌ ده‌كه‌ن.

خێزانی دووه‌م، خه‌ڵكی زاخۆیه‌ و ئه‌وانیش له‌ كه‌مپی دیاڤاتان له‌ شاری ساڵۆنیكی یۆنان. ئه‌وان منداڵێكیان هه‌یه‌ كه‌ كه‌مئه‌ندامه‌ و پێویستی به‌ چاره‌سه‌ر كردن هه‌یه‌. ئه‌وانیش به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ حاڵه‌تێكی تایبه‌تدان، فه‌ڕه‌نسا ئه‌وانی قبوڵ كردووه‌ له‌ سه‌ره‌تای ساڵی 2021دا، ڕه‌وانه‌ی فه‌ڕه‌نسا ده‌كرێن.

به‌هۆی كرستمس و ئاهه‌نگی سه‌ری ساڵ تۆزێك كاره‌كانیان دواخرا به‌ڵام له‌ مانگی 1ی 2021دا، وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان، ده‌ست ده‌كات به‌ دابه‌شكردنی په‌نابه‌ران به‌ وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button