
بۆ مەڕاسیمی بەخاکسپاردنی تەرمی شێخ محەمەد کەسنەزانی سەدان موریدو دەروێش لەناوچە جیاوازەکانەوە هاتوون، شوێنکەوتوانی تەریقەتی قادریش داوا دەكەن شوێنكەوتوانی لەوڵاتانی ترەوە نەیەن بۆ پرسەکەی.
دوای گیان لەدەستدانی شێخ محەمەد شێخ عەبدول کەریم کەسنەزانی لەئەمریکا، ئەمڕۆ تەرمەکەی لە وڵاتی ئەمریكاوە بەڕێكراوە و لە رێگەی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە دەگاتەوە شاری سلێمانی، بۆئامادەبوون لەمەڕاسیمی بەخاکسپاردنیشی هەزاران دەروێش رژاونەتە شاری سلێمانی.
لەڕاگەیێندراوێکدا تەریقەتی قادری كەسنەزانی داوا لەموریدو شوێنکەوتووانی دەکات بەهۆی رێكارەكانی خۆپارێزی لەبڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دەروێش و خەلیفە و شوێنەكەوتوانی لەدەرەوەی وڵات سەردانی هەرێمی كوردستان نەكەن و هەركەسەو لەماڵی خۆی پرسە بگیڕێت“.
بەپێی زانیاریەکانی پشتی نیوز” دوای گەیشتنەوەی تەرمی شێخ محەمەدی کەسنەزانی لە شاری سلێمانی لەنێو تەکیەکەی خۆی بەخاک دەسپێردرێت، لەشوێنی بەخاکسپاردنەکەیشی لەسەر لافیتەیەکی گەورە لەشوێنی بەخاک سپاردنی وێنەی شێخی کەسنەزانی و شێخ نەهرۆی کوڕی داندراوە“.
هەروەها لەسەر لافیتەکەدا وەسیەتی شێخ بۆ شوێنکەوتووانی نوسراوە کە شێخ نەهرۆی وەک جێگرەوەی خۆی داناوە: ئەو رێنوێنییانەی لە شێخ نەهرۆوە دەردەچن، بەمانای رێنوێنی لە خودی شێخەوە دێت، چونکە ئەو کوڕی گەورە و وەکیلی شێخە، هیچ کەسێک نوێنەرایەتی تەریقەتەکەی ناکات لە پاش شێخ ، جگە لە شێخ نەهرۆ. شیخ نەهرۆ پشتیوان بە خوا داهاتووی ئێوەیە و جگە لەو ئێوە هیچ شێخێکی دیکەتان نییە.
لە ٤ـی تەممووزی ئەم مانگە شێخ محەمەد کەسنەزانی ڕێبەڕی تەریقەتی کەسنەزانی کە شوێنکەوتووی لە ٩٢ وڵاتی جیهاندا هەیە لەتەمەنی ٨٢ ساڵیدا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەهۆی نەخۆشیەوە کۆچی دواییکرد.