په‌نابه‌ران

سوپاسنامه‌یه‌ك له‌ لایه‌ن كه‌سوكاری مێهری نه‌بیزاده‌وه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی كه‌ هاوكاریان كردوون

كه‌سوكاری مێهری نه‌بیزاده‌، ئه‌و ئافره‌ته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كه‌ له‌ ڕۆژی 14/6/21 له باكوری یۆنان له‌ كۆتی كۆچكردنیدا، دڵی ڕاوه‌ستا و گیانی له‌ ده‌ستدا، سوپاسنامه‌یه‌كیان بڵاو كردۆته‌وه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ تا ئێستا هاوكاریان كردوون چ له‌ ڕووی مادی چ له‌ ڕووی مه‌عنه‌ویه‌وی.

ده‌قی سوپاسنامه‌كه‌

سوپاسنـــامە

ھەرچەندە لە دەست دانــی گیانی ئازیزان ھێندە بەژان و جەرگبڕە کە لە وەسف کردن نایە و کەلێنێکی ھێندە گەورەیە کە پڕ بوونەوەی گەلێک دژوار و ئەستەمە. ئێمەش وەکو بنەماڵەی نەبیزادە و ئیبڕاھیم نه‌ژاد بە ھۆی ئەو کۆستەی بەسەرماندا ھات و جگەرگۆشەکەمان لە ڕێگا نێوان تورکیە و یونان بە ھۆی ماندوویەتی لە ڕادەبەدەر دڵی شەیدای ژیانی لە لێدان کەوت کیژۆڵەکانی بە بێنازی جێھێشت و لە ئامێزی ھاوژینەکەی دا دوا ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد و بۆ ھەمیشە چاوە چاوەڕوانەکانی لە سەر یەک دانان.

ماڵ ئاوایی خاتوو مێھری کەلێنێکی گەورەی خستە نێو دوو بنەماڵە و ئازیزانی چاو بە فرمێسک و دڵەکانی پڕ لە خەم کرد. ئەم کۆچە ناوەختە کۆستەکەی ھەر بۆ دوو بنەماڵە نەبوو، بەڵکو ھەر کوردێک لە ھەر گۆشەو قوژبنێکی ئەم جیھانە پان و بەرینە ھەواڵی مەرگی ناوەخت و وێنەی مێھری جگەرگۆشەمان دیبــێ ناخی ھەژاوەو بەھەر شێوەیەک کە بۆی کرابێ ھاودەردی لە گەڵ ئێمە دەربڕیوە. بە ناوی بنەماڵەکانمان سپاسی ھەموو خەڵکی کوردستان چ ئەوانەی لە ناوخۆی کوردستان و چ ئەوانەی پەڕیوەی ھەندەران و قاڕەکانی جیھان بوون ، دۆستان و ئاشنایانمان خەڵکی خەمخۆر و بە دەنگەوە ھاتوومان دەکەین کە لەو ماوەیەدا چ بە تەلەیفوون کردن، بە نووسینی پەیامی سەرەخۆشی ھاودەرد و شەریکە بەشی خەممان بوون.

ئەوەی کە لە ھەمووی گرینگتر و جێی پێزانین و سپاسی ئێمەیە ئەوەیە کە لەو ماوەیەدا خۆشەویستانمان دەستێکی ھاوکاری بەربەرینیان درێژ کرد بۆ ناردنەوەی تەرمی جگەرگۆشەکەمان بۆ باوەشی ئێمە و زێدی خۆی کە نازانین بە چ زمانێک و بە چ شێوەیەک سپاسی ھەمووی ئەو خەمخۆر و بەڕێزانە بکەین کە لە ھەموو وڵاتانەوە ھاوکارمان بوون و باری قورسی دارایی سەر شانی ئێمەیان سووک کرد. ھیواخوازین خەم و ناڕەحەتی ھیچ کام لە ئێوە ھێژا نەبینین و مەرگی خۆشەویستانتان نەبێتە تەمی ناڕەحەتی سەر بنەماڵە و کەس و کار و خۆشەویستانتان. بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە بنەماڵەی نەبیـــزادە بنەماڵەی ئیبڕاھیم نـــژاد

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button