
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیەنێت، گۆڕان و كۆمەڵ و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەری پەیامێك بۆ چارەسەری ئەم دۆخە بڵاودەكەنەوە. عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان كۆبونەتەوە، كە تێیدا گفتوگۆكرا دەرباری بارودۆخی كوردستان و ئەو بەڵا گەورەیەی، كە بەسەر كوردستاندا هاتووە و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، كە بەڕای شەخسی و حزبی بوو.
باسیلەوەشكرد، تاووتوێی بارودۆخەكەمان كرد، بەتایبەت سبەینێ، كە پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە. وتیشی، “لەم كۆبونەوەدا گفتوگۆمان كرد، كە كارێك بكەین زەرە لەنیوە بگەڕێتەوە و ئەو بەڵایەی بەسەر میللەتدا هاتووە، تەنانەت ئەگەر تەواویش نەبێت، سوك بكرێت”.
عەلی باپیر دەشڵێت: “بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و دادپەروەریش، بەناوی هەر سێ لایەنەكەوە دەمانەوێت پەیامێك بڵاوبكەینەوە، كە دواتر ئەنجامەكەی دەبینرێت”. ئەمە لەكاتێكدایە پشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دوو شەممە كۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی بەڕێوەچوو، بزوتنەوەی گۆڕان بە وەفدێكی باڵا بەسەرپەرشتی عومەر سەید عەلی، ڕێكخەری گشتی سەردانی بارەگای سەرەكی كۆمەڵی ئیسلامی كرد.
ئەم دوو حزبە لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا سێهەمین جارە لەئاستی باڵا بەئاشكرا كۆدەبنەوە.ئامانج لەسازدانی ئەم زنجیرە كۆبوونەوانە باسكردنە لە چۆنیەتی دامەزراندنی حكومەتێكی ڕزگاری نیشتیمانی. هەردوو حزب پڕۆژەیەكی هاوبەشیان بۆ دامەزراندنی حكومەتی ڕزگاری نیشتیمانی و هەڵوەشانددنەوەی حكومەتی ئێستا ئامادەكردووە، كە تێیدا میكانیزمەكانی چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە دیاری دەكەن.
ئەمە لەكاتێكدایە لەدوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هێزە هاوبەشەكانی عیراق هێرشیان كردە سەر ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و خستیاننەوە ژێر دەسەڵاتی خۆیان. ئەم دوو حزبە بەڕوونی داوای دواخستنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان لەئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم كرد، بەبیانوی ئەوەی دۆخەكە گونجاو نییە، بەڵام ڕای ئەمان بەهەند وەرنەگیرا.