كۆنسولخانهكان له ههرێمی كوردستان پێكوتەی ڤایزەر دەكەنە مەرجی پێدانی ڤیزەو چەند جۆرێکیش رەتدەکەنەوە
هەرچەندە بڕیاربوو ئەو كەسانەی كە دوو ژەم ڤاكسین وەردەگرن، بە ئاسانی گەشت بكەن و ڤیزەی وڵاتان وەربگرن، بەڵام چەند كونسوڵگەرییەك ئەو پرۆسەیە مەرجدار دەكەن و دەڵێن، ڤیزە بەو كەسانە نادرێ كە پێكوتەی ئەسترازینكا یان یان سینۆفارمیان وەرگرتووە. وەزیری تەندروستی حكوومەتیش هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیە دەدات. ئهمڕۆ یهكشهممە چهند هاووڵاتییهك بە”پشتی نیوز”یان ئاگادار كردهوه كه لەكاتی پێشكهشكردنی داواكاری بۆ تۆمارکردنى ناویان بۆ وەرگرتنى ڤیزەی ئهڵمانیا مامەڵەکانیان لێ وەرنەگیراوە چونکە ڤاکسینى ڤایزەریان وەرنەگرتووە.
دكتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە “پشتی نیوز“ی ڕاگەیاند، ڤیزەڤاكسینیان بۆ ئەو هاووڵاتییانە دروست كردووە كە دوو ژەم ڤاكسینیان وەرگرتووە و بەنیازن گەشت بكەن، مەبەست لەوە ئەوەیە كە روون بێ ئەو كەسە دوو ژەم ڤاكسینی وەرگرتووە. ئەو ڕوونیشی كردەوە كە لە سەرەتای ئەم مانگەوە هەریەك لە كونسوڵگەرییەكانی ئەڵمانیا و فەڕەنسا رایانگەیاندووە، ڤیزە بەو كەسانە نادرێ كە ڤاكسینی چینی و ئەسترازینكایان وەرگرتووە، چونكە ئەوە لای ئەوان دانپێدانراو نییە.
نووسراو بۆ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە كراوە تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە ئێستە لە هەوڵی چارەسەری ئەو كێشەیەدایە دەڵێ، نووسراو بۆ فەرمانگەی پێوەندییەكانی دەرەوە كراوە تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و لەگەڵ كونسوڵگەرییەكاندا هەماهەنگی بكەن. عەبدولخالق محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ “پشتی نیوز” گوتی، ئێمە ئاگادارین کە کونسوڵگەرییەکان مەرجى پێدانى ڤیزەیان بەستۆتەوە بە وەرگرتنى دوو ژەم ڤاکسین.
هاوکات کونسوڵگەرى گشتى ئەڵمانیا مەرجى ئەوەیە ئەو کەسە دەبێ ڤاکسینى ڤایزەرى وەرگتبێت، کونسوڵگەرى گشتى فەڕەنساش داوا لە هاووڵاتییان دەکەن مامەڵەی وەرگرتنی ڤیزە نەكەن ئەگەر ڤاكسینی رێپێدراویان وەرنەگرتبێت کە یەکێتى ئەوڕوپا دانیپیدانابێت کە تێیدا مەبەستى تەنها چوار جۆر ڤاکسینەو بریتین لە بایۆنتیک ڤایزەر، ئەسترازینیکا (دروستکراوى ئەوڕوپا)، مۆدێرنا، جۆنسن ئاند جۆنسن.
رێکارەکانى کونسوڵگەرییەکان پەیوەندیى بە یاساو رێنمایی وڵاتى خۆیانەوە هەیە کە لە دەستەى دەرمانسازى ئەوروپا سەرچاوەى گرتووە. ئەوە لەكاتێكدایە كە ئێستا بەشێك لە كونسوڵگەرییەكان دەستیان بە پێدانی ڤیزە بۆ هاووڵاتییان كردووە، بەڵام ئەمساڵ مەرجی جیاوازیان جێگیر كردووە.
هەولێر/ فەیسەڵ شێخانی