په‌نابه‌ران

له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا به‌هۆی دیپۆرت كردنی په‌نابه‌ران 2.000 كه‌س گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌

له‌ ساڵی 2020ه‌وه‌ تا ئێستا زیاتر له‌ 40.000 په‌نابه‌ر دیپۆرتی توركیا كراون

 

به‌ پێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامه‌ی The Guardianی به‌ریتانیا، له‌ ساڵی 2020ه‌وه‌، وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا زیاتر له‌ 40.000 په‌نابه‌ریان به‌ شێوه‌یه‌كی نایاسایی دیپۆرتی توركیا كردوونه‌ته‌وه‌. سه‌ربازانی سه‌ر سنور و هێزی Frontex، كاری تووندوووتیژیان به‌كار هێناوه‌ به‌رامبه‌ر به‌ په‌نابه‌ران و به‌ نایاسایی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ریان دیپۆرتی توركیا كردوونه‌ته‌وه‌. ئه‌وه‌ش بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی 2.000 په‌نابه‌ر له‌ كاتی دیپۆرت كردنیان، گیانیان له‌ ده‌ست بده‌ن.

به‌ پێی ئاماره‌ فه‌رمیه‌كانی ڕێكخراوی IOM، ته‌نها له‌ ساڵی 2020دا زیاتر له‌ 100.000 په‌نابه‌ر ڕوویان له‌ وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا كردووه‌

ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی Guardianی به‌ریتانیا ده‌ڵێت، وڵاتانی یۆنان و كرۆاتیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ماڵتا، بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر ده‌ده‌ن به‌ یه‌ختی ئه‌هلی و كه‌سانی نه‌ناسراوه‌ تاكو ڕێگری بكه‌ن له‌و یه‌ختانه‌ی ڕوو له‌ وڵاته‌كانیان ده‌كه‌ن.

ته‌نها ڕێكخراوی DRC دانیمارك له‌ ساڵی 2020دا 18.000 دیپۆرت كردنی نایاسایی له‌ كرۆاتیاوه‌ تۆمار كرد و ڕۆژنامه‌ی The Guardianی به‌ریتانیا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ پۆلیسی كرۆاتیا تووندووتیژی و ده‌سدرێژی سێكسی، دزی كردنی به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران به‌كار هێناوه‌.

له‌ هه‌مان كاتدا وڵاتی یۆنانیش تۆمه‌تباره‌ به‌ دیپۆرت كردنی نایاسایی كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران. به‌ پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامه‌ی به‌ریتانیا، چێندین جار پۆلیس و سه‌ربازی سه‌ر سنوری یۆنان و توركیا، تووندووتیژیان به‌رامبه‌ر كۆچبه‌ران به‌كار هێناوه‌ و پاره‌ و كه‌لوپه‌لیان لێ دزیون و به‌ نایاسایی دیپۆرتی توركیایان كردوونه‌ته‌وه‌.

13 ڕێكخراوی ناحكومی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ده‌یان به‌ڵگه‌ هه‌یه‌ كه‌ هێزی ده‌ریاوانی یۆنان، سه‌دان كۆچبه‌ری له‌ ده‌ریای ئیجه‌ به‌ نایاسایی دیپۆرتی توركیا كردۆته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت فیشه‌كیان ئاراسته‌ی ئاسمان كردووه‌ تاكو كۆچبه‌ره‌كان بترسێنن و ڕێگریان لێ بگیرێت ڕوو له‌ ئاوی یۆنان  نه‌كه‌ن.

مانگی 10ی 2020، ئاژانسی EUobserver  چه‌ندین به‌ڵگه‌نامه‌ی بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ هێزی Frontex له‌ گه‌ڵ سه‌رباز و هێزی ده‌ریاوانی یۆنان به‌ هه‌ماهه‌نگی ڕێگریان له‌ كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر كردووه‌ له‌ كه‌نار ئاوه‌كانی توركیا بگه‌نه‌ ئاوی یۆنان، ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ حكومه‌تی یۆنان داوای له‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كردووه‌ هه‌ر كۆچبه‌ر و په‌نابه‌رێك ده‌ستگیر بكه‌ن، ڕاسته‌وخۆ به‌ نهێنی دیپۆرتی توركیایان بكه‌نه‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: The Guardian, Daily Sabah, Al Jazeera

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button