په‌نابه‌ران

له‌ ڕووداوێكی هاتووچۆدا 7 كۆچبه‌ری نایاسایی گیانیان له‌ ده‌ستدا

دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو له‌ باكوری یۆنان، 12 كۆچبه‌ر له‌ نێو ئۆتۆمبیلێكدا تووشی ڕووداوێكی هاتووچۆ بوون

دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو، ئۆتۆمبیلێك به‌ 12 كۆچبه‌ری نایاسایی، له‌ سه‌ر سنوری توركیا و یۆنان به‌ڕێكه‌وت به‌ره‌و شاری ساڵۆنیك به‌ڵام له‌ ئۆتۆبانی شاری ئالێكساندروپۆلی تووشی ڕووداوێكی هاتووچۆ بوون و له‌ ڕوواوه‌كه‌دا 7 كۆچبه‌ر گیانی له‌ ده‌ست دا و 5 كه‌سیش به‌ سه‌ختی بریندار بوون.

به‌ پێی زانیاریه‌كانی ماڵپه‌ڕی Pishti-News, شۆفێری ئۆتۆمبیله‌كه‌ سورعه‌تی زۆر زیاد كردبوو، كاتێك نزیكی ناوچه‌ی ئاردانیۆ سه‌ر به‌ شاری ئه‌لێكساندروپۆلی ده‌بێت، به‌ هۆكارێكی نادیار كۆنترۆڵی ئۆتۆمبیله‌كه‌ له‌ ده‌ست ئه‌دات و ئۆتۆمبیله‌كه‌ وه‌رده‌گه‌ڕێت.

پۆلیس و ئامبوڵانس و تیمی ئاگر كوژێنه‌وه‌ی ئه‌لێكساندروپۆلی له‌ لایه‌ن شۆفێرێكی یۆنانی كه‌ نزیكی ڕووداوه‌كه‌ بوو، ئاگادار كرانه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌. به‌ پێی بڵاو كراوه‌ی تیمی ئاگر كوژێنه‌وه‌ی یۆنان، كاتێك ده‌گه‌نه‌ شوێنی ڕووداوه‌كه‌، 10 كۆچبه‌ریان له‌ نێو ئۆتۆمبیله‌كه‌ ڕزگار كرد كه‌ 8 كه‌سیان بێهۆش بوون. دوو كۆچبه‌ری دیكه‌ چه‌ند مه‌ترێك دووری ئۆتۆمبیله‌كه‌ دۆزرانه‌وه‌، دیاره‌ له‌ كاتی ڕووداوه‌كه‌دا، له‌ ئۆتۆمبیله‌كه‌ په‌ڕیون.

تا ئێستا، 7 كۆچبه‌ر گیانیان له‌ ده‌ستداوه‌ و 5 كه‌سیان ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لێكساندروپۆلی كراون و دووانیان به‌ سه‌ختی بریندارن .

وه‌ك تیمی ڕۆژنامه‌وانی پشتی-نیوز په‌یوه‌ندیمان كرد به‌ به‌رپرسی نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌لێكساندروپۆلی بۆ وه‌رگرتنی زانیاری زیاتر له‌ سه‌ر كۆچبه‌ره‌كان، ئه‌و پێی ڕاگه‌یاندین كه‌ ڕووداوه‌كه‌ هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ سه‌ر ده‌كرێت و دوو كۆچبه‌ر به‌ سه‌ختی بریندار بوون. هێشتا به‌ ته‌واوی ناتوانین زانیاری ته‌واو بده‌ین به‌ میدیاكان.

له‌ هه‌مانكاتدا، وته‌بێژی پۆلیسی كۆمۆتینی به‌ پشتی-نیوزی ڕاگه‌یاند: پزیشكه‌كان له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كۆچبه‌ره‌كاندان و ڕێگه‌مان پێناده‌ن هیچ لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ین. ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ یاخود سبه‌ینێ، لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ كۆچبه‌ره‌ ڕزگار كراوه‌كان بكه‌ین و ئه‌وكات زانیاری ته‌واوتان پێ ڕاده‌گه‌یه‌نین.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)
به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News
زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button