وتار

لەپشتی ڕیفراندۆمەکەی دوێنێوە چی گوزەرا؟ تارماییەکان چی بوون؟

لەپشتی ڕیفراندۆمەکەی دوێنێوە چی گوزەرا؟ تارماییەکان چی بوون؟

١- ئێران گوشاری بۆ سەر تورکیا هێنابوو کە بەسوود وەرگرتن لە ڕێکەوتنی ساڵانی پێشووی لەگەڵ عێراقدا کە( سوپاکەی ئەو مافەی هەیە بەبێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی عێراق، تا ٧٠ کیلۆمەتر بێتە ناوخاکی عێراقەوە) ئێران دەیویست بەبیانووی “ڕاوەدونانی تیرۆر” لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلول لەشکرکێشی هاوبەش بکەنە سەر سنوورەکانی باشوور و ترس و تۆقان دروست بکەن و پرۆسەکە پەکبخەن!

٢- حکومەتی عێراقی کارمەند و ستافی تایبەتی بۆ دەروازە سنورییە وشکانییەکانی باشووری کوردستان ئامادە کردبوو کە پاش لەشکرکێشی ئەو دەوڵەتانە، ئەو دەروازانەی ڕادەست بکرێت و کۆنترۆڵیان بکەن!

٣- حەشدی شەعبی ئیعازی ئێران و مالکی وەرگرتبوو کە هێرش بکەنە سەر کەرکوک و بەمەش پێشبینی نەتەوەیەکگرتووەکان بهێننە دی کە ترسی ئاڵۆزییان نیشاندابوو لە ریفراندۆمەکەی هەرێم، بەڵام لەلایەن دەوڵەتێکی زلهێزەوە هەڕەشەیان لێ کرابوو کە سنوور نەبەزێنن و ئاڵۆزی دروست نەکەن، بەمەش پیلانەکەیان هەڵوەشایەوە. تەنانەت هەڕەشەیان لێکرابوو کە لەئەگەری هێرشدا، فڕۆکەی جەنگی پاڵپشتی پێشمەرگە دەکات!

٤- هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و تەنانەت پەکەکەش لەوپەڕی ئامادەباشیدابوون.

تورکیا لەترسی ئەوەی سەرجەم بەرژەوەندییەکانی لەباشوور نەکەوێتە ژێر مەترسی و ئاکپارتیش کە حیزبەکەی ئەردۆغانە، لەترسی لەدەستنەدانی دەنگی کوردەکانی باکور لە هەڵبژاردنی ساڵی ئایندەدا، قایل بە وەها پلانێک نەببوو! لەلایەکی تریشەوە لەترسی هاوسۆزنەبوونی پەکەکە و کرانەوەی دەروازەی ڕۆژئاوای کوردستان و کەداخستنی دەروازەکانی ئەوی بێ ئەهمییەت دەکرد و هاوکاتیش لەترسی هاوسۆزبوونی شارەکوردییەکانی باکور بۆ باشوور(لەم سەروبەندی هەڵبژاردنانەی تورکیا)دا، خۆی لەو پیلان و گوشارانەی ئێران دزیبووەوە!

ئێرانیش کە یەکلایەنە وەها پیلانێکی جێبەجێ نەکرد بوو، لەلایەک لەترسی ئاڵۆزی شارە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات کە خۆیان بە (هرج و مرج) ناوی دەبەن و لەلایەکی تریشەوە، متمانە نەبوونیان بە تورکەکان لەوەی کە درۆدەکەن و تەواوی دەرگاکانی باشووری کوردستانیان پێ لەدەست دەدەن و خۆیان بازاڕی هەرێمەکە کۆنترۆڵ دەکەن، هەربۆیە لەپیلانەکەیان پاشگەز ببوونەوە و لەپاش پرۆسەی ریفراندۆمیش، ئێستا شان بەشانی تورکیا، کێبڕکێیانە کە گوتارەکانیان دژ بە ئەنجامی ڕیفراندۆم و دەسەڵاتی باشووری کوردستان نەرم بکەنەوە، پێشبینییەکانی ئایندەش بەوجۆرەن کە عەبادیش نەرم نەرم دەبێتەوە و تەنیا حەشدی شەعبی لە بازنەی دژەکاندا، بەتەنیا دەمێنێتەوە!!

بەرزان علی حمە

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button