
بەهۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ لە ناوەڕاستی مانگی مارس ٢٠٢٠وە تاوەکو ٢٨مانگی ئابریل چاوپێکەوتنی کەیسی پەنابەران لە فەرمانگەی پەنابەرانی هۆڵەندا ڕاگیراوە.
بڕیاری ڕاگرتنی چاوپێکەوتنی کەیسی پەنابەران لە هۆڵەندا زیاتر پەناخوازانی لە کەمپەکان تووشی ترس و دڵەڕاوکێ کردووە و ڕێژەیەکی زۆر کە بە هەزاران پەنابەر دەخەمڵێندرێن ماوەی ساڵێک تا دوساڵە لە کەمپەکانی هۆڵەندا لە چاوەڕوانی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانیان دەکەن.
لالش ناوێکی خوازراوی پەنابەرێکی ئێزیدیە کە لە ترسی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش هەڵهاتووە بە “پشتی نیوزی ڕاگەیاند: من ماوەی نزیکەی ساڵ و نیوێکە لە یەکێک لە کەمپەکانی هۆڵەندا چاوەڕێ ئەوە بووم پێش کۆتای مانگی مارس چاوپێکەوتنی کەیسەکەم لەگەڵ بکرێت لە فەرمانگەی پەنابەران بەڵام ڤایرۆسی کۆڤید-١٩ چاوپێکەوتنەکەی دواخستین.
ئەو پەنابەرە ئێزیدیە بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی سێ منداڵ و هاوسەرەکەی بۆ (پشتی نیوز”گێڕایەوە و وتی ئەوان لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بەجێم هێشتوون و هەموو ڕۆژێک تەلەفۆنم بۆ دەکەن و پێم دەڵێن کەی ئەمان بەیت بۆ هۆڵەندا. لالش هیوادارە هەرچی زووە فەرمانگەی پەنابەرانی هۆڵەندا دەستبکاتەوە بە ڕاییکردنی کارەکانی پەناخوازان و چاوپێکەوتنی کەیسەکان تاوەکو چارەنوسی بەدیار بکەوێت و بتوانێت جارێکی دیکە بە سێ منداڵ و هاوسەرەکەی شادبێتەوە. بەپێی نوێترین زانیاری کە لە زاری بەرپرسانی فەرمانگەی پەنابەرانی هۆڵەندا بڵاوبووەتەوە: بڕیارە لە حەفتەکانی داهاتوودا چاوپێکەوتنی کەیسی پەنابەران دستپێبکاتەوە بەڵام بەگۆڕانکاریەوە. گۆڕانکاریەکەش چاوپێکەوتنی ڕووبەڕوو دەگۆڕدرێت بۆ شێوازی (ڤیدیۆ کۆنفرانس).
بە گوتەی بەرپرسانی فەرمانگەی پەنابەرانی هۆڵەندا ئەم ڕێکارە نوێیە بۆ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی کەیسی پەنابەران لە پێناو پاراستنی سەلامەتی تەندروستی هەموو لایەکە هەم کارمەندانمان هەمیش ئەو پەنابەرانەی کە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجامدەدەدرێت تاوەکو لە مەترسیەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا خۆمان بپارێزین و پابەندی ڕێنمایە تەندروستیەکان بین.
ئامادەکردنی ڕاپۆرت: بەهمەن حەسەن