په‌نابه‌ران

ماڵتا درگای خۆی له‌ په‌نابه‌ران داده‌خات

سه‌رۆك وه‌زیرانی ماڵته‌, جۆزێف موسكات (Joseph Muscat) له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا رایگه‌یاند:

”قه‌ت رێگه‌ ناده‌م به‌ كه‌س ماڵته‌ بكات به‌ سه‌نته‌ری په‌نابه‌ران. ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش كه‌ له‌ ده‌ریای ناوڕاست رزگار ده‌كرێن و ژیانیان له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت، هاوكاریان ده‌كه‌ین و رزگاریان ده‌كه‌ین، به‌ڵام ماڵته‌ نابێته‌ سه‌نته‌ری راگرتنی په‌نابه‌ران و لێكۆلینه‌وه‌ له‌ سه‌ر مافی په‌نابه‌رێتیان. هه‌روه‌ها ڕێگه‌یش به‌ كه‌س ناده‌ین مه‌سولیاتمان بخاته‌ سه‌ر.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ماڵته‌ له رادیۆیه‌كدا كه‌ سه‌ر به‌ حیزبه‌كه‌ی خۆیه‌تی، ئاشكرای كرد، كه‌ وڵاته‌كه‌ی كێشه‌ی هه‌یه‌ له‌ گه‌ڵ ئیتاڵیا، چونكه‌ ئه‌وان (ئیتاڵیا) ده‌یانه‌وێت به‌ زۆر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ وه‌ر بگرین كه‌ له‌ ئه‌فریقاوه‌ له‌ ده‌ریای ناوڕاست ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌ .

رۆژی یه‌كشه‌مه‌ جۆزێف موسكات، ئه‌وه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌ كه‌ ئیتاڵیا تۆمه‌تباری كردبوو كه‌ پێشێلكاری یاسای مافی مرۆڤی كردووه‌ و وتی كه‌ ماڵته‌ هه‌موو ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ رزگار ده‌كات كه‌ ژیانیان ده‌كه‌وێته‌ مه‌ترسیه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر مه‌ترسیان نه‌بێت و پێویستیان به‌ هاوكاری نه‌بێت، ئێمه‌ ده‌ستمان گیراوه‌، ناتوانین هه‌روا په‌نابه‌ر وه‌ر بگرین به‌ تایبه‌تی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ش كه‌ مه‌به‌ستیان نیه‌ روو بكه‌نه‌ ماڵته‌.

له‌ كۆتاییدا، جۆزێف موسكات، ئه‌وه‌شی وت: حكومه‌تی ئیتاڵیا سیاسه‌تێكی توندڕه‌وی به‌ كار ده‌هێنێت به‌رامبه‌ر به‌ په‌نابه‌ران، ده‌ڵێن كه‌ په‌نابه‌ر وه‌ر ناگرن. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر وڵاتێكی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا په‌نابه‌ر وه‌ر نه‌گرێت، ئێمه‌یش وه‌ك ماڵته‌، ڕێگه‌ ناده‌ین هیچ باخیره‌یه‌ك نزیكی میناكانمان بێته‌وه‌.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button