کوردستان

نێچیرڤان بارزانى و بۆریس جۆنسۆن گرژییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

نێچیرڤان بارزانى و بۆریس جۆنسۆن گرژییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق تاوتوێ ده‌كه‌ن


شه‌وى ڕابردوو یه‌كشه‌ممه ‌29/10/2017 له‌ په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، به‌ڕێز بۆریس جۆنسۆن وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا پشتگیریى خۆى و وڵاته‌كه‌ى بۆ مافه‌كانى گه‌لى كوردستان له‌ چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عیراقدا دووپات كرده‌وه‌ و پێشوازى له‌ خواستى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌پێناو ڕاوه‌ستاندنى جموجۆڵه‌ سه‌ربازییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان کرد.

 

به‌ڕێز جۆنسۆن هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ هانى به‌ڕێز حه‌یدر عه‌بادى، سه‌رۆك‌ وه‌زیرانى عیراقى داوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان ده‌ست به‌ گفتوگۆ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق بكات و كاتێك بۆ ده‌سپێكردنى دیالۆگ دیارى بكرێت و چاره‌سه‌رێكى به‌په‌له‌ بۆ كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان هه‌ولێر به‌غدا بدۆزرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ستایشى ڕۆڵى جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى له‌ شه‌ڕى دژى داعش و خزمه‌تكردنى گه‌لى كوردستان و ڕۆڵى جه‌نابیان له‌ بنیاتنانى عیراقى تازه‌دا، كرد.

 

لاى خۆیه‌وه ‌به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هاوكارییه‌كانى به‌ریتانیاى بۆ هه‌رێمى كوردستان و پشتگیریى به‌ڕێز وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى به‌ریتانیا و وڵاته‌كه‌ى بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى كێشه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد و دووپاتى كره‌ده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان نایه‌وێت به‌ریه‌ككه‌وتن ڕووبدات و وه‌ك هه‌میشه‌ ئاماده‌یه‌ ته‌واوى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ عیراق به‌ دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوورى عیراق چاره‌سه‌ر بكات،

 

جه‌ختیشى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ به‌كارهێنانى هێز و سوپا ناتوانێت كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات و سوود به‌ هیچ لایه‌نه‌ێك ناگه‌یه‌نێت.

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا دوایین دۆخى عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى داعش و پرۆسه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانیش تاوتوێ كران.

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button