جیهان

وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان ئه‌م په‌نابه‌رانه‌ ڕه‌وانه‌ی كه‌نه‌دا ده‌كات

وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان به‌م زووانه‌ 50 په‌نابه‌ر ڕه‌وانه‌ی كه‌نه‌دا ده‌كات

 

به‌رپرسێكی باڵای وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان له‌ لێدوانێكدا تایبه‌ت به‌ پشتی-نیوز، ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ پلانیاندا هه‌یه‌ به‌م زووانه‌ نزیكه‌ی 50 په‌نابه‌ر ڕه‌وانه‌ی وڵاتی كه‌نه‌دا بكه‌ن.

به‌رپرسه‌كه‌ گوتیشی كه‌ ڕێكه‌وتنێك له‌ گه‌ڵ ئه‌و وڵاته‌ كراوه‌، هێشتا ورده‌كاری به‌ یۆنان نه‌گه‌یشتووه‌، داوا كراوه‌ سه‌ره‌تا 50 په‌نابه‌ر ڕه‌وانه‌ی كه‌نه‌دا بكه‌ین.

پشتیوان جاف: ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ كێن؟

به‌رپرسی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان: تا ئێستا ناتوانین بڵێین به‌ ده‌قیق كێن، به‌ڵام هه‌موویان خێزان ده‌بن، چونكه‌ ته‌نها داوای خێزان كراوه‌.

پشتیوان جاف: ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ چۆن هه‌ڵده‌بژێرن؟ ئایه‌ ڕێگایه‌ك هه‌یه‌ په‌نابه‌ران ناوی خۆیان تۆمار بكه‌ن یاخود ئێمه‌یلێك شتێك هه‌بێت، په‌یوه‌ندی پێوه‌ بكه‌ن؟

به‌رپرسی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان: وه‌ك باسم كرد، هێشتا ورده‌كاری نه‌گه‌یشتووه‌ پێمان به‌ڵام، به‌ڵام هیچ ڕێگایه‌ك نیه‌ بۆ ناو تۆمار كردن. به‌ پێی داوا كردنی وڵاته‌كه‌ ئێمه‌یش ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵده‌بژێرین.

پشتیوان جاف: ئێوه‌ چۆن ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ هه‌ڵده‌بژێرن؟ به‌ چ پێوه‌رێك؟

به‌رپرسی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان: چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی كه‌نه‌دا ده‌كه‌ین، بزانین چ جۆره‌ په‌نابه‌رێكمان لێ داوا ده‌كه‌ن. دواتر به‌ پێی داوای ئه‌وان ئێمه‌ ته‌ماشای مه‌له‌ف و كه‌سی ئه‌وان ده‌كه‌ین، بزانین كام كه‌یسانه‌ ئه‌وان ده‌گرێته‌وه‌، وڵاتی كه‌نه‌دا داوای چی كردووه‌، پاشان ئه‌و كه‌سانه‌ كه‌ دیاری ده‌كرێن به‌ هاوكاری ڕێكخراو و وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانیش، كه‌یسه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی كه‌نه‌دا ده‌كه‌ین، دواتر ئه‌وانیش له‌وێ، ته‌ماشای یه‌ك به‌ یه‌ك له‌ په‌نابه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و به‌دواداچوون له‌ سه‌ریان ده‌كه‌ن. چونكه‌ ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ یه‌كێك له‌ په‌نابه‌رانه‌، بۆ نمونه‌ له‌ ئینته‌رپۆل داوا كراوبێتن، یاخود له‌ ڕابردوودا چه‌كداری داعش بوبێت. بۆیه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌كرێت. دواتر ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك باش به‌ڕێوبچێت، كه‌نه‌دا ڕازی ده‌بێت و ئێمه‌یش ئاماده‌كاری ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ ده‌كه‌ین و ڕه‌وانه‌ی كه‌نه‌دایان ده‌كه‌ین.

پشتیوان جاف: بۆچی ته‌نها 50 په‌نابه‌ر؟ ڕێژه‌یه‌كی كه‌م نیه‌؟ ئایه‌ ئه‌مه‌ له‌ ئاینده‌یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت؟

به‌رپرسی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان: سه‌ره‌تا كه‌نه‌دا ته‌نها 50 په‌نابه‌ری داوا كردووه‌ كه‌ ده‌بێت ته‌نها خێزانیش بن. ئێمه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌ڵده‌بژێرین كه‌ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ وڵاتی یۆناندان. كێشه‌ و گرفتیان نه‌بووه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له‌ حاڵه‌ت تایبه‌تدان. ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ له‌ داهاتووشدا كه‌نه‌دا داوای په‌نابه‌ری زیاترمان لێ بكات، به‌ڵام له‌ ئێستادا ته‌نها ئه‌وه‌نه‌یان داوا كردووه‌.

پشتیوان جاف: به‌ پێی زانیاریه‌كانی من، به‌ نیازن له‌ مانگی 12دا نزیكه‌ی 150 په‌نابه‌ریش ره‌وانه‌ی بله‌جیكه‌ بكه‌ن. ئه‌وه‌ ڕاسته‌؟

به‌رپرسی وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان: به‌ڵێ، زۆر ڕاسته‌. ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ هه‌ر له‌ مانگی 12دا، ژماره‌یه‌ك په‌نابه‌ری دیكه‌یش ڕه‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسایش بكه‌ین، به‌ڵام به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كه‌ره‌نتینه‌ كردن، فرۆكه‌ ئاماده‌ نه‌كراوه‌ هێشتا، هیچ ئاماده‌كاریه‌ك نه‌كراوه‌. بۆیه‌ ئێمه‌یش چاوه‌ڕێین بزانین ئه‌م دۆخه‌ به‌ره‌و كوێ ده‌ڕوات و به‌ زوترین كات، تیمی پشتی-نیوزیش بانگێشت ده‌كه‌ین بۆ فرۆكه‌ خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌سینا، تاكو روماڵی ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌ره‌و به‌لجیكا و ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا ده‌گوازرێنه‌وه‌.

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button