په‌نابه‌رانکوردستان

وه‌زیری ناوخۆی ئیتاڵیا: ”هێشتا رێكه‌وتنی ئه‌ڵمانیام واژوو نه‌كردووه‌”

ئیتاڵیا ده‌یه‌وێت رێكه‌وتنی دوبلین بگۆڕێت

 

وه‌زیری ناوخۆی ئیتاڵیا، ماتێۆ سالڤینی، هه‌واڵه‌كانی ئه‌وروپای ره‌ت كرده‌وه‌، كه‌ گوایه‌ ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا رێكه‌وتون له‌ سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی په‌نابه‌ران.

سالڤینی رایگه‌یاند كه‌ داوای كردووه‌ له‌ ئه‌ڵمانیا روون كردنه‌وه‌ی زیاتر بده‌ن له‌ سه‌ر خاڵه‌كانی ئه‌و ڕێكه‌وتنه‌ و پاشان بریاری واژوو كردنی ده‌دات.

رۆژی پێنج شه‌ممه‌، وه‌زیری ناوخۆی ئه‌ڵمانیا، هۆرس زیهۆفه‌ر، له‌ په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند كه‌ له‌ گه‌ڵ ئیتاڵیا له‌ سه‌ر دیپۆرت كردنی په‌نابه‌ران رێكه‌وتنێكیان ئه‌نجامدا كه‌ هاوشێوه‌ی هه‌مان رێكه‌وتنه‌ كه‌ له‌ گه‌ڵ  ئیسپانیا و یۆنان ئه‌نجام دراوه‌.

زیهۆفه‌ر، له‌ كاتی وتاری خۆیدا له‌ ناو بوندێستانگ (په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا)، وتی كه‌ ئیتاڵیا ئاماده‌یه‌، له‌ چه‌ند رۆژێكی داهاتوودا رێكه‌وتنه‌كه‌ واژه‌ه‌ بكات، به‌ڵام دوێنێ ئێواره‌، سالڤینی، له‌ كۆنفراسێكدا سه‌باره‌ت به‌ دۆخی په‌نابه‌ران له‌ ئیتاڵیا رایگه‌یاند كه‌ هێشتا ئاماده‌ی واژوو كردنی رێكه‌وتنه‌كه‌ نیه‌، چونكه‌ چاوه‌ڕێی روون كردنه‌وه‌ی زیاتره‌.

چه‌ند خاڵێكی رێكه‌وتنی ئه‌ڵمانیا و ئیتاڵیا 

وه‌زیری ناوخۆی ئیتاڵیا به‌ رۆژنامه‌نووسانی ئاشكرا كرد كه‌ یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌ڵمانیا هه‌ر په‌نابه‌رێك كه‌ په‌نجه‌مۆری ئیتاڵیای هه‌یه‌ و دیپۆرتی ده‌كاته‌وه‌، له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌بێت په‌نابه‌رێك له‌ ئیتاڵیا وه‌ر بگرێت كه‌ داوای مافی په‌نابه‌رێتی كردووه‌. هه‌روه‌ها سالڤینی وت

ئه‌مانه‌وێت بزانین تا چه‌ند ئه‌ڵمانیا درگای كراوه‌یه‌ بۆ مژاری گرنگتریش، بۆ نمونه‌، گۆڕینی خاڵه‌كانی رێكه‌وتنی دوبلین، هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر چ پێوه‌رێك ئه‌وروپا مافی په‌نابه‌رێتی ده‌داته‌ په‌نابه‌ران.

ئیتاڵیا ده‌یه‌وێت كار بكرێت له‌ سه‌ر گۆڕینی چه‌ند خاڵێكی رێكه‌وتنی دوبلین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌و دوا، به‌ شێوه‌كی ئۆتۆماتیكی، په‌نابه‌ران دابه‌ش به‌ وڵاتانی ئه‌ندام دابه‌ش بكرێن، نه‌ك له‌ یه‌كه‌م وڵاتی یه‌كێتی ئه‌وروپا گشتیان گیر بخۆن.

له‌ مانگی شه‌شه‌وه‌ تا ئێستا، نزیكه‌ی 200 په‌نابه‌ر له‌ ئیتاڵیاوه‌ روویان كردۆته‌ ئه‌ڵمانیا، كه‌ پێشوتر له‌ ئیتاڵیا په‌نجه‌مۆر كراون.

وه‌زیری ناوخۆی ئیتڵیا دووپاتی كرده‌وه‌، كه‌ رێكه‌وتنێك واژوو ده‌كات بۆ وه‌ر گرتنی (دیپۆرت كردنی) ئه‌و 200 په‌نابه‌ره‌ له‌ ئه‌ڵمانیاوه‌، به‌ڵام له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌بێت ئه‌ڵمانیا 200 په‌نابه‌رم لێ وه‌ر بگرێت.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button