
له چاوپێكه‌وتنێكی تایبه‌ت دا، جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، له ڤیدیۆ – كۆنفرانسێكدا بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و پشتی-نیوز، باسی دواین بڕیاره‌كانی حكومه‌تی یۆنان له سه‌ر پرسی په‌نابه‌ران كرد.
گیۆرگۆس، كۆموچاكۆس، جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان له چاوپێكه‌وتنێكدا وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێكی گرنگی پشتی-نیوز له باره‌ی دۆخی په‌نابه‌ران له یۆنان دایه‌وه.
پشتیوان جاف: جه‌نابه‌بی وه‌زیر، به‌هۆی لێشاوی كۆچبه‌ران له توركیاوه بۆ سه‌ر سنوره‌كانی یۆنان، بڕیارتان دا كه بۆ ماوه‌ی 1 مانگ مافی په‌نابه‌ری ڕابگیرێت. ئێستا ئه‌و مانگه تێپه‌ڕێوه. ئێستا مافی په‌نابه‌ری ڕاگیره‌وه، یاخود كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر ده‌توانن داوای مافی په‌نابه‌ری بكه‌ن؟
جێگری وه‌زیری په‌نابه‌ران: سوپاستان ئه‌كه‌م بۆ پرسیاره‌كه‌تان. به‌ڵێ ڕاسته، له كاتی لێشاو كۆچبه‌رانی سه‌ر سنوری توركیا و یۆنان، بڕیارمان دا، بۆ 1 مانگ مافی په‌نابه‌ری ڕابگرین، تاكو دۆخه‌كه ئاسایی ده‌بێته‌وه. ڕاسته مانگه‌كه تێپه‌ڕێوه و ئێستا هه‌ر په‌نابه‌رێك ڕوو له یۆنان بكات ده‌توانێت وه‌ك جاران داوای مافی په‌نابه‌ری بكات. به‌ڵام به‌هۆی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له یۆنان، ده‌زگای مافی په‌نابه‌ری خودی خۆی بڕیاری داوه كه كار و چالاكیه‌كانی ڕاوه‌ستێنێت تاكو دۆخی یۆنان به هۆی په‌تای COVID-19 چاره‌سه‌رێكی ده‌بێت. كۆچبه‌ران ده‌توانن داوای مافی په‌نابه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر كه‌یسه‌كانیان ناكرێت. باش ده‌زانن كه ئێستا به‌هۆی كۆرۆنا ئێمه ده‌توانین له دووره‌وه ئه‌م چاوپێكه‌وتنه ئه‌نجام بده‌ین ، به‌ڵام ناكرێت چاوپێكه‌وتنی په‌نابه‌ران له دووره‌وه به ڤیدیۆ – كۆنفرانس بكرێت. ناكرێت لێكۆڵیه‌نه‌وه‌ی مافی په‌نابه‌ری به ڤیدیۆ-كۆنفرانس بكرێت. بۆیه ده‌زگای مافی په‌نابه‌ری تا دۆخی بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا چاك ده‌بێت، سه‌رجه‌م كاره‌كانی ڕاوه‌ستاندووه بۆ لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر كه‌یسی په‌نابه‌ران كه تازه ڕوو ئه‌كه‌نه یۆنان. به‌ڵام ده‌زگای مافی په‌نابه‌ری لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر كه‌یسه كۆنه‌كان ده‌كات و به‌رده‌وامه. به‌ڵام كه‌یسی نوێ، چوونكه پێویسته له نزیكه‌وه چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ران بكرێن، ئه‌و كارانه ڕاوه‌ستاون.
پشتیوان جاف: جه‌نابی وه‌زیر، له كاتی لێشاوه‌كه‌ی توركیا، ده‌توانم بڵێم 2.500 تا 2.700 كۆچبه‌ر گه‌یشتنه ناو خاكی یۆنان. ئه‌وان ئه‌و كات مافی ئه‌وه‌یان نه‌بوو، داوای مافی په‌نابه‌ری بكه‌ن. ئێستا كه دۆخی سه‌ر سنور هێور بۆته‌وه، ده‌توانن داوای مافی په‌نابه‌ری بكه‌ن؟
جێگری وه‌زیر: به‌ڵێ، له ئێستادا ده‌توانن داوای مافی په‌نابه‌ری بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ك باسم كرد، لێكۆڵینه‌وه‌ی له سه‌ر كه‌یسه‌كانیان ناكرێت، چونكه ده‌زگای مافی په‌نابه‌ری بۆ لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر كه‌یسی نوێ، كاره‌كانی ڕاوه‌ستاندووه.
پشتیوان جاف: زۆر باشه. جه‌نابی وه‌زیر، جه‌نابتان له ڕێگه‌ی پشتی-نیوزه‌وه چه‌ندین جار ڕاتان گه‌یاندووه كه پرۆسه‌ی مافی په‌نابه‌ری خێرا ده‌كرێت. ئێمه كه‌یسی زۆر كه‌سمان لایه، كه دره‌نگ كه‌وتووه، كه‌یسمان لایه كه 2 ساڵ تا 3 ساڵ له چاوه‌ڕوانیدان. خه‌ڵك هه‌یه ماوه‌یه‌كی زۆر چاوه‌ڕوانی وه‌رگرتنی پاسپۆرته. كه‌یسی زۆر هه‌ن كه ڕه‌فزێكیان وه‌رگرتووه و ماوه‌یه‌كی زۆره وه‌ڵامی ئیستینافه‌كانیان نه‌هاتۆته‌وه. ئێمه تا ئێستا ئه‌و خێرا كردنه‌ی كه باستان ده‌كرد به‌کردار نه‌مان بینیوه.
جێگری وه‌زیری په‌نابه‌ران: ئێمه پرۆسه‌كه‌مان خێرا كردوه، ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی كه له دوای 1/1/2020 ڕوویان كردۆته‌وه یۆنان، پرۆسه‌ی ئه‌وان زۆر خێراتر بووه له‌وانه‌ی له ڕابردوودا ڕوویان كردۆته یۆنان كه حكومه‌تێكی دیكه، حكومڕانی ده‌كرد. ئێمه كارمه‌ندی نوێمان وه‌رگرتووه بۆ ده‌زگای مافی په‌نابه‌ری به تایبه‌ت بۆ خێرا كردنی پرۆسه‌كه بۆ هه‌مووان، به‌ڵام ئێستا به هۆی دۆخی كۆرۆنا، ناتوانن هیچ كارێك بكه‌ین بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی پاسپۆرت و چەندکارێکی کە، په‌یوه‌ندیان هه‌یه به ده‌زگای پۆلیس وچەند دەزگایەکی کە نه‌ك وه‌زاره‌ت.
ڕۆژنامه‌نووسێكی بیانی: جه‌نابی وه‌زیر تا ئێستا چه‌ند حاڵه‌تی تووشبووی كۆرۆناتان هه‌یه له ناو په‌نابه‌ران به فه‌رمی؟
جێگری وه‌زیری په‌نابه‌ران: تا ئێستا 28 حاڵاتمان هه‌یه به فه‌رمی كه هه‌موویان له كه‌مپی مالاكاسا و ریچۆنان.
پشتیوان جاف: جه‌نابی وه‌زیر، پلانتان چیه بۆ ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه له داهاتوودا، به تایبه‌ت له ده‌ریای ئیجه‌وه ڕوو ئه‌كه‌نه یۆنان، له كاتێكدا بڵاو بوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا هه‌یه؟
جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان: له ئێستادا كه‌س ڕوو ناكاته یۆنان به‌ڵام بێگومان له داهاتوودا كه كه‌ش و هه‌وا باشتر ده‌بێت، ڕه‌نگه ڕێژه‌كان زیاد بكه‌ن. بۆیه بڕیارمان داوه ئه‌وانه‌ی ڕوو ئه‌كه‌نه یۆنان هه‌موویان بخرێنه‌وه شوێنی تایبه‌تی كه‌ره‌نتینه بۆ ماه‌وه‌ی 14 ڕۆژ. له ئێستادا له دورگه‌ی خیۆس و میتیلینی له ئاماده‌كردنی شوێنی تایبه‌تن بۆ كه‌ره‌نتینه كردنی كۆچبه‌ران. ئه‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه بده‌م كه وڵاتی نه‌مسا به‌م زووانه 181 كۆنته‌ینه‌ر ده‌نێرێت بۆ یۆنان بۆ په‌نابه‌رانی دورگه‌كان. 40 كۆنته‌ینێر ده‌نێرینه دوورگه‌ی سامۆس و ئه‌وانی دیكه‌یش بۆ ئه‌و دورگانه‌ی كه پێویست ده‌كات.
پشتیوان جاف: له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا ڕێكه‌وتوون كه 1.600 په‌نابه‌ر كه ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵه له یۆنانه‌وه ڕه‌وانه‌ی وڵاتانی ئه‌ندام بكه‌ن. تا كه‌ی به‌رده‌وام ئه‌بێت ئه‌م ڕێكه‌وتنه و ده‌كرێت جگه له منداڵ كه‌سانی دیكه‌یش دابه‌ش به ئه‌وروپا بكه‌ن؟
جێگری وه‌زیری په‌نابه‌ران: تا ئێستا ڕێكه‌وتن بۆ ناردنی 1.600 په‌نابه‌ری منداڵ كه ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵه و له دورگه‌كاندان. نزیكه‌ی 5.200 منداڵی په‌نابه‌رمان هه‌یه له یۆنان كه ته‌مه‌نیان خوار 18 ساڵه. وڵاتانی ئه‌ندامی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ڕازین تا ڕاده‌یه‌ك بۆ وه‌رگرتنی به‌شێك له‌و منداڵانه كه بێ دایك و باوكن. سه‌باره‌ت به وه‌رگرتنی په‌نابه‌ری دیكه، هیواخوازین ئه‌وروپا ڕازی بێت له سه‌ر دابه‌ش كردنی په‌نابه‌ران به وڵاتانی ئه‌ندام، به‌ڵام هیچ بڕیارێك یاخود ڕێكه‌وتنێك له‌و باره‌یه‌وه نیه.
له نێو چاوپێكه‌وتنەکەدا، جێگری وه‌زیری په‌نابه‌ران سوپاسی كۆمیسیۆنی یه‌كێتی ئه‌وروپای كرد كه به‌م زووانه بڕی 700 ملیۆن یۆرۆ ده‌نێرێت بۆ یۆنان بۆ چاره‌سه‌ری دۆخی په‌نابه‌ران هه‌روه‌ها حكومه‌تی یۆنان داوای 190 ملیۆن یۆرۆی دیكه‌ی كردووه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له نێو په‌نابه‌راندا.
محمدم كاكه ئه‌حمد
په‌یامنێری Pishti-News