Uncategorized

وەزارەتی ناوخۆ ڕونکردنەوەیەکی دەربارەی برازاکەی سالح موسلیم بڵاوکردەوە

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم لەسەر ڕادەستکردنەوەی دالیا مەحمود ڕونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند: ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی ’دالیا مەحموود موسلیم‘ برازای ساڵح موسڵیم، لەلایەن میتی تورکیاوە بنەماڵەی سالح موسلیم ڕایانگەیاند” کچەکەیان لەهەولێر چارەسەری پزیشکی وەردەگرت بەڵام لەلایەن هەرێمەوە ڕادەستی میتی تورکی کراوەتەوە.

ئەمڕۆ دوو شەممە ٢٠ـی تەمموری ٢٠٢٠ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رونکردنەوەیەکی دەربارەس ڕادەستکردنەوەی برازای سالح موسلیم بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند” دەربارەی ئەو تۆمەتانەی کە گوایا کەسێک بە ناوی ( دالیا مەحمود موسلیم ) لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە، بە پێویستی دەزانین ڕای گشتی ئاگادار بکەینەوە کە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەکی نییە بەڵکو هەوڵێکی چەواشەکارانەیە بۆ داپۆشینی ڕاستیی بابەتەکە“.

لەڕوونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆدا هاتووە” دالیا مەحمود موسلیم ناسراو بە (ڤیان شەڕڤان) دوای ئەوەی واز لە هێزەکانی یەپەژە دەهێنێت لەگەڵ چەکدارێکی دیکەی خەڵکی بەدلیسی باکووری کوردستان بەناوی ( سەلام رەمەزان محەمەد ناسراو بە تولهەلدان ) کە لە ڕیزەکانی یەپەگەوە بووە، پەیوەندی خۆشەویستی دروست دەکەن و هەردووکیان بەیەکەوە بڕیاری وازهێنان دەدەن و ڕادەکەن“.

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشداوە” رەمەزان لە ڕۆژی 2020/7/9 بە ئارەزووی خۆی دەگەڕێتەوە تورکیا و پاشان دالیا مەحمود ساڵح بۆ پەیوەندی کردن بە سەلام لە ڕۆژی 2020/7/14 بە قاچاخ دەچێتە تورکیا و دواتر لە شاری مێرسین خۆی ڕادەستی پۆلیسی تورکیا دەکات. بۆیە هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک پەیوەندی بەم بابەتەوە نییە“.

هەروەها لەڕاگەیێندراوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ داوا لە ڕاگەیاندنەکانی پەکەکە و هاوبۆچوونەکانیان دەکات” لە جیاتی تۆمەت بە خشینەوە، هەقە ئەو پرسیارە لە خۆیان بکەن کە بۆچی خەڵک واز لە ڕیزەکانی ئەوان دەهێنێت و ئامادەن بۆ دەربازبوون لە هەڕەشەکانیان، لە ڕێگەی قاچاخ ژیانی خۆیان بخەنە مەترسییەوە“.

وەزارەتی ناوخۆ ئاشکرایشیکردووە” دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئامادەیی تەواوی خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە دەردەبڕن، هەرێمی کوردستان وەک هەمیشەش بە پەناگەیەکی ئارام دەمێنێتەوە بۆ ئەوانەی رووی تێدەکەن و ئەم هەوڵە چەواشەکارانەیەش ،هیچ کاریگەرییەکی نابێت لە سەر هەڵوێستی نەگۆڕی“.

دالیا مەحموود موسلیم برازای سالح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدەیە، ڕۆژی ١٨ـی ئەم مانگە میتی تورکی دەستگیرکردنی دالیای ڕاگەیاند، دواتریش بنەماڵەی سالح موسلیم ڕایانگەیاند: دالیا لەهەولێر بووە بۆ وەرگرتنی چارەسەر بەڵام لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە ڕادەستی تورکیا کراوەتەوە.

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button