
ئەمڕۆ چوار شەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٠ دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”وەک شاری هەولێر لەقۆناغێکی سەخت و مەترسیدار داین تاکە ڕێگامان بۆ خۆپاراستن و بڵاونەبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا پێویستە پابەندی ڕێنماییەکان بین“.
سەبارەت بەو کەسانەی لەدەرەوەی شارەکاندا ماونەتەوە پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند” ئەو ڕێگەپێدانەی داومانە بۆ چوونە دەرەوە لەدوای کاتژمێر ١٢ی شەو بۆ کاری زەرورە، تکامان وایە ئەم ڕێپێدانە بۆ کاری سەیران و گەشت و سوڕانەوە لەناو شارەکان بەکارنەهێنرێت ئەگەرنا ناچارین دوبارە بڕیاری هاتوچۆ لەدوای ١٢ی شەویش قەدەغە بکەین“.
وتیشی کەمێک بەر لەئێستا لەژوری ئۆپراسیۆنەکان باسمان لەوەکردووە ئەو کەسانەی لەسنوری شارەکان ماونەتەوە دەتوانن بگەڕێنەوە ئەمەش تەنیا بۆ شارەکانی هەرێمی کوردستان، تکاشمان وایە بۆ سەردانیکردن بەکارنەهێنرێت“.
سەبارەت بەچۆنیەتی ڕێگەپێدانەکە ڕایگەیاند” فۆڕمی ڕێگەپێدانمان داناوە لەڕێگەی وێب سایتی وەزارەتی ناوخۆ دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن و دواتر بەڕێگەی نامە داواکاریەکەیان وەڵام دەدرێتەوە“.
ڕونیشیکردەوە” ئەو بانکانەی ڕێگەمان پێدابوون ئەمڕۆ قەرەباڵغیەکی زۆریان پێوە دیاربوو بۆیە ئەگەر بێت و ڕێنماییە تەندروستیەکان جێ بەجێ نەکرێت و دووری هەر کەسێک سێ مەتر نەبێ، وە ئاڵوگۆڕی پارە گرانبکەن ئەوا دایان دەخەین“.
لەماوەی ڕابردوودا بۆ ڕێگریکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری قەدەغەکردنی هاتوچۆی دا، دوێنێش لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە تاوەکو ١٠ی ئەم مانگە درێژکرایەوە