کوردستان

پرسەی ماتەمینی بەرھەم سالەح بۆ مام جەلال

خوشک و برایانی خوشەویست

بە داخ و پەژارەوە، بە دڵێکی پڕ ئازارەوە، ھەواڵی کۆچی دوایی گەورە ڕێبەر و پێشەوا و مامۆستای زیاتر لەچوار دەیەیەی خەباتی خۆم و زۆرتر لەنیوسەدەی کاروانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، و مامی بەقەدر و میھرەبان و پڕ ئومێدی گەلێکی ژێر دەستەی ڕوو لەخۆری ئازادیمان وەرگرت.

ژیانی مامجەلال تۆماری میژووی ھاوچەرخی کورد و ڕۆژھەلاتە، لە خوێندکاریەوە بۆ گەنجترین سەرکردایەتی، لەپیشمەرگایەتیەوە بۆ یەکەمین سەرۆککۆماری کورد، لە شۆڕشی گەمارۆدراوی کوردستان و لەچیاکانەوە بۆ ئاستی سەرکردەکانی جیھان. ئازا لە ڕووبەڕووبونەوەی تەحەداکاندا ھەمیشە پڕ لە ھیوا و ئومید،کێوێک بوو لە وورە و بڕوابوون بوو بە سەرکەوتن.

سەرۆک مامجەلال، ھەر مامۆستا و ڕێبەر نەبوو، باوکێکی جێگیری فکری سیاسی و ڕێبازی چەپکە گوڵەکەی تێکۆشانمان بوو. بۆ خۆم، مامۆستا و مامی میھرەبان بوو، ھاوکار و ڕێنوێنم بوو، پشتیوانم بووە لەچەندین وێستگەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

بەداخەوە ئەمڕۆ مامی مەزنمان، ڕابەری گەورەی ناو مێژوومان، دڵە گەورەکەی کەپڕ بوو لەخۆشەویستی بۆ گەلەکەی، دوای ململانێیەکی سەخت لەلێدان کەوت.
کۆچی دووایی مامجەلالی مامۆستا و ڕێبەر و مامی سەرەوەرمان، زیانێکی گەورەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێ قەرەبوکراوەی گەلی کوردستانە. خەسارەتێکی نیشتیمانی نەتەوایەتی سەرانسەریە، کەھەرگیز کەلێنەکەی وا بەئاسانی پڕ ناکرێتەوە. لێرەوە سەرخۆشی خۆم لەتەواوی گەلی کوردستان و خاونەوادەی مامی گەورەمان و یەکێتیە تێکۆشەرەکان و ڕێبوارانی خەباتی دیمکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازانی عێراق و ناوچەکە و دنیا دەکەم. بەمامی گەورە و سەروەمان، بەڵێن دەدەین، کە ھەتاسەر گیانی پیرۆزی ئاسودە دەکەین بە کارکردن بۆ چەسپاندی دیموکراتی وھێنانەدی دادپەروەری و ھەر بەمامۆستا و ڕێبەری ئامانجە بەرزەکان دەمێنێتەوە. ئارام بنوو ڕێبەری مەزن و داھێنەر، ئارام بنوو مامە گیان، مامی میھرەبانی گەلێکی ڕوو له خۆر.

بەرھەم ساڵح

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button