
له ماوه‌ی 24 كاتژمێردا تیمی ڕۆژنامه‌وانی پشتی-نیوز ته‌رمی گه‌نجێكی كورد له باكوری یۆنان ده‌دۆزێته‌وه
له ڕۆژی 11/12/2020ه‌وه گه‌نجێكی كورد به ناوی محمد ئه‌حمه‌د له توركیاوه له گه‌ڵ 12 كۆچبه‌ری دیكه‌دا به‌ڕێ ده‌كه‌ون به‌ره‌و وڵاتی یۆنان. له هه‌مان ڕۆژدا ده‌گه‌نه خاكی یۆنان و له‌و ڕۆژه‌وه محمه‌د ئه‌حمه‌د په‌یوه‌ندی به كه‌سوكاریه‌وه نامێنێت.
چۆن ڕووداوه‌كه ڕوویدا
به پێی زانیاریه‌كان كه ده‌ستی تایبه‌ت مه‌ڵپه‌ڕی پشتی-نیوز كه‌وتوون، ڕۆژی 11/12/2020 محمد ئه‌حمه‌د له گه‌ڵ 10 كۆچبه‌ری دیكه كه پاكستانی و سری لانكین پێكه‌وه له ڕووباری نێوان توركیا و یۆنان ده‌په‌ڕنه‌وه ئه‌وبه‌ری ئاوه‌كه و ده‌گه‌نه ناوچه‌ی ماندرا (Mandra) كه ده‌كه‌وێته سه‌ر سنوری یۆنان و توركیا. له‌وێ قاچاخچی و ڕێبه‌ره‌كه ده‌ڵێت كه هیچ ئۆتۆمبیلێك ئاماده نه‌كراوه بۆ گواستنه‌وه‌تان بۆ شاری ساڵۆنیك بۆیه پێویسته شه‌وێك بمێننه‌وه له‌و ناوچه سنوریانه.
بۆیه كۆچبه‌ره‌كان كه كۆی گشتیان 11 كه‌س ده‌بن، بۆ چه‌ند كاتژمێرێك به‌ڕێ ده‌كه‌ون به‌ڵام له‌و كاته‌دا، محمد ئه‌حمه‌د و دوو كۆچبه‌ری دیكه كه خه‌ڵكی سری لانكان، په‌كیان ده‌كه‌وێت و محمد ئه‌حمد به‌هۆی ده‌ماری قاچیه‌وه ناتوانێت به‌رده‌وام بێت. له‌و كاته‌دا ڕێبه‌ری كۆچبه‌ره‌كان پێیان ده‌ڵێت ئێوه لێره بمێننه‌وه و خۆتان ته‌سلمی پۆلیس بكه‌ن و ئێمه‌یش به‌رده‌وام ده‌بین.
به پێی شایه‌تحاڵێك كه زانیاریه‌كانی تایبه‌ت به پشتی-نیوز ڕاگه‌یاند، هه‌ردوو كۆچبه‌ره سری لانكیه‌كه ده‌ستگیر ده‌كرێن و دیپۆرت توركیا ده‌كرێنه‌وه به‌ڵام محمد ئه‌حمد له‌و ناوچه سنوریه‌دا له شوێنێكی شاخاویدا ده‌مێنێته‌وه.
قاچاخچیه‌كان به كه‌سوكاری محمد ئه‌حمد ده‌ڵێن كه گیراوه و له كه‌مپێكی داخرای یۆناندایه، هه‌ندێك جاری دیكه پێیان ده‌ڵێن له شاری ساڵۆنیك بینراوه، جارێكی دیكه پێیان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ری هه‌یه له شاری ئه‌لێكساندروپۆلی بێت…
برای محمد ئه‌حمد، به ناوی عه‌لی ئه‌حمه‌د، له ڕۆژی شه‌ممه‌وه 30/01/2021 په‌یوه‌ندی به تیمی پشتی-نیوز كرد و داوای لێكردین زانیاری له سه‌ر براكه‌ی بدۆزینه‌وه چونكه قاچاخچیه‌كان ڕاستیان پێ ناڵێن و هه‌رده‌مێك و قسه‌یه‌ی جیاوازیان پێ ده‌ڵێن.
عه‌لی محمد وێنه و زانیاری نارد بۆ پشتی-نیوز و ئێمه‌یش له ڕۆژی یه‌كشه‌مه‌وه به‌دواداچوونمان كرد و چه‌ند زانیاریه‌كی تایبه‌تمان ده‌ستكه‌وت.
به‌دواداچوونی پشتی-نیوز:
وه‌ك تیمی ڕۆژنامه‌وانی پشتی-نیوز په‌یوه‌ندیمان كرد به پزیشكێك به ناوی پاڤلۆس پاڤلیدیس كه پزیشكێكه له شاری ئه‌لێكساندروپۆلی و هه‌ر ته‌رمێك له هه‌ر شوێنێكی سه‌ر سنوری یۆنان و توركیا بدۆزرثه‌وه ته‌رمه‌كه‌ی ڕه‌وانه‌ی ئه‌و پزیشكه ده‌كرێت.
ڕۆژی دووشه‌ممه‌ی ئه‌مڕۆ كاتژمێر 8:30 په‌یوه‌ندیمان به دكتۆر پاڤلۆس پاڤلیدیس كرد و پێمان گوت كه كۆچبه‌رێك هه‌یه گه‌نجێكی كورده له ماوه‌یه‌كی زۆره نادیاره. پێمان گوت كه محمد ئه‌حمد پێڵاوی زه‌ردی له پێدا بوو كاتێك ڕووی له وڵاتی یۆنان كردووه، له وه‌ڵامدا پێی ڕاگه‌یاندین كه ته‌رمێكی لایه كه پێڵاوی زه‌ردی له پێدایه به‌ڵام پێویسته وێنه و زانیاری له سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌ی به ته‌واوی بۆ بنێرین و كاتژمێر 13:00 به كاتی یۆنان وه‌ڵامان ده‌داته‌وه.
وێنه‌ی ته‌رمی گه‌نجێك له نه‌خیشخانه‌ی ئه‌لێكسه‌ندروپۆلی كه هه‌مان پێڵاوه‌كانی محمد ئه‌حمدن له‌و ڕۆژه‌ی له سه‌ر سنوری یۆنان و توركیا دیار نه‌ماوه
وێنه‌ی محمد ئه‌حمد له توركیا به هه‌مان پێلاو
ئێمه ته‌واوی زانیاریه‌كانمان به ئیمه‌یڵ بۆ پزیشكه‌كه نارد و كاتژمێر 13:00 ئه‌مڕۆ، ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندی كرد به پشتیوان جاف و پێی ڕاگه‌یاندین كه به پێی زانایریه‌كان ئه‌و ته‌رمێكی لایه كه باڵای 1.70 ده‌بێت، گه‌نجه، تاتوی له جه‌سته‌یدا نیه، هه‌روه‌ها له كاتی دۆزینه‌وه ئه‌و ته‌رمه پانتۆڵێكی سه‌ربازی له‌پێدا بووه و كاله‌كانیشی زه‌ردن .
عه‌لی محمد، پێی ڕاگه‌یاندین كه زانیاریه‌كان ته‌واون و ئه‌و كه‌سه ته‌رمی برای منه.
پزیشكه‌كه ئه‌وه‌شی به پشتی-نیوز ڕاگه‌یاند كه ته‌رمه‌كه له 15/01/2021 دا دۆزراوه‌ته‌وه له ناوچه‌یه‌كی شاخاوی نزیك سوفلی له سه‌ر سنوری یۆنان و توركیا. به‌هۆی ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر له‌و ناوچه‌یه‌دا ماوه‌ته‌وه، ئاژه‌ڵی ئه‌و ناوچه‌یه ته‌رمه‌كه‌یان شێواندووه و تۆزێك ئه‌سته‌مه به وێنه بناسرێته‌وه بۆیه پێویستی به تێستی DNA هه‌یه .
له ئێستادا ئێمه كه‌سوكاری محمد ئه‌حمه‌د له ڕووداوه‌كه و زانیاریه‌كان ئاگادار كردۆته‌وه و بڕیار وایه خزمێكیان له وڵاتی ئه‌ڵمانیاوه بگاته شاری ئه‌سینا بۆ گه‌ڕانه‌وه ته‌رمی محمد ئه‌حمد بۆ هه‌رێمی كوردستان
پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)
به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News