کوردستان

کورد تا ئێستا خۆی لە هیچ بەرەیەکی سیاسی عێراقیدا یەکلانەکردوەتەوە

 

تاوەکو ئێستا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی خۆیان بەلای هیچ کام لە ئاراستە جیاوازەکانی شیعە یەکلانەکردوەتەوە، یەکلانەبوونەوەی کورد پەیوەندی بە رێکنەکەوتنی ئاراستەکانە لە ناوخۆیاندا تا ئاستی ئەوەی ببن بە فراکسیۆنی زۆرینە و بتوانن حکوومەتی عێراق پێکبهێنن.

تا دێت ململانێی ئەو دوو ئاراستەیە لەلایەک لیستی (سائیرونی موقتەدا سەدر و رەوتی حیکمە و بەشێک لە کورسیەکانی نەسڕ بە سەرۆکایەتی عەبادی و وەتەنیەی ئەیاد عەلاوی) لەگەڵ (لیستی فەتحی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی یاسای مالیکی) توندتر دەبێت و روون نیە کام لەو هێزانە داهاتووی حکوومەتی عێراق یەکلادەکەنەوە.

لەماوەی رابردوو هەوڵێکی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق لە ئاراستەی یەکەم شکستی هێنا، دوای ئەوەی وابڕیاربوو لە هۆتێل بابل لە بەغدا فراکسیۆنی زۆرینە رابگەیەنن و دووشەممەی داهاتوو لە پەرلەمانی عێراق زۆرینەی کورسیەکانبن.

ئەمەریکاش هەوڵەکانی بەردەوامە بۆ شکاندنی بەرەی دووەم و راکێشانی لیستی فەتح بەلای بەرەی یەکەمی موقتەدا سەدر، یان جیاکردنەوەی عامری و مالیکی لە یەکتری، بەڵام ئەوە تاوەکو ئێستا هیچ ئاکامێکی نەبووە و بگرە لێدوانی هادی عامری لەسەر برێنت مەکگۆرک گوایە پێیانی وتووە ئەگەر حکوومەتێک لە عیراق لە ژێر هەژموونی ئەمەریکا دروست بێت، تەمەنی دوو مانگ نابێ، هێندەی دیکە نێوانی ئەو دوو بەرەیەی ئاڵۆزتر کردوە.

کوردیش تا ئیستا لەو هاوکێشەدا خۆی یەکلانەکردوەتەوە، چونکە تاوەکو لیستەکان لە ناوخۆیاندا یەکلانەبنەوە، بۆ کورد باش نیە خۆی بەلایەکیاندا بدات، چونکە لە هەر ئەگەرێکدا کە کورد بەلایەکدا خۆی بدات و سەرکەوتنی لایەکەی دیکە یان تێکچوونی بارودۆخەکە بەو هۆیەوە لە بەرژەوەندی کورد نابێت.

ئامانجی سیاسی سەرکردایەتی سیاسی کوردستان لەم قۆناغەی پێکهێنانی حکوومەت لە عێراق ئەو پاکێجە داواکاریەیە کە لە ٢٧ خاڵدا ئامادەکراوە کە گرنگترین خاڵەکان ماددەی 140، گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکووک و دابینکردنی بودجەی کوردستان بەو رێژەی لە دەستووردا هاتووە ١٧٪ و بودجە و میزانیەی پێشمەرگەیە، هەرلایەک لەو بەرانە ئامادەبێت بە جێبەجێکردنی ئەو داوایانە ئەوە کورد لەو لایەنەوە نزیکە، گرنگە بۆ کورد حکوومەتێک لە هەردوو بەرەی نزیک لە ئەمەریکا و ئێران پێکبێت و گەرەنتی و سەقفی زەمەنی بدات کە داواکانی کوردستان جێبەجێ دەکات، چونکە هەر حکوومەتێک لە یەک بەرەیان پێکبێت و ئەوەی دیکە بکات بە ئۆپۆزسیۆن لە عێراق، ئەوە راستە حکوومەتەکە بەرگەی چەند مانگێک ناگرێت، چونکە عێراق وڵاتێکی دامەزراوە نیە کە تیایدا کاری حکوومەت و ئۆپۆزسیۆن دیاربێت، بەو هۆیەشەوەیە کورد تا ئێستا تەماشاکەرە و کارەکتەری هاوکێشە سیاسیەکە نیە.

 

ھێمن ساڵح

رۆژنامەنووس

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button