وتار

کەرکووک، ئێران و دەمەداسی شێعە:

 

کەرکووک، ئێران و دەمەداسی شێعە

ئاگری ئیسماعیل نژاد

شەوی ١٦ مانگی ئوکتۆبر، بەشێک لە چەکدارانی حەشدی شەعبی کە لە ژێر دەسەڵاتی سپای قودس دان، لە دەرئەنجامی دەستکیسی لەگەڵ لە لایەنێکی باشووری کوردستان، توانیان کەرکووک داگیربکەن، گرینگی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزی ملیشیای سەربە ئێرانەوە چییە؟!
بۆ ڕوونبوونەی گرینگی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکداری سەربە ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران دەبێت، باسی ئەو داگیرکردنە؛ لە سێ بەستێنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، سیاسەتی نێوخۆیی ئێران و خەونی وەدیهێنانی دەمەداسی شێعە تاوتوێ بکرێت؛ بەڵام پێش ئەوی بچینە سەر تاوتوێکردنی دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی_یەوە، پێویستە تیشک بخەینە سەر چۆنێتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارنی سەر بە کۆماری ئیسلامی_یەوە، چون چۆنێتی داگیرکارییەکە نەک هەر دەبێتە هۆکارێک بۆ بەرچاوڕوونی لە دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک، بەڵکو تاوتوێکردنی ئەو بابەتە یارمەتیدەرە بۆ ناسینی ئامانجی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ‌نێوەڕاستیشدا.
دوو بابەت لە سەر چۆنێتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزی چەکدارەکانی سەربە ئێران_نەوە گرینگە، بابەتی یەکەم کاتی داگیرکردنی کەرکووکە و بابەتی دووهەم بێشەر و لە دەرئەنجامی دەستکیسی لەگەڵ ئێرانە.
کەرکووک لە رووی کاتەوە، ١٦ سەعات پاش ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆماری ئامریکا ستراتژی نوێی ئەو وڵاتەی لەسەر پەیوەندی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاند؛ لەلایەن هێزی ملیشای سەربە ئێران داگیرکرا، لەو ستراتژییە نوێیدا، سپای پاسداران وەک هێزێک کە پشتگیری لە گروپە تێرۆریستەکان دەکات ناسێندرا، و بریاری لەسەر درا کە چەکدارانی باڵای سەر بە سپای پاسدان و کۆمپانییەکانی سەربەو سپایە بچنە نێو لیستی گەمارۆی ئابووری_سیاسی ئامریکا_وە.
ئەوەی کە کەرکووک لە ئەنەجامی دەستکیسی لایەنێکی کوردستانی لەگەڵ ئێران داگیرکراوە، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ئێران داگیرکردنی کەرکووکی کە بەپێچەوانەی خواستی زۆرینەی خەڵکی ئەو ناوچەیە بوو لە سازانێک لەگەڵ لایەنێکی ئەمنی باشووری کوردستان هێنادی. ئەو دەستکیسییە، ئەوە بۆ چاوەدێرانی سیاسی ڕوون دەکاتەوە کە لە ئەگەری ڕووبەرووبونەوەی هەر هێزێک لەگەڵ ئێران، شەڕگەی نێوان ئەو هێزە و ئێران تەنیا سنوورەکانی ئێران نییە، بەڵکو ئێران توانییویەتی کە لە ڕێگەی دزەکردن لە نێو دەمدەزگا و پێکهاتەی تەناهی، سیاسی و تەنانەت ڕاگەیاندنی چالاک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست دا، شەریگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بە پانتایی هەموو ڕۆژهەڵاتی‌نێوەراست گەورە کاتەوە.
لێرەدا ئێمە دەبێت دوو بابەت لێک هەڵاوێرین، ئەوەیش ئەوەیە کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پێگەی جەماوەری نییە، بەڵکو یان گرووپی چەکداری سەربەخۆی سازکردووە یان لە نێو دەمەزراوەکانی ناوچەکەدا کە زۆربەیان دامەزراوەی گەندەڵ تەوەر و نانیشتیمانین، دزەی کردووە. ئەو دزەکردنە هەلی ئەوەی بۆ ئێران خوڵقاندووە کە ئەو دامەزراوانە لە ئان و ساتی خۆیدا بە قازانجی خۆی بەکار بێنێ.
نمونەی بەرچاوی ئەو جۆرە دزەکردنە، ڕاکێشانی حامید کەرزایی، سەرکۆماری پێشووی ئەفغانستانە. کەرزایی کە بە یارمەتی ئەمریکا لە ئەفغانستان بووە دەسەڵاتدار، کەچی لە ساڵەکانی کۆتایی دەسەڵاتەکەیدا دەرکەوت، بەرتیلی لە ئێران وەرگرتووە و سیاسەتی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا پەیڕەو کردووە.
سووریاش نموونەیەکیتر و زۆربەی ئەو چەکدارە ئێرانییانەی کە چوونە سووریا لە بیرەوەرییەکانی خۆیاندا باسی ئەوە دەکەن، کە خەڵکی سووریا تەنانەت لایەنگرانی ئەسەد بە چوونی ئەوان ڕازی نین و ئەوان دەگێڕنەوە کە زۆر جار ڕووبەڕوو پێمان دەڵێن: “ئێوە بوونە هۆی ئەوەی ئالۆزی سووریا درێژخایەنتر بێت” بەڵام ئێران هەر خوازیاری ئەوەیە ئەسەد لەسەر دەسەڵات بێلێتەوە، لە کاتێدا کە ئەسەد لە ڕاستییدا هیچ پێگەیەکی جەماوەریی لە نێو خەڵکی سووریا، جیاوازی کەمینەی عەلەوی، نەماوە.
دوایین نموونەی ئەو جۆرە دزەکردنەش داگیرکردنی کەرکووکە. بەپێی ڕاگەیاندنەکان لە گشت‌پرسی سەربەخۆیی خەڵکی کەرکووک سەرووی ٧٠% دەنگی بە سەربەخۆیی دابوو بەڵام دیتمان کە بە دەستکیسییەکی سادە ئەو شارە کەوتە دەست ئێران-ەوە.

-دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارنی سەر بە ئێرانەوە چییە؟
-دەستکەوتی نێودەوڵەتی
یەکەم دەستکەوتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارانی سەر بەکۆماری ئیسلامی لە رووی نێودەوڵەتییەوە. ئێرانییەکان جارێکیتر بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیان گوت ئەوان دزەیان لە نێو زۆرلایەندا هەیە و ئەو دزەیەش وای کردووە کە ئێران ئەگەر خواستی لەسەر ئال‌وگۆرێک نەبێت، بتوانێ تێکی بداتەوە، بە کورتی ئێرانییەکان گوتیان: رەنگە توانایی ئەوەمان نەبێت کە هەموو ناوچەکە داگیربکەین و بەخواستی خۆمان بەرێوەی بەرین بەڵام توانایی ئەوەمان هەیە کە ئاژاوە لە ناوچەکەدا بنێنەوە.
ئەوەی کە ئێران توانایی ئاژاوە نانەوی هەیە، وای کردووە کە بەشێک لە کۆمەڵگای جیهان و تەنانەت عەرەبیش بێنە سەر ئەو باوەڕەی کە ئێران ڕێگەچارەی چارەسەرکردنی ئاژاوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە، ئەوەش ڕێک هەمان ئامانجە کە کۆماری ئیسلامی دەخوازێت. ئەوان دەیانەوێت هێندە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاستدا سازبکەن کە کۆمەڵگەی جیهانی ماندوو بکات و ناچاریان بکات پێملی خواستی کۆماری ئیسلامی بن.
کەوایە داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارانی سەربە ڕێژیمی ئێرانەوە، لەڕووی نێودەوڵەتی بە ئێمە دەڵێت: ئێران بەرنامەی ئەوەی هەیە کە دزەی خۆی لە نێو دامەزراوەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا بکاتە دەسەڵاتداری لەو ناوچەیە و بۆ ئەو ئامانجەش ئامادەیە ئاژاوەگێڕی و شەڕ هێندە درێژ بکاتەوە، هەتا کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست و دەسەڵاتدارانی جیهان دەستبەردەنەوە و پێملی خواستی ئەو بن.
دووهەمین، دەستکەوتی نێودەوڵەتی داگیرکردنی کەرکووک چاوترسێنکردنی ناوەندی سەربازییەکانی ئەمریکایە، ئێرانییەکان لە ڕێگەی داگیرکردنی کەرکووکەوە، بە ناوەندە سەربازییەکانی ئەمریکایان گوت کە شەڕگەی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران بەپانتایی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەراستە.
دەقی ئەو قسەیە لە بابەتی ستراتژییە نوێیەکەی ئەمریکا لە دژی سپای پاسداران لە زاری بەرپرسانی باڵای سپاوە دووپات کراوە. بۆ وێنە محەمەد عەلی جەعفەری لە وەڵامی ئەگەری ئەوەی سپای پاسداران بچێتە لیستی تێرۆرەوە گوتی: “ئەگەر وایە دەبێت ئەمریکا بنکەکانی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراستدا کۆ بکاتەوە”.
ئەو دەستکەوتەش بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ئەوەی پێی دەگوترێ دەمەداسی شێعە بەر لەوەی خواستێکی شێعەتەوەر بێت، گەڵاڵەیەکی تەناهی چەند توێیە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی لە قەیرانەکانی بەردەمی ڕزگار بێت و لە ڕاستییدا دەمەداسی شێعە نەک نەبووەتە هۆی ئەوەی کە کەرامەتی مرۆڤ و ئایینی شێعە لە ناوچەکەدا بپارێزێت، بەڵکو بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی موسڵمانان لە پەیڕەوانی ئایینی شێعە دوودڵ و بەگومان بن.
سێهەم، دەستکەوتی داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکداری ئێرانەوە، ناڕوونکردنی دۆخی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاستە. ئەوەی دۆخی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەراست زیاتر بەرەو ناشەفافییەت و ناڕوونی بروات، دەستکەوتی بۆ کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە لایەنی بەرانبەری تووشی هەڵەی ستراتژی دەکات و ئەوەش وا دەکات ئێران بەردەوام هەنگاوێک لە چاو بەرهەڵستکارانی پێش بێت.
بۆ وێنە: لە دەرەنجامی ناڕوونی دۆخەکەدا رێکس تێلێرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تووشی هەڵەی گەورە دێت و دەڵێت: “چەکدارەکانی سەر بەئێران دەبێت بچنەوە ئێران، ئەوە لەکاتێدایە ئەگەر بەوردی سەیری ڕووداوەکانی عێراق بکەین، ئێران لە عێراق لەڕاستییدا وەک ڕاوێژکاری سیاسی و سەربازیی بوونی هەیە و ئەو چەکدارانەی کە شەڕ بۆ بەرژەوەندیییەکانی ئێران لە عێراقدا دەکەن، سەرجەمیان عێراقین، نەک ئێرانی. ئەوەش پێمان دەڵێت ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران لە عێراقدا بەو ئاسانییە نییە؛ چونکە لەڕاستییدا ئێران، خودی عێراقییەکانی کردووەتە بەکرێگیراوی خۆی بۆ ئەوەی بە ئامانجی خۆی لەو وڵاتەدا بگات.
هەڵبەت ناڕوونی دۆخەکە و بێمەبالات بوون لەسەر بە دیاردەی دزەکردنەی ئێران لە نێو دەزگا فەرمییەکانی وڵاتانی ناوچەکەدا، تەنیا بە قسە هەڵەیە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆتایی نایەت بەڵکو دەبینین هەر لەسەر باسی داگیرکردنی کەرکووک زۆربەی وڵاتانی بڕیاردەر لەگەڵ بەغدا دەکەن و وا نیشان دەدن کە بەو سیاسەتە دەکرێت حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ دژایەتیکردنی ئێران لەگەڵ خۆیان بخەن. ئەوە لە کاتێک دایە کە عەبادی نەک بەشێک لە حیزبولدەعوەیە بەڵکو ئەو باڵەی حیزبوڵدەعوەیە کە باوەڕی بە مەرجەعی تەقلیدبوونی خامنەیی هەیە. لەوەش بترازێین کۆماری ئیسلامی لە هێندێ ناوچەی وەک عێراق و یەمەن شەڕی بەوەکاڵەت دەکات و سیاسەتی فەرمی لە ڕێگەی دزەکردنە نێو دەزگا فەرمییەکان و سازکردنی چەکداری خۆجێی دەباتە پێشێ و لە هێندێ ناوچەش وەک سووریا تەنیا لەبەرئەوەی دۆخەکە لە گرێژەنە دەرچووە، ڕاستەوخۆش بەشداریی شەر دەکات کەوایە بنەمای سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی_ ئێرانی بەکارهێنانی هێزی چەکداری خۆجێیە. ئەوەی کە بەرپرسانی سپای پاسداران “سپا خۆجێی” پێدەڵێن، ڕەنگە ڕواڵەتی ئەو ڕەستەیە سادە و ساکار بێت بەڵام قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕەستەیە، وایکردووە کە ئێرانییەکان بەردەوام هەنگاوێک لە پێشدا بن و زۆربەی گەڵاڵەکانی بەرهەڵستکارانیان بەتاڵ بکەنەوە.
چوارەمین دەستکەوتی کۆماری ئیسلامی لە داگیرکردنی کەرکووک، سازبوونی بێباوەڕی لە نێو هاوپەیمانانی کورد دایە. ڕاستییەکەی حاشاهەڵنەگر هەیە کە کۆمەڵگەی جیهانی بەگشتیی و ئەمریکا بەتایبەتی هیچ گەڵاڵەیەکی ستراتژیکییان بۆ چارەسەریی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست نییە و تەنیا خوازیاریی ئەوەن لە مەترسییەکانی ئەو ئاڵۆزییە بەدوور بن. لە بەرانبەر ئەوەدا ئێران هەیە کە سەرەڕایی ئەوەی گەڵاڵەی بۆ هەموو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست و وڵاتانی ئیسلامی هەیە، بەهەموو ڕێگە و نرخێک لە هەوڵدایە ئەو گەڵاڵەیە سەریش بخات. نەبوونی گەڵاڵی ستراتیژی زلهێزانی جیهان بۆ چارەسەریی قەیرانەکانیی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاست وایکردووە کە ڕەوتی هەڵسوکەوتی ئەو زلهێزانە تەنیا تاکتیکی بێت.
باشترین بەڵگە بۆ ئەوە قسەیە دامەزران و گەشەی حەشدی شەعبی لە عێراق و لە بەرانبەردا لاوازکردن و هەڵوەشاننەوەی سوپای عێراق لە پێش چاوی ئەمریکا دایە. هیچ عەقڵێکی ساغ ناتوانێ قبووڵی ئەوە بکات کە ئەمریکا ئاگەداری ئەوە نەبووە، چەکە قورسەکانی کە بەناوی سوپای عێراقەوە هاتووە، گەیشتووەتە دەست حەشدی شەعبی و لەوەش سەرتر ئەوەیە ناکرێت، بڵێین گەشە و ڕەگ و ڕیشەی حەشد لەبەرچاوی دەزگا ئەمنییەکانی ئەمریکا ونە و ئەوان حەشد و بۆچوونەکانی ناناسن کەوایە ئەوەی کە حەشد تەنیا بەبیانووی ئەوەی کە شەڕی داعش دەکات، زۆر بە ئاسانی دەتوانێ خۆی وەک جێگرەوەی سوپای عێراق دەربخات و چەک و چۆڵی بدرێتێ، تەنیا هۆکاری ئەوەیە کە زلهێزانی جیهان بەتایبەتی ئەمریکا، گەڵاڵەیەکی ستراتیژییان بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەبەردەستدا نییە.
دووهەمین نموونەی کە دەکرێت وەک نموونەیەک بۆ نەبوونی ستراتیژی ئەمریکا بۆ چارەسەریی قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی‌نێوەراست سەیری بکەین، رێککەوتن لەسەر قەیرانی نێوەکی کۆماری ئیسلامییە. لە کاتێکدا کە پێش “برجام” بەهۆی ئەو زەختانەی کە لە دەرەنجامی گەمارۆی سیاسی_ ئابووری کۆمەڵگەی جیهانی هاتبووە سەر ئێران باشترین دەرفەت بوو، هەتا بێ شەر پاشەکشە بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی‌نێوەڕاستدا بکرێت، ئەمریکاییەکان ئامادە بوون، بەتەنیا لەسەر قەیرانی نێوەکی لەگەڵ ئێران بسازێن و سازانێک کە بووە هۆی ئەوەی ئێران باشتر و بەرینتر بتوانێ درێژە بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی_ ئێرانی بدات.
سێهەمین نموونەش بۆ بێ‌ستراتیژی بوونی ئەمریکاییەکان ئەوەیە کە بەتەمان لە ڕێگەی ئیمتیازدان بە حەیدەر عیبادی، سەرکۆماری عێراق ئەو بکێشننە بەرەی خۆیانەوە. ئەوە لە کاتێدایە کە عیبادی نەک هەر لەڕووی سیاسی_یەوە بەڵکو لە ڕووی ئایینیشەوە پەیڕەوی عەلی خامنەییە.
بەکورتی هەموو هەڵسوکەوتەکانی ئەمریکا لە پاش ٢٠٠٧دا پێمان دەڵێت ئەو وڵاتە، هیچ گەڵاڵەی ستراتیژی بۆ ئەو قەیرانانە نییە کە لە پاش ١١ی سێپتامبر خۆی لە سازکردنییدا دەستی هەبووە. ئەوەش نزیکترین مانایی ئەوەیە کە ئەمریکا لە ڕاستییدا لەگەڵ براوەی گۆڕەپانەکەیە، مەگەر ئەوەی تەناهی خۆی لە نێو ئەمریکادا بکەوێتە مەترسییەوە. نەبوونی گەڵاڵەی ستراتیژیک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی‌نێوەراست وایکردووە کە دۆستایەتیی ئەمریکا لەگەڵ لایەنێکی لاوازی وەک کورد کە تەنیا بەهۆی ئەوەی هێزی چەکداریی لە گۆڕەپانەکەدا هەیە، ئامادەن لەگەڵی ڕێک بکەون، دۆستایەتییەکی کاتیی بێت. سەرەڕای ئەوەش بەو دەستکیسییە ئاستی باوەری ناوەندەکانی بڕیاری ئەمریکا بە کورد دابەزیوە و ئەوە بەو مانایەیە کە کوردەکان تەنانەت بە هێزی چەکداری سەرکەوتووش ناتوانن لەسەر هاوپەیمانی هەتاسەری ئەمریکا حیساب بکەن. ئەو قەیرانە لەبەردەم هێزەکانی پەیەدە لە رۆژئاواش هەیە.
ئەگەر وەک کورد لەگەڵ خۆمان ڕاست بین و چاوی خۆمان نەبستین، لە ڕاستییدا پاش ئەو دەستکیسییە، ئێمەی کورد زیاتر وەک هێزێکی بەکرێگیراو لە گۆڕەپانی سیاسی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا سەیرمان دەکرێت هەتا هێزیک کە بتوانین هاوپەیمانی لایەنێکی تایبەت بین. چونکە زۆر هەرزان و زۆر زووتر لەوەی کە بیری لێ دەکراوە، بەرەیەک لە کوردستان مەنزڵی خۆی گواستەوە و چووە بەرەی ئێرانەوە.

-دەستکەوتە نێوخۆییەکانی ئێران لە پەیوەندی بە داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە چییە؟
لە بەهاری ٢٠١٢وە ئێران بە فەرمی لە ژێرناوی “پارێزەرانی حەرم” واتە پارێزرانی مەرقەدە پیرۆزەکانی شێعە، بەهەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕێژیمی بەشار ئەسەدە و هەر لەو ساڵەوە ئەم سەردێڕە بووە هێمایەک ڕوو بە کۆمەڵگەی ئێران، بۆ ئەوەی ڕێژیم پاساو بۆ پشتگیریی خۆی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی ناوچەکە و ڕێژیمی ئەسەد بێنێتەوە. ڕوو بە کۆمەڵگای ئێران باسی لەوە دەکرد کە ئەم کەسانەی لە سووریا دەکوژرێن و ئەو پشتگیری ئابووریی کە لە سووریا و گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک حیزبوڵڵا دەکرێت بۆ پاراستنی مەرقەدە پیرۆزەکانی شێعەیە. قەیرانی ئابووری لە ئێران وای کۆمەڵگای ئێران تەنییەوە کە درووشمی پارێزەرانی مەرقەدە پیرۆزەکان بۆ کۆمەڵگای ئێران کارتێکەری خۆی لە دەست داوە یان ئەوەی ئامانجی کۆماری ئیسلامی ناپێکێت و ئەوەش وایکرد کە وێڕای ئەو درووشمە، دوو باسی گرینگ وەک پاساو بۆ پشتگیریی کۆماری ئیسلامی لە گرووپە تێرۆریستییەکان و ڕێژیمی ئەسەد ڕوو بە نێوخۆی ئێران بێتە گۆڕێ. یەکەم باسی بابەتی گەیشتنی ئێران بە کەناری دەریای مەدیتەرانە. خەونێک کە عەلی ویلایەتی لە سەرەتایی ٢٠١٤ وەک گەڵاڵەی کورووشی هەخامنشی باسی لێکرد. دووهەمین باسیش پاش دەسەڵاتگرتنی داعش لە عێراق و لە نێوەڕاستی ٢٠١٤دا هاتە گۆڕێ کە ئەویش بابەتی پاراستنی تەناهیی ئێران لە ڕێگەی شەڕ لە سووریا و عێراق بوو.
بەکورتی ئەگەر بمانەوێت دیپلۆماسی گشتیی کۆماری ئیسلامی روو بە نێوخۆ لە ئاست سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی_ ئێرانی پۆلێنبەندی بکەین. دەکرێت بڵێین کە دیپلۆماسیی گشتیی کۆماری ئیسلامی لەو بوارەدا سێ کۆڵەکەی سەرەکی هەیە:
یەکەم: بەکارهێنانی سۆزی ئایینی.
دووهەم: بەکارهێنانی هەستی ڕەگەزپەرستی ئێرانی.
سێهەم: چاندنی ترسی نەمانی تەناهی لە دەروونی تاکی ئێرانیدا.
دیپلۆماسی گشتیی ڕێژیم بۆ پاراستنی سیاسەتی شۆرشی ئیسلامی_ ئیرانی ڕوو بە نێوخۆی ئێران زۆر هەستیار و گرینگە چونکە لە دۆخی ئێستادا کۆمەڵگەی ئێران لەڕووی ئابوورییەوە زۆر لە ژێر زەختدایە و زۆربەی خەڵکی ئێران لەو باوەڕەدان کە ئەوەی بووەتە هۆکاری فشاریی ئابووری لە وڵاتەکەیاندا ئەوەیە کە ڕێژیم داهاتی ئێران دەدات، بە چەکدارانی وڵاتانیتر و تەنانەت لە پاش ساڵی (١٣٨٨ه.ش، ٢٠٠٩ز) لە زۆربەی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکدا درووشمێک دەگوترێتەوە، ئەوەیش ئەوەیە “نە غەزە، نە لوبنان، گیانم فیدای ئێران” و یەکەم مانا و تەنیا مانایی ئەو درووشمە ئەوەیە کە خەڵکی ئێران هاتوونە سەر ئەو باوەڕەی کە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی_ئێرانی دۆخی ژیانی ئەوانی تێکداوە و بۆیەش لە دژی ئەو سیاسەتە ئەم درووشمەیان بەرز کردووەتەوە بەڵام پاش داگیرکردنی کەرکووک لە ڕاستیدا، کۆماری ئیسلامی توانی وا بە کۆمەڵگەی فارسی بڵێت، کە ئەگەر ئەوان و دەستوپەیوەندییەکانی ئەوان نەبایە ئەوە کوردستانی باشوور جیا دەبۆوە و ئەوەش مانای ئەوەیە کە پاش ئەوەی نۆرەی کوردستانی رۆژهەڵات و دابەشکردنی ئێرانە، لە ڕاستییدا داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارانی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە، ئەو دەرفەتەی دا بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کە لە نێو کۆمەڵگەی فارس وا نیشان بدات کە ئەوان پارێزەری کەرامەتی ناسیونالیزمی ئێرانین. ئەوەش مانایی ئەوەیە کە خەڵکی فارس زیاتر هەستیان ڕوو بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی_ ئێرانی دەبزوێ و ئەوەش زۆر بەقازانجی لایەنگرانی ئەو سیاسەتەیە.

-داگیرکردنی کەرکووک دەستکەوتێکی تریشی بۆ نێوخۆی ئێران و کۆمەڵگەی فارس هەبووە، ئەویش دەستکەوتی “هیدرۆپۆلێتیک”ە.
ناوچە ناوەندی ئێران، پتر لە ١٥ ساڵە، لە تەنگژەیەکی بەرفراوانی “بێئاوی”یە و ئەوەش مەترسی خستۆتەسەر ژینگە، پیشە، کشت‌وکال و تەنانەت دێمۆگرافی ناوەندی ئێران و یەکێ لە بەرنامەکانی ئێران ئەوەیە کە ئاوی کوردستانی رۆژهەڵات بۆ قەرەبووی کەمئاوی و بێ‌ئاوی ناوەندی ئێران بۆ ئەو ناوچەیە ڕاگوێزێ بەڵام لێرەدا کوردستانی باشووری دەکەوێتە بەری خوارووی ئاوی کوردستانی رۆژهەڵات و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان “بەشە ئاوی” هەیە. هەتا ئێستا هیچ رێککەوتن و گرێبەستێک لەسەر ئاوی کوردستان لە نێوان عێراق و ئێران یان لە نێوان کوردستانی باشوور و ئێراندا نییە و ئاڵۆزی سازبوو دەتوانێ وا بکات کە ئێران هەم درەنگتر ئامادە بێت، گرێبەست لەسەر “بەشە ئاو” لەگەڵ کوردستانی باشوور یان عێراق ببەستێ و هەمیش لە بەستنی هەر چەشنە گرێبەستێکدا باڵادەست بێت.
-دەستکەوتەکانی داگیرکردنی کەرکووک بۆ خەونی دەمەداسی شێعە چییە؟
سیاسەتی دەرکی کە بنەماکەی لەسەر بڵاوکردنەوە یان پاراستنی شوناسێک بێت، بەهۆی ئەوەی لەڕووی ئابوورییەوە، تەنیا تێچووی هەیە و هیچ داهاتێکی نییە، وڵاتی خاوەن ئەو سیاسەتە مەحکوومە، بە نەمان و لە درێژخایەندا سیاسەتەکە خۆی سەری خۆی دەخوات. ئەگەر وڵاتەکە پێشەوەچوون بەخۆیەوە ببێنێ و پەیوەندی بەرین ساز بكات، لە پەیوەندییەکەدا گرینگترین ئامانج پاراستنی شوناسێکی تایبەتە، ئەوە هەر چەشنە پێشوەچوونێک بەمانای دانانی قورساییەکی زیاتر لەسەر بناغەی ئابووری خۆیەتی و ڕوونە پاشەکشەکردنیشی دیسان بە مانای ئەوەیە کە سیاسەتەکە تووشی شکست و نشست هاتووە.
ئەگەر ئەو بۆچوونە، لەسەر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆرشی ئیسلامی_ ئێرانی و خەونی دەمەداسی شێعە پیادە بکەین؛ دەبێت بڵێین کۆماری ئیسلامی لە ٦ ساڵی ڕابردوودا تێچووی شەڕی لە لوبنان، سووریا و یەمەن و تێچووی دامەزراندنی گرووپگەلی وەک “فاتمیون” و “زینبیوین” و تێچووی پشتگیری لە حیزبوڵڵای لوبنان داوە. سەرەڕایی ئەوەش لە نێوخۆی ئێران بۆ بڕەودان بە سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی_ ئێرانی تێچووی زۆر و جیاوازی داوە، هەر لە دامەزراندنی ناوەندی سیاسی و فیکری و ڕاگەیاندن بۆ خزمەتکردن بەو بیرۆکەیە هەتا ناردنی هێزی چەکداریی و شارەزایی سەربازیی بۆ ئەو وڵاتانەی کە تێدا لە شەڕ دایە. ئەوە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە ئابووری ئێران بەهۆی گەندەڵی پێکهاتەمەند و ماوەی ١٠ ساڵ ئابڵوقەی جیهانی و ئابڵوقەی تایبەتی ئەمریکا و سیاسەتی دەرەکی شووناستەوەر، تووشی داڕمانێکی زۆر گەورە هاتووە. لێرەدا ئەگەر سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی_ ئێرانی بەشێوازی پێشوو درێژەی هەبێت، ئەو سیاسەتە خۆی سەری خۆی دەخوات و ئەگەر تەنانەت کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەشدا سەرکەوێت، دەبێتە هۆی ئەوەی لە نێوخۆی ئێران لەگەڵ قەیرانی گەورەتر و بەرینتری ئابووری و داتەپینی ئابووری بەرەوڕوو ببێتەوە بەڵام پاش داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سەربەکۆماری ئیسلامییەوە، دەرفەتی ئەوە هاتووەتە بەردەمی ئێران کە بتوانێ نەوتی کەرکووک و داهاتی ئەو شارە وەک سەرچاوەی ئابووری بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار بێنێ و لانیکەمی لە کورتخایەندا بتوانێت، لە ڕێگەی ئەو دەرفەتەوە، سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی _ئێران لە شکست ڕزگار بکات و خەونی لەدایکبوونی دەمە داسی شێعە لە فەوتان بپارێزێ.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کە ئێران پتر لە ١٥ ساڵە تەنیا توانایی ئەوەی هەیە کە ئاژاوە لە وڵاتانی ئیسلامی بنێتەوە و هەتا ئێستا ئەو ئاژاوەیە نەبووە بە دەسەڵات بەڵکو هەر لە چوارچێوەی دزەکردندا ماوەتەوە. داگیرکردنی کەرکووک لەلایەن چەکدارانی سەر بە ئێرانەوە، هەنگاوێک ئێرانی لەو ئاواتە نزیک کردەوە کە دزەی خۆی لە ناوچەکەدا بەرەو پێگە و دەسەڵات بەرێ. بۆیەش پاشەکشەکردن بە ئێران لە کەرکووک بەمانای ئەوەیە کە ئێران هەنگاوێک لە خەونەکانی خۆی لە ناوچەکە دوور دەکەوێتەوە و شکستی سیاسەتی هەناردەکردنی شۆڕشەکەی دەردەکەوێت و خەونی دەمەداسی شێعە لە سندووقی نەمان دەخات.

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button