Uncategorized

گۆمی فێڵاو لەوێنەیەکەوە بۆناوچەیەکی گەشتیاری

عومەر محەمەد ئەو فۆتۆگرافەرەیە یەکەم وێنەی گۆمەکەی گرت

گۆمی فێڵاو یەكێكە لەو شوێنە سەرنج ڕاكێشانەی ناوچەی باڵەکایەتی، دەكەوێتە ناوەندی قەزای چۆمانەوە لە بناری چیای ’سێ كێل‘ و بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنەكەیەوە لەهەر لایەكی گۆمەكەوە لێی دەڕوانیت تابلۆیەكی ڕەنگینی جیاواز دەبینیت، ئەمەش وای کردووە فۆتۆگرافەران گرنگی بەم ناوچەیە بدەن، بەهۆی سروشتە جوانەکەیشیەوە بەردەوام گەشتیاران سەردانی دەكەن.

عومەر محەمەد ئەو فۆتۆگرافەرەیە کە لە ساڵی ٢٠٠٨ بۆیەکەم جار وێنەیێکی گۆمی فێڵاوی بڵاوکردە، دەربارەی چۆنیەتی دۆزینەوەی گۆمەکە ئەو فۆتۆگرافەرە بەم شێوەیە بۆ پشتی نیوزی باس کرد:

بەهۆی هەڵکەوتەی سروشتی ناوچەی باڵەکایەتی و مانەوەی بەفرو توانەوەیان لەوەرزی هاوین چەندین گۆم لەو ناوچەیەدا بوونی هەیە، لەدوایی ساڵانی ٢٠٠٠ گەشتمان کردووە بۆ بینینی ئەم ناوچانە کەپێشتر خەڵک زۆر بەکەمی ئەم گۆمانەی بینی بوو، تەنانەت هەندێکیان ناویشیان نەبیسترابوو وەک( دەراوی کەودەریان لەسەر سنوری عێراق-ئێران لەچیای چیخی دەرێ، گۆمی کەوی ساران، گۆمی چل دار، بێرمەسارد، بێرمی هۆڕنی باڵەکیان، بێرمی گەورە، بێرمی درێژ کۆڵە، لەدەڤەری سیدەکانیش بێرمی دینداران، یەکێکیش لەو گۆمانەی کەپێشتر خەڵک سەردانی نەکردبوو گۆمی فێڵاوبوو).

لەساڵی ٢٠٠٨تەوە بیستبوومان گۆمێک هەیە لەسنوری قەزای چۆمان لەگوندی بندایزان بەناوی گۆمی فێڵاو کە باکگڕاوندەکەی چیای حەساری سەکرانە و بانکگڕاوندێکی جوانی هەیە، بۆیە ویستمان سەردانی ئەم گۆمە بکەین کە دەکەوێتە بناری چیای سێ کێڵ، تا سەر چیاکە ڕۆیشتین بەڵام نەماندۆزیەوە دواتر لەڕێگەی یەکێک لەو شوان و کۆچەریانەی لەوێ بوون گۆمەکەمان دۆزیەوەو توانیمان بچینە سەر گۆمەکە“. عومەر محەمەدی فۆتۆگرافەر وای وت.

لەبارەی چرکاندنی یەکەم وێنەی گۆمی فێڵاو ئەم فۆتۆگرافەرە بەم جۆرە باسی کرد”دوای گەیشتنمان بۆسەر گۆمەکە ئەو کاتە کامێرایەکی سۆنیم هەبوو توانیم کۆمەڵێک وێنەی ئەم گۆمە بگرم و شەویش لە پێگەی تایبەتی خۆم لەفەیسبوک بڵاومکردەوە لەسەریشیم نوسی گۆمی سێڵاو بەڵام دواتر کۆمەڵێک برادەرم و کۆمەڵێک لەخەڵکی ئەو ناوچەیە پێیان وتم کەئەم گۆمە گۆمی فێڵاوەو منیش چاکم کردەوە، دواتریش خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی و گەشتیاری تریش سەردانی ئەم گۆمەی کردو بووبە ڕەمزێک لەڕەمزە جوانەکانی دەڤەری باڵەکایەتی و چۆمان“.

لەبارەی سروشتی ئەوکاتەی گۆمەکە وتیشی” ئەو کاتە سروشتێکی جوانی هەبوو، ڕێگاکەی بەپێ دەبوا بەسەر بکەویت بەڵام دواتر لەڕێگەی هەندێک لەکاربەدەستانی حکومی ڕێگاکە خۆشکراو دەتوانرێ بەئۆتۆمبێل تا نزیک گۆمەکە سەربکەویت، بەڵام ئێستاکە بەهۆی ناهۆشیاری و قەدر نەزانینی گەشتیاران ساڵ بەساڵ ئەم گۆمە پیس دەبێت و پاشماوەکانیان بەجێ دەهێڵن ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی  ئەو جوانیەی جارانی نەماوە“.

فۆتۆگرافەر عومەر محەمەد خەڵکی چۆمانە لەدایک بووی ساڵی ١٩٦٥ـە دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزیە، لەدوایی ساڵی ٢٠٠٣وە دەستی بەفۆتۆگرافی بواری سروشت کردووە، خەڵکی ناوچەکەش بە دۆزەرەوەی گۆمەکان ناوی دەهێنن.

 

دیمەنی چەند گۆمێکی دەڤەری باڵەکایەتی لەزوومی کامێرای فۆتۆگرافەری ناوبراو

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button