کوردستان

گۆڕان و كۆمه‌ڵ و هاوپه‌یمانی ڕاگه‌یه‌ندراوێك سه‌باره‌ت به‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا بڵاو كرده‌وه‌

 

 

به‌ ناوی خوای بخشنده‌ی میهره‌بان

راگه‌یه‌نراوی وه‌فدی هاوبه‌شی كوردستان دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ به‌غدا

 

بئەمڕۆ وەفدی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان‌و کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان‌و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ بەغداو دیدار لەگەڵ هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق‌و هێزو لایەنە سیاسییەکان هێنا. لە هەمو کۆبونەوەکاندا جەختمان لەسەر زەرورەتی پێدانی موچەی فەرمانبەران‌و شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم‌و ماف‌و شایستە داراییەکانی پێشمەرگەو کۆتاییهێنان بە هەلومەرجی دژواری دوزخورماتوو کەرکوک‌و سەرگەڕان‌و ناوچە جێناکۆکەکان کردەوە. هەروەها ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاك‌و بێگەرد بۆ دەستاودەسکردنی ئاشتییانەی دەسەڵات لە هەرێم‌و عیراق تەوەرێکی تری گفتوگۆکان بو، لەگەڵ پاراستنی قەوارەی دەستوریی هەرێمی کوردستان‌و مافە دەستورییەکانی.

بەرپرسە باڵاکانی عیراق‌و سەرکردەی هێزو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانیان لە داواکارییەکانی وەفدی هاوبەشی کوردستان کرد. بەرێز سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق تەئکیدی لەسەر بەڵێنی پێدانی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان‌و شایستە داراییەکانی جوتیاران کردەوە. هەروەها بەڵێنیدا ئەم هەنگاوانە لە زوترین کاتدا جێبەجێ بکرێت دوای وردبینی لیستی موچەخۆران. بە وردی تاوتوێی پیادەکردنی ئەو هەنگاوانەش کران بۆ کۆتاییهێنان بە بارودۆخی ناوچە جێناکۆکەکان. هاوکات بەڕێزان سەرۆک کۆمارو جێگرەکەی‌و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق‌و سەرکردە سیاسییەکانیش بەڵێنی هاوکاری‌و بەدواداچونی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێن‌و نەخشەرێگایانەیان دا. هەروەها جەخت لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان‌و بەغدا کرایەوە.

جێی خۆیەتی بوترێ سەردانی ئەم وەفدە دوای ئەوە دێت کە ئێمە هەوڵێکی زۆرماندا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی‌و چارەسەرکردنی پرسی بژێوی هاوڵاتیانی هەرێم‌و کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر بنەمای دەستور. بەڵام دەسەڵاتدارانی هەرێم سور بون لەسەر درێژەدان بە هەمان شێوازی کاری رابردویان.

٢٠١٨/١/٦

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button