
خاتوو یەڵدا هونەرمەندی فارسی بەڕەگەز ئێرانی کە دانیشتووی ئیسپانیایە لە فێستیڤاڵێکدا ڕێکەوتی ٢٨ی نۆڤەمبر لە بەرشلۆنە، گۆرانی کوردی بە زاراوەی کەڵهوڕی خوێند و سەرنج و هاندانی بەشداربووانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و خۆی دەڵێت ئەمە یەکەمجارە کە گۆرانی کوردی لەم ماوەی ژیانمدا دەبینم کە لە ئیسپانیا بەم شێوەیە پێشکەش دەکرێت.
یەڵدا لەدایکبووی تارانە و چەند ساڵێکە لە ئیسپانیا دەژی و لە دوو بواری ڕۆژنامەنووسی و زمانی ئیسپانیدا خاوەنی ماستەرنامەیە و لەگەڵ هەندێ ناوەندی ڕۆژنامەنووسی ئینگلیزی و ئەورووپی کاری کردووە. ناوبراو لە لێدوانێکدا تایبەتدا بۆ پشتی نیوز دەربارەی حەزی خۆی بۆ موسیقای نەتەوەکان وتی: “زۆر حەزم لە کولتووری جیاوازە و بۆ ناسینیان فێربوونی زمان و وتنەوەی موسیقاکەیانم هەڵبژاردووە و چوار ساڵە بەجددی و پرۆفێشناڵی گرنگی بە هونەر دەدەم و لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لە بەرشلۆنە بەرهەمم بووە و بەیارمەتی هاوڕێیانم کە لە وڵاتگەلی جۆراوجۆرن گرووپی هونەری “بی، ئێس، ئێن”
واتە پڕۆژەی جیهانی موزیک-مان دامەزراندووە. ئامانجمان ئەوەیە لە ڕێی موسیقاوە هەموو سنوورەکانی سیاسی و جوغرافی بشکێنین و دژی ڕەگەزپەرستی هەڵوێستمان هەبێت”.
خاتوو یەڵدا کە زۆر گرنگی بە فولکلۆری وڵاتان و نەتەوەکان دەدات، سەبارەت بە کولتووری کورد و وتنی گۆرانی کوردی وتی: “زۆر حەزم لە کولتووری جوانی کوردە.
لە ساڵی ٢٠١٠ەوە خۆم فێری زمانی کوردی کرد و بەبێ مامۆستا بە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵک و گوێگرتن لە موسیقا و هەواڵەکان هەوڵم دا کوردییەکی باش قسە بکەم و بنووسم و تەنانەت لە زمانەکانی تریشەوە بۆ کوردی یان لە کوردییەوە بۆ زمانەکانی تر وەرگێڕانم هەبێ و یەکەم کاریشم وەرگێڕانی کورتە شیعرەکانی خوالێخۆشبوو شێرکۆ بێکەس بوو بۆ ئیسپانی کە کاتی خۆی لە سلێمانی چاپ کرا و هیوادارم لێرە بتوانم چاپی دووبارەی بکەم. دیالێکتەکانی زمانی کوردی دەزانم و بە هەر دوو ڕێنووسی ئارامی و لاتین دەنووسم. بۆیە فێر بووم چونکە حەزم لە زمانی کوردییە.
ئەم گۆرانییە کوردییە بە زاراوەی کەڵهوڕی کە لەم فێستیڤاڵەدا پێشکەشم کرد برای بەڕێزم کاک حەمید ئازموودە کە خەڵکی سنەیە و ئێستە لە تورکیا دەژی یارمەتیدەرم بوو“.
لەو فێستیڤاڵە بە زمانەکانی ئیسپانی، ئەفریقی، عیبری، فارسی، کوردی، پۆڵۆنی (لهستان)، ڕۆمانی، کەتالۆنی، پڕتەقاڵی و ئینگلیزی و تورکی گۆرانی پێشکەش کرا و خاتوو یەڵدا دەڵێت: “هەرچەند موسیقی زمانی هەست و ئیحساسی مرۆڤە بەڵام هەوڵ دەدەم پێش وتنی گۆرانییەکانم بە زمانگەلی جۆراوجۆر، پێشینەیەک و ناسینێک دەربارەی گۆرانییەکە بە بیسەران و خوازیارانی بدەم”. یەڵدا خانم فارسە و شارەزای تەواوی بەسەر پێنج زمانی ئینگلیزی، سپانی، تورکی، عەرەبی و کوردی هەیە واتە هەم قسەی پێ ئەکات و هەمیش هاوکات وەرگێڕانی ئەو زمانانە دەکات و لە دوو زمانی پڕتەقاڵی و ئیتاڵی-ش تێدەگات بەڵام قسەی پێ ناکات. دەتوانین بڵێین ئەم خاتوونە هەڵگری ٨ زمانە. ئەو دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی وتنەوەی گۆرانی بە زمانی کوردی دەڵێت: “بۆیە کوردیم هەڵبژاردووە چونکە زۆر حەزم لە ئەدەب و زمان و کولتوورەکەیەتی و دەمەوێ ئەو کولتوورە جوانە بە خەڵکی ئێرە بناسێنم. کوردەکان لێرە ئەکتیڤ نییە و من دەمەوێ وەکو داکۆکیکارێکی بچووکی نەتەوەی کورد لێرە چیم پێ بکرێت ئەنجامی بدەم”.
خاتوو یەڵدا کە کاری وێنەگری و مۆدێلینگیش دەکات و لە چەند پێشانگە و فێستیڤاڵیش لەم بارەوە دەوری کارای لە وڵاتی ئیسپانیا گێڕاوە و تەنانەت جارێکیشیان لە فێستیڤاڵێکی جلوبەرگدا لەسەر خواست و هەوڵی خۆی نمایشکاری جلوبەرگی کوردی بووە؛ هیوا دەخوازێت کوردەکانیش لە ئیسپانیا دەوریان هەبێ بۆ ناساندنی کولتوور و زمان و نەتەوەکەیان و هەروەها پشتگیریش بکرێت لەو کەسانەی خزمەتی ئەم ناساندنەی کولتوور و ئەدەب و زمانی کوردی دەکەن و گلەیی لە ڕەوەندی کوردی هەیە لە ئیسپانیا کە دەتوانن دەوری کارا بگێڕن بەڵام دیار نین.