په‌نابه‌ران

یه‌ختێك به‌ 82 نه‌فه‌ر و 3 قوپتانه‌وه‌ له‌ مینایه‌كی یۆنان ده‌ستگیر كران

به‌ره‌به‌یانی دوێنێ شه‌و كاتژمێر 1:00 یه‌ختێك به‌ 82 نه‌فه‌ر و 3 قوپتان ده‌ستگیر كران .

دوای به‌ دواداچونی تیمی Pishti-News, یه‌خته‌كه‌ له‌ شوێنێكی ئه‌سینا به‌ نایاسایی به‌ڕێكه‌وتبوو به‌ره‌و وڵاتی ئیتاڵیا. له‌ ڕێگادا، نزیك دورگه‌ی كیتیرا یه‌خته‌كه‌ به‌ هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكه‌وه‌ له‌ ئیش كه‌وت و مه‌كینه‌ی ڕاوه‌ستا.

له‌ په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌ گه‌ڵ به‌رپرسی مینای دیاكۆفتی (Diakofti)، به‌ پشتی-نیوزی ڕاگه‌یاند كه‌ یه‌خته‌كه‌ چه‌ند خوله‌كێك له‌ ناو ئاودا به‌ هۆی كێشه‌ی ته‌كنیكیه‌وه‌ ڕاوه‌ستابوو و ئاو ده‌چووه‌ ناو یه‌خته‌كه‌. ئێمه‌ ئاگادار كراین و  به‌ په‌له‌ 3 یه‌ختی پۆلیسمان نارده‌ شوێنه‌كه‌، تاوه‌كو زیان به‌ هیچ په‌نابه‌رێك نه‌گات. دوای چه‌ند خوله‌كێك پۆلیسی سه‌ر ئاوی میناكه‌مان گه‌یشتنه‌ سه‌ر یه‌خته‌كه‌ و گشت په‌نابه‌ره‌كانمان رزگار كرد.

به‌رپرسی مینای دیاكۆفتی ئه‌وه‌شی به‌ پشتی-ییوز راگه‌یاند: یه‌خته‌كه‌ 14 مه‌تر بوو و 3 قوپتانه‌كه‌ش به‌ ره‌گه‌ز ئۆكرانین و گشت نه‌فه‌ره‌كان خه‌ڵكی عێراق و سوریا و ئێرانن.

له‌ نێویاندا، 18 منداڵی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ هه‌ن و 9 ئافره‌ت و 55 پیاو.

ئێستا گشت په‌نابه‌ره‌كان له‌ باله‌خانه‌یه‌كی حكومیدان له‌ دورگه‌ی كیتیرا و 3 قوپتانه‌كان سبه‌ینێ به‌یانی ره‌وانه‌ی دادگای پیریا ده‌كرێن.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button