په‌نابه‌ران

یۆنان هێزی زیاتر ده‌نێرێته‌ سه‌ر سنوره‌كانی بۆ ڕێگری گرتن له‌ لێشاوی كۆچبه‌ران

نزیكه‌ی 1.000 سه‌رباز و هێزی ئه‌منی به‌ سه‌ر سنوره‌كانی وشكانی له‌ گه‌ڵ توركیا بڵاوه‌یان پێكراوه‌

حكومه‌تی یۆنان پلانێكی تۆكمای ئاماده‌ كردووه‌ بۆ تووند كردنی زیاتری سنوری وشكانی له‌ گه‌ڵ توركیا بۆ ڕێگری كردن له‌ كۆچی نایاسایی

 

نزیكه‌ی 1.000 پۆلیس و هێزی تایبه‌تی ئه‌منی نێردراونه‌ته‌ سه‌ر سنوری وشكانی یۆنان و توركیا، چونكه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌ردۆغان به‌ نیازه‌ له‌ كاتی هاویندا دووباره‌ سنوره‌كانی خۆی بكاته‌وه‌ به‌ڕووی كۆچبه‌ران به‌ره‌و یۆنان و وڵاتانی ئه‌وروپا.

به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ی كه‌ دانراوه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری یۆنانه‌وه‌، هێزی سه‌ربازی یۆنانی و پۆلیس و هێزی تایبه‌ت بڵاوه‌یان پێكراوه‌ له‌ ته‌واوی سنوری وشكانی یۆنان و توركیا تاكو ئه‌گه‌ر له‌ داهاتوودا كۆچبه‌ران به‌ لێشاو ڕوو له‌ یۆنان بكه‌ن، له‌ ئاماده‌باشیدابن و ڕێگری له‌ كۆچی نایاسایی بكه‌ن.
وه‌زیری به‌رگری یۆنان، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا بۆ كه‌ناڵی Skai یۆنانی ڕایگه‌یاند، كه‌ چه‌ند زانیاریه‌كیان پێگه‌یشتووه‌ گوایه‌ توركیا به‌ نیازه‌ له‌ وه‌رزی هاویندا دووباره‌ سنوره‌كانی بكاته‌وه‌ بۆ كۆچبه‌ران، بۆ دروست كردنی جه‌ختێك له‌ یه‌كێتی ئه‌وروپا.

وه‌زیری به‌رگری یۆنان:

له‌ ئاماده‌باشیداین بۆ هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراوه‌ و كۆچی نایاسایی له‌ سنوره‌كانمانه‌وه‌.
لێشاوی مانگی دووی ئه‌مساڵ كۆتایی نه‌هاتووه‌، هێشتا مه‌ترسی ماوه‌ كۆچبه‌ران له‌ توركیاوه‌ ڕوو له‌ سه‌ر سنوره‌كانمان بكه‌ن. پێمان وایه‌ لێشاو دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ به‌ پێی ئه‌و لێدوانانه‌ی به‌رپرسانی توركیا ده‌یده‌ن. ئێمه‌ خۆمان له‌ ئاماده‌باشیدا داناوه‌ تاكو ڕێگری له‌ هه‌ر كارێكی نایاسایی بكه‌ین. ئێمه‌ سنوره‌كانی خۆمان ده‌پارێزین و هه‌وڵدانمان به‌رده‌وام ئه‌بێت بۆ ته‌لبه‌ن كردنی ته‌واوی سنوره‌كانمان و له‌ كه‌سیش ناترسین.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌ریای ئیجه‌ و سنوری ئاوی نێوان توركیا و یۆنان، وه‌زیری به‌رگری یۆنان ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ هێزی ده‌ریاوانی له‌ گه‌ڵ هێزی هاوپه‌یمانی FRONTEX سنوره‌كانیان توند كردووه‌ و ڕێگری له‌ كۆچی نایاسایی ده‌كه‌ین. هه‌موو كارێك جه‌ به‌جێ ئه‌كه‌ین بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمانمان.
پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)
به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button