په‌نابه‌ران

یۆنان و به‌ریتانیا له‌ سه‌ر ڕێگری گرتن له‌ كۆچی نایاسایی ڕێكه‌وتنێكیان واژوو كرد

یۆنان و به‌ریتانیا له‌ سه‌ر چه‌ند خالێكی تایبه‌ت به‌ ڕێگری کردن له‌ كۆچی نایاسایی بە هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوولا ڕێكه‌وتن

 

له‌ سه‌ر پلانێكی ستراتیجی بۆ رێگری کردن له‌ كۆچی نایاسایی و ده‌ستگیر كردنی باند و قاچاخچیه‌كان و بۆ پاراستنی سنوره‌كانی یه‌كێتی ئه‌ورپاش، له‌ لایه‌ن جێگری وه‌زیری په‌نابه‌ران یۆنان،یۆرگۆس كوموچاكۆس و وه‌زیری په‌نابه‌رانی به‌ریتانیا، كریس فیلیپس ڕێكه‌وتنێك ئه‌نجام درا.

به‌ پێی ڕاگه‌یاندنی وه‌زراتی په‌نابه‌رانی یۆنان، بڕیار وایە هه‌ردوولا له‌ داهاتوودا هه‌وڵی چاره‌سه‌ری دۆخی په‌نابه‌ران بده‌ن و ڕێگری بکەن له‌ كۆچی نایاسایی و ئاڵو گۆڕی زانیاریه‌كانی ده‌زگا ئه‌منیه‌كان بۆ ده‌ستگیر كردنی باند و قاچاخچیه‌كان كه‌ كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ران به‌ تایبه‌تی له‌ توركیاوه‌ ڕه‌وانه‌ی یۆنان ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها له‌ سه‌ر هه‌مان ڕێكه‌وتندا، چه‌خت له‌وه‌ش كرا كه‌ به‌ریتانیا له‌ داهاتوودا منداڵانی بێ دایك و باوك و خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌ یۆنان وه‌ربگرێت له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا له‌ یۆناندا ده‌ژین و كه‌سوكاریان له‌ به‌ریتانیایه‌، ئه‌وانه‌ش به‌ مه‌به‌ستی به‌ یه‌ك گه‌یاندنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی خێزانه‌كان.

یه‌كێك له‌ خاڵه‌كانی رێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ریتانیا له‌ ڕووی هێزی ده‌ریاوانیه‌وه‌ هاوكاری یۆنان بكات تاكو پێكه‌وه‌ له‌ ده‌ریادا كار بكه‌ن بۆ ڕێگری کردن له‌ كۆچی نایاسایی له‌ توركیاوه‌ بۆ یۆنان له‌ ده‌ریای ئیجه‌دا.

جێگری وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، به‌ ئه‌رێنی باسی ڕێكه‌وتنه‌كه‌ی كرد و ڕایگه‌یاند:

ئه‌مه‌ هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوان ئەسینا و له‌نده‌ن بۆ باشترین پاراستنی سنوره‌كانی یه‌كێتی ئه‌وروپا و به‌رگری كردن له‌ كۆچی نایاسایی.

له‌ به‌رامبه‌ردا، وه‌زیری په‌نابه‌رانی به‌ریتانیا، كریس فلیپس ڕایگه‌یاند:

كۆچی نایاسایی به‌ هاوكاری چه‌ند باندێكی قاچاخچێتی ئه‌نجام ده‌درێن كه‌ ژیانی كۆچبه‌ران و په‌نابه‌ران ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌ پاراستنیان بكه‌نه‌وه‌. ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ به‌ڵێنی به‌ریتانیایه‌ بۆ پاراستنی سنوره‌كان و ڕێگری كردن له‌ كۆچی نایاسایی بۆ ئه‌وه‌ی كۆچبه‌ران ئه‌م ڕێگه‌ مه‌ترسیه‌ نه‌گرنه‌ به‌ر و ڕوو له‌ ئه‌وروپا و به‌ریتانیا نه‌كه‌ن.

 

هه‌ورامان خالید (Hawraman Khalid)

په‌یامنێری Pishti-News

زیاتر ببینه

Hawraman Khalid

نووسەرو ڕۆژنامەنووس

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button