په‌نابه‌ران

یۆنان: 32.000 كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر نادیارن

وه‌زاره‌تی په‌نابه‌رانی یۆنان ده‌ڵێت، 32.000 په‌نابه‌ر نادیارن

 

وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، نۆتیس میتاراكیس، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا سه‌باره‌ت به‌ پرۆسه‌ی مافی په‌نابه‌ری ڕاگه‌یاند كه‌ تا ئێستا نازانین 32.000  په‌نابه‌ر له‌ كوێن كه‌ داوای مافی په‌نابه‌ریان كردووه‌ و هێشتا وه‌ڵامیان وه‌رنه‌گرتووه‌، به‌ڵام په‌نابه‌ره‌كان له‌ وڵاتی یۆناندا نه‌ماون.

میتاراكیس باسی له‌وه‌ش كرد، كه‌ تا ئێستا 32.574 په‌نابه‌ر ڕه‌فزی وه‌رگرتووه‌ له‌ یۆنان، به‌ڵام حكومه‌تی یۆنان هیچ زانیاریه‌كی نیه‌ له‌ سه‌ر ئه‌و په‌نابه‌رانه‌ دوای وه‌رگرتنی یه‌كه‌م ڕه‌فزیان، نازانێت له‌ كوێن و چیان به‌سه‌ر هاتووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دیپۆرت كردنی په‌نابه‌ران بۆ توركیا، میتاراكیس ڕایگه‌یاند كه‌ له‌ 10/3/2020ه‌وه‌ حكومه‌تی توركیا به‌بیانوی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا ڕازی نیه‌ هیچ په‌نابه‌رێك له‌ یۆنان وه‌ك دیپۆرت كراوه‌ وه‌ربگرێت، له‌ كاتێكدا ڕێكه‌وتن كراوه‌ له‌ گه‌ڵ یه‌كێتی ئه‌وروپا، له‌ ساڵی 2016ه‌وه‌.

وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، ئاشكرای كرد كه‌ وه‌ك حكومه‌ت نازانن چه‌ند كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر به‌ نایاسایی له‌ یۆنان ده‌ژین ، ئه‌وه‌ ته‌نها پۆلیس و هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ كاتی پشكنیندا له‌ شار و شارۆچكه‌كان ده‌توانن ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ بدۆزنه‌وه‌. وه‌ك چۆن كۆچبه‌ر و په‌نابه‌ر له‌ توركیاوه‌ به‌ نایاسایی ڕوو له‌ وڵاته‌كه‌مان ده‌كه‌ن، به‌ هه‌مان شێوه‌ له‌ یۆنانیشه‌وه‌ به‌ نایاسایی ڕوو له‌ وڵاتانی باڵكان و باكوری یۆنان ده‌كه‌ن. حكومه‌تی یۆنان ئامانجی ئه‌وه‌ نیه‌، كۆجبه‌ر و په‌نابه‌ر به‌ نه‌یاسایی یۆنان جێبهێڵن به‌ڵام  ئه‌وه‌ شتێكه‌ كه‌ ڕوو ده‌دات و بوونی هه‌یه‌. ئێمه‌ نازانین مانگانه‌ چه‌ند په‌نابه‌ر له‌ یۆنانه‌وه‌ به‌ نایاسایی سنوره‌كانمان به‌ره‌و باكور ده‌به‌زێنن، چونكه‌ بێ ئاگاداری ئێمه‌ یۆنان جێده‌هێڵن.

له‌ پرسیارێكی ڕۆژنامنووسێكدا، چۆن حكومه‌تی یۆنان ده‌توانێت ئه‌م دۆخه‌ چاره‌سه‌ر بكات؟

له‌ وه‌ڵامدا، میتاراكیس ڕایگه‌یاند، كه‌ له‌ ئێستادا كارتی ئه‌له‌كترۆنی بۆ په‌نابه‌ران دروست ده‌كه‌ن به‌ بڕیار وایه‌ تا 15/01/2021 ته‌واوی ببێت، به‌و شێوه‌یه‌ ده‌زانین له‌ كۆی 84.000 په‌نابه‌ر كه‌ داوای مافی په‌نابه‌ریان كردووه‌، چه‌ند كه‌سیان له‌ یۆنان نشته‌جێن و لێره‌ ماونه‌ته‌وه‌.

له‌ كۆتایی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌دا وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد كه‌ یۆنان هیچ كارێكی نه‌كردووه‌ بۆ ڕێگری گرتن له‌ كۆچی نایاسایی له‌ یۆنانه‌وه‌ بۆ وڵاتانی باڵكان و باكوری ئه‌وروپا…

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News

 

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button