خورهه لاتی ناوه راست

‫لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان خۆپیشاندان دژی ڕژێمی ئێران بەردەوامە.. و كوژراو بریندار هەیە.‬

 

‫جارێكی دیكە شەپۆلی دەربڕینی ناڕەزایەتیەكانی گەلانی ئێران و (ڕۆژهەڵاتی كوردستان) لە دژی سیاسەتەكانی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی سەریهەڵدایەوە…‬

‫سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەكانی ئەمجارە لە ئێران دوای ڕاگەیاندنی هەواڵی گرانبونی نرخەكانی سوتەمەنی (بەنزین) دەستیپێكرد… بەڵام وەكو هەمیشە لە زۆربەی دروشمەكان داوای ڕوخان و لە ناوچونی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی دەكەن گەلانی ئێران.‬

‫بە پێی زانیاریەكان بەهۆی كەوتنەوەی تووندووتیژی لە خۆپیشاندانەكان تا ئامادەكردنی ئەم ڕاپۆرتە لە سەرتاسەری شارو شارۆچكەكانی ئێران بەدەستی هێزە ئەمنیەكان ژمارەیەكی زۆر كوژراو بریندار هەیە، كە بەشێك لەو كوژراو بریندارانە لە شارەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ڕوویانداوە. ‬

‫بە پێی زانیاری سەرچاوەكانی ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە بە وێنە و ڤیدیۆ لە تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بڵاوكراوەتەوە لە زۆربەی شارو ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان كۆمەڵانی خەڵكی ڕژاونەتە سەر شەقامەكان و كوچە و كۆڵانەكان دژی سیاسەتە ستەمكاریەكانی چل ساڵەی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی لەبەرامبەر بە گەلی كورد دروشمی جۆراوجۆر دەڵێنەوە و وێنە و پۆستەرەكانی كاربەدەستانی ”ڕژێم” بەتایبەتی لە سەر شەقام و فەرمانگەكان لە نێویاندا بارەگاكانی ”بەسیج” سەربە سوپای پاسداران دێننە خوارەوە و دەیانسوتێنن.‬

‫سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن لە شارەكانی ڕۆژهەڵات بەتایبەتی لە كرماشان، سنە، و مەریوان، دەكەس لە هاونیشتیمانیانی كورد بە دەستی هێزە ئەمنیەكان كوژراون وە دەیانی دیكەش بریندارن. ‬

‫سەرچاوەكان لە ناوخۆی ڕۆژهەڵات بە پشتی نیوزیان ڕاگەیاند: هێزێكی زۆری ئەمنی و سەربازی لە زۆربەی شارو شارۆچكەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بۆ سەركوتكردنی هاونیشتیمایانی كورد بڵاوەیان پێكراوە و هێزەكانی سوپا و ئیتڵاعات دەستیانكردوە بە دەستگیركردنی هاونیشتیمانیانی كورد. وە لە نەخۆشخانەكان بریندارەكان دەستگیردەكەن و بەدواداچونیش بۆ ئەو ماڵانە دەكەن كە برینداریان لێ حەشارداوە بۆ ئەوەی دەستگیریان بكەن. ‬

‫بەپێی سەرچاوەكان: لەگەڵ ئەوەی هێزێكی زۆر بۆ سەركوتكردن لە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات بڵاوەیان پێكراوە .. بەڵام كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی ڕۆژهەڵات لە زۆربەی شار و ناوچەكان بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی ڕژێمی كۆماری ئیسلامی.‬

‫ئامادەكردنی ڕاپۆرت/ ڕۆژنامەنوس _ بەهمەن حەسەن‬
‫وێنەكان/ تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان‬

‫ ‬

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button