لە ڕۆژانی ڕابردوودا، پاش ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییە کوردەکانی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان (ناوچەی گرێ سپی) دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە ئاوارەیی و دەربەدەری، بڕیاریان دا بگەڕێنەوە سەر زێد و ماڵ و حاڵی خۆیان، لەلایەن گرووپە عەرەبەکانی ئەو ناوچەوە ڕووبەڕووی پەلامار، توندوتیژی و سووکایەتیی توند بوونەوە.
بەپێی ئەو زانیاری و گرتە ویدیۆییانەی کە لە ناوچەکەوە بڵاو کراونەتەوە، ئەم هاووڵاتییە کوردانە لەکاتێکدا بە هیواوە گەڕابوونەوە بۆ ئەوەی لە خاکی باوباپیرانیان بژین، کەچی لەلایەن ژمارەیەک لە دانیشتووان و چەکدارە نیشتەجێبووەکانی ناوچەکە (کە لە دوای داگیرکاریی ناوچەکەوە لەوێ نیشتەجێ کراون) ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی ڕقو کینە بوونەتەوە. عەرەبە تیرۆرستیەکان دەستدرێژییان کردووەتە سەر ئۆتۆمبیل و موڵک و ماڵی کوردە گەڕاوەکان، ژمارەیەک ئۆتۆمبیلیان شکاندوون و زیانی مادیی گەورەیان پێ گەیاندوون.
جگە لە زیانە مادییەکان، هێرشبەرەکان سووکایەتیی ڕاستەوخۆیان بە کەرامەتی هاووڵاتییە کوردەکان کردووە و بە شێوازێکی توند هەڕەشەی کوشتن و دەرکردنیان لێ کردوون، بە جۆرێک کە ڕێگەیان نەداوە بە ئارامی لە ناو ماڵ و حاڵی خۆیاندا جێگیر ببن. ئەم ڕەفتارە رەگەزپەرستانە و توندوتیژانە شەپۆلێکی قووڵی تووڕەیی و نیگەرانیی لەناو توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی کوردستاندا لێکەوتووەتەوە.
ڤیدیۆی هەڕەشەی کوشتن لە لایەن یەکێک لە عەرەبەکان
چاودێرانی سیاسی و چالاکوانانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەم جۆرە کارانە درێژەپێدەری سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردنشینەکانە، کە ئامانج لێی ترساندن و کۆچپێکردنی دووبارەی کوردەکانە لە خاکی خۆیاندا. داوا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت دەستبەجێ هاتنە پێشەوە بکەن بۆ پاراستنی گیان و ماڵی هاووڵاتییە گەڕاوەکان و سنورێک بۆ ئەم پێشێلکارییە یاسا شکێن و دڕندانەیە دابنێن، تاوەکو چیتر ماف و کەرامەتی مرۆڤ و کوردەکان لەو ناوچانەدا ژێرپێ نەخرێت.
پشتیوان جاف
ڕۆژنامەنووس \ بەرێوبەری پشتی-نیوز