په‌نابه‌ران

هەر کۆچبەرێک 3 ساڵ لە وڵاتی یۆنان نشتەجێ بێت، ئیقامە وەردەگرێت

ئیقامەکە بۆ کار کردنی ڕەسمیە لە وڵاتی یۆنان

حکومەتی یۆنان پرۆژەیاسایەکی ئامادە کردووە بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە 3 ساڵە لە وڵاتی یۆنان نشتەجێن و ئیقامەیان نیە، بە شێوەیەکی خێرایی ئیقامە وەربگرن

 

لە دوێنێ ڕۆژی هەینیەوە وەزارەتی پەنابەرانی یۆنان بەیانامەیەکی بڵاو کردەوە کە بە پرۆژایاسایەکیان خستۆتە پەرلەمانەوە بۆ جێ بەجێ کردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە لە وڵاتی یۆنانن و ئیقامەیان نیە، بە تایبەتی ئەوانەی کە تا 30/11/2023 لە وڵاتی یۆنان 3 ساڵ نشتەجێ بوونیان هەیە، واتە 3 ساڵ لەم وڵاتە دەمێننەوە و هیچ جۆرە ئیقامەیەکیان نیە، دەتوانن داوای ئەم ئیقامەیە بکەن.

ئەم ئیقامەیە چیە؟

ئەم ئیقامەیە تەنها بۆ کار کردنی ڕەسمیە لە وڵاتی یۆنان، واتە بۆ ئیشی سپیە و تەنها ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا بە نایاسایی ڕوویان لە وڵاتی یۆنان کردووە، هیچ ئیقامەیەکیان نیە بەڵام بتوانن بیسەلمێنن کە تا 30/11/2023 لە یۆنان 3 ساڵ مانەوەیان هەیە. وە ئەو کۆچبەرانەش دەگرێتەوە کە لە ڕابردوودا ڕەفزیان وەرگرتووە بۆ داوا کردنی مافی پەنابەری و ئێستا لە یۆنان دەژین بەڵام هیچ ئەوراقێکی ڕەسمیان نیە، ئەوانیش ئەگەر بیسەلمێنن کە 3 ساڵ لە یۆنان نشتەجێن دەتوانن ئەم جۆرە ئیقامەیە وەربگرن.

چۆن دەتوانیت داوای ئەم ئیقامەیە بکەیت؟

یەکێک لە داواکانی حکومەتی یۆنان ئەوەیە کە دەبێت کۆچبەران بیسەلمێنن کە 3 ساڵ لە یۆنان دەژین، هەروەها دەبێت کار بکەن لە شوێنێت یاخود وەرەقە وەربگرن لە شوێنی کارەکەیان کە بریار وایە لەوێ کار بکەن، پاشان ئیقامەکە وەردەگرن.  ئەگەر واز لە کارەکەیان بێنن، ئیقامەکەیان ڕەفز دەکرێتەوە. ئەم جۆرە ئیقامەیە تەنها بۆ کار کردنی ڕەسمیە لە وڵاتی یۆنان، هیچ مافەکی دیکەی نیە.

وەزیری پەنابەرانی یۆنان وەک ڕوونکردنەوەک لەم پرۆژەیاسایە ئەمڕۆ ئاشکرای کرد کە ئەم جۆرە ئیقامەیە تەنها ئەو کۆچبەرانە دەگرێتەوە کە تا 30/11/2023 لە یۆنان 3 ساڵ مانەوەیان هەیە، لامان گرنگ نیە کە ئیقامەی وەرنەگرتووە یاخود ڕەفزی هەبووە، یاخود بە نایاسایی دەژیت، بەڵام بیسەلمێنێت کە 3 ساڵ لە یۆنان دەژیت و لە شوێنێکیش کار دەکات. هەروەها ئەو ئیقامەی کە دەدرێتە کۆچبەران بۆ 1 ساڵە و ساڵەنە نوێ دەکرێتەوە. بۆ هەموو کۆچبەرێک نیە. بە پێی داتاکانی وەزارەتەکەمان 28.000 کۆچبەر دەتوانن لێی سوودمەند بن چونکە لە لە ماوەی 3 ساڵی ڕابردوودا تا ئەمڕۆ 28.000 کۆچبەری نوێ ڕوویان لە یۆنان کردووە، ئەم پرۆژەیاسایە تەنها بۆ ئەوانە.

لە ئێستادا پێویستمان بە کارمەندە لە کارگەکان، لە کۆمپانیا گەورەکان، بۆ کاری کشتوکاڵی، بۆ یۆنان زۆر گرنگە ئەو کۆچبەرانە ببنە خاوەنی ئیقامە و بتوانن کار بکەن بە ڕەسمی.

وەزیری پەنابەرانی یۆنان، دیمیترسی کەریدیس (Dimitris Keridis) ئەمڕۆ لە پەرلەماندا گوتی کە ئەم ئیقامەیە مافی ئەوە نادات بە کۆچبەران لە ئایندە داوای هاوڵاتینامەی (جنسێی) یۆنانی بکەن، وە مافی ئەوەیان پێ نادات کەسوکاریان لە وڵاتەکانی خۆیان ڕابکێشن بۆ یۆنان، تەنها مافی کار کردنیان هەیە بە ڕەسمی و بتوانن بە یاسایی لە یۆنان بژین.

وڵاتی یۆنان لە ئێستادا پێویستی بە زیاتر 30.000 کارمەند هەیە لە بواری کشتوکاڵی بە تایبەت لە دورگەکان، بەڵام هیچ لە هاوڵاتیە یۆنانیەکان ئامادە نین کاری کشتوکاڵی بکەن، هەروەها دەیان دۆنم عەرز کێشەیان هەیە لە بە رئەوەی کارمەند نیە بەرهەمان کۆ بکاتەوە. بەڕێز کێریدیس لە نێو پەرلەماندا گوتی، ئەگەری هەیە بەهۆی نەبوونی کارمەندەوە ئەمساڵ زەیتون کۆ نەکرێتەوە و بەرهەمی ڕۆنی زەیتون کەم بکاتەوە و لانی کەم 1,5 تا 3 ملیار یۆرۆ زەرەر بکەن. بۆیە ئەم پرۆژەیاسایە هاوکاری ئەو کۆچبەرانە دەکات کە دەیانەوێت لە یۆنان بمێننەوە و بە ڕەسمی کار بکەن و هاوکاری کشتوکاڵی یۆنان بکەن.

بڕیار وایە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، ئەم پرۆژەیاسایە پەسەند بکرێت لە پەرلەمانی یۆنان و بە شێوەیەکی خێرایی کۆچبەران بتوانن ببنە خاوەنی ئەم جۆرە ئیقامەیە

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

بەڕێوبەری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button