ئەو وێنەگرەی لە رێگەی وێنەکانیەوە نەهامەتییەکانی کۆڕەوەکەی ساڵی۱۹۹۱ی  بڵاوکردەوە ، بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوایی کرد.

یانیس بەهراکیس لەساڵی (1960)لەئەسینای پایتەختی یۆنان لەدایکبووە،  وێنەکانی سنورەکانی جیهانی بڕیوە و گرنگترین روداوەکانی مێژویی بە کامێراکەی تۆمار کرد ، کۆڕەویش یەکێکبوو لەو نەهامەتی و مەینەتییانەی کورد کە ئەو فۆتۆگرافەرە تۆماری کردبوو.

یانیس بەهراکیس بۆ تۆمارکردنی روداوە گرنگ و چارەنوس سازەکانی جیهان خۆی گەیاندوەتەوە بەرەکانی جەنگ و شوێنە کارەساتبارەکان و سات و چرکە هەستیارە مێژوییەکانی تۆمار کردوە ،  کە گرنگترینیان بریتین لە: (جەنگی ئەفغانستان، کۆڕەوی کورد لە ساڵی (1991) ئاوارەبونی هەزاران هاوڵاتی کۆسۆڤۆ لە ساڵی (1988) جەنگی چیچان، بومەلەرزەی کشمیر، بەهاری عەرەبی، دۆخی کۆچبەرانی جیهان).

یانیس کە بە یەکێک لە فۆتۆگرافەرە ناودارەکانی (30) ساڵی رابردو ناسراوە، چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی پێبەخشراوە کە گرنگترینیان خەڵاتی باشترین (فۆتۆ جۆرنالیستی جیهانی) بوە.

ئەو فۆتۆگرافەرە زۆربەی کارەکانی لە ئاژانسی هەواڵیی رۆیتەرز بڵاوکردۆتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (یانیس بەهراکیس) لەتەمەنی (٥۸)ساڵیدا بەهۆی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوای کرد.