هێزی ده‌ریاوانی یۆنان 20 كۆچبه‌ری له ناو ده‌ریای ئیجه كه له مه‌ترسیدا بوون، ڕزگار كرد
ڕۆژی ڕابردوو 14/5 نزیك دورگه‌ی ڕۆدۆسی یۆنان چووپێك به 20 كۆچبه‌ره‌وه كه ژیانیان له مه‌ترسیدا بوو له لایه‌ن هێزی ده‌ریاوانی یۆنانه‌وه ڕزگار كران و هه‌موویان سه‌لامه‌تن. به پێی میدیاكانی یۆنان، هه‌موو كۆچبه‌ره‌كان ڕایانگه‌یاند كه په‌نابه‌ری سورین. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌وه‌ی كه كه‌ش و هه‌وا زۆر باش بوو، چووپی كۆچبه‌ره‌كان كه‌وته مه‌ترسیه‌وه و به‌په‌له له لایه‌ن دوو یه‌ختی شه‌خسی و یه‌ختی هێزی ده‌ریاوانی یۆنان ڕزگار كران.
چۆن ڕزگار كران:
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی 14/5 هێزی ده‌ریاوانی یۆنان له لایه‌ن دوو باخیره‌ی گه‌شتیاری یۆنانی ئاگادار كرانه‌وه كه چووپێك له ناوڕاستی ده‌ریادایه به ئافره‌ت و منداڵ و بارودۆخیان باش نیه و 5 كه‌س له كۆچبه‌ره‌كان كهوتنبوونه ناو ئاوه‌كه‌وه. ئه‌وكات هێزی ده‌ریاوانی یۆنان به‌په‌له داوای له باخیره یۆنانیه‌كان كرد كه هه‌وڵ بده‌ن ڕزگاریان بكه‌ن تاكو هێزی ده‌ریاوانی یۆنان ده‌گاته شوێنی ڕووداوه‌كه.
باخیره‌ی گه‌شتیاری به ناوی ”Discovery” هه‌ر 5 كۆچبه‌ره‌كه‌ی ڕزگار كرد كه له ناو ئاودا بوون و دواتر هێزی ده‌ریاوانی یۆنان 15 كۆچبه‌ره‌كه‌ی دیكه‌ی ڕزگار كرد كه له ناو چووپهكهدا بوون.
كۆچبه‌ره‌كان به سه‌لامه‌تی ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی دورگه‌ی ڕۆدۆس كران و دواتر له‌وێ هاتنه ده‌ره‌وه و له ئێستادا پۆلیس لێكۆڵینه‌وه له سه‌ر ڕووداوه‌كه ده‌كات. هیچ كۆچبه‌رێك گیانی له ده‌ست نه‌داوه و هه‌موویان سه‌لامه‌تن.
به‌ڤیدیۆ: ساتی ڕزگار كردنی كۆچبه‌ره‌كان
پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)
به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News