حكومه‌تی یۆنان بۆ ڕێگری گرتن له‌ كۆچی نایاسایی و دروست بوونی لێشاو له‌ توركیاوه‌، خاڵه‌ سنووریه‌كانی به‌ ڕادار و كامێره‌ چاودێری ده‌كات

 

له‌ ڕۆژی هه‌ینیه‌وه‌ حكومه‌تی یۆنان ڕادار و كامێره‌ی چاودێری ده‌ستبه‌كار كرد بۆ چاودێری كردنی خاڵه‌ سنووریه‌كانی له‌ ڕێی وشكانی له‌ گه‌ڵ توركیا، بۆ ڕێگری گرتن له‌ كۆچی نایاسایی و  ئه‌گه‌ری دروست بوونی لێشاو له‌ توركیاوه‌ بۆ یۆنان.

به‌ پێی زانایریه‌كانی حكومه‌تی یۆنان، ته‌واوی خاڵه‌ سنووریه‌كانی وشكانی نێوان توركیا و یۆنان به‌ كامێره‌ی چاودێری و ڕادار چاودێری ده‌كرێن و هه‌ر ڕادار و كامێره‌یه‌ك ده‌توانێت به‌ درێژایی 15 كیلۆمه‌تر زانیاری بدات به‌ 4 سه‌نته‌ری جیاوازی چاوده‌ڕی خاڵه‌ سنووریه‌كانی ئێڤرۆس  (Evros) .

له‌ ناوچه‌ی سوفلی (Soufli)، دیدیمۆتیخۆ (Didimotyxo)، ئۆرێستیادا (Orestiada), تیخێرۆ (Tyxero), فێرێس (Ferres), ئالێكساندروپۆلی (Alexandrupoli), سه‌نته‌ری چاودێری كردنی خاڵه‌ سنووریه‌كان دانراون و تاكو هه‌ر كاتێك كۆچبه‌ری نایاسایی سنووره‌كانی یۆنان ببه‌زێنێت، سه‌رباز و پۆلیس ئاگادار بكرێنه‌وه‌.

ئه‌م كامێره‌ و ڕادارانه‌ 24 كاتژمێڕ كار ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌ شه‌ویشدا زانیاری ده‌ده‌ن به‌ به‌رپرسانی خاڵه‌ سنووریه‌كان. وه‌ك له‌ میدیاكانی یۆنان باس ده‌كرێت، ته‌نانه‌ت ده‌زگای مافی په‌نابه‌ری كاتێخاكی (Katekhaki) له‌ ئه‌سینا , ده‌توانێت ئه‌و زانیاریانه‌ بزانێت كه‌ له‌ سه‌ر سنووری وشكانی یۆنان و توركیا رووده‌ده‌ن. واته‌ كاتێخاكیش ده‌توانێت ته‌واوی گرته‌ ڤیدیۆكان ببینێت، چی له‌ سه‌ر سنووره‌كان ڕووده‌ده‌ن.

به‌ڤیدیۆ: ڕاگه‌یاندنی كار كردنی ڕادار و كامێره‌ چاودێره‌كانی سه‌ر سنووری یۆنان و توركیا

 

یۆنان له‌ گه‌ڵ توركیا به‌درێژایی 182 كیلۆمه‌تر سنووری ڕووباری هه‌یه‌ و به‌ دڕێژایی 12 كیلۆمه‌تریش سنووری وشكانی هه‌یه‌.

حكومه‌تی یۆنان به‌م شێوه‌یه‌ سنووره‌كانی زیاتر كۆنترۆڵ ده‌كات و ڕاسته‌وخۆ دیمه‌نی خاڵه‌ سنووریه‌كانی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی سه‌ر سنوور. بڕیار وایه‌ له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تی دیكه‌یش دا، فرۆكه‌ی بێ فرۆكه‌وانی  (Drone) به‌كار بهێنن بۆ چاودێری كردنی زیاتری ناوچه‌كه‌.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

به‌ڕێوبه‌ری Pishti-News