بەردەوامبونی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە زۆربەی ناوچەکانی عێراق دژی گەندەڵی و سیستەمی حوکمڕانی لەو وڵاتە گەیشتووەتە لوتکە بە جۆرێک خۆپیشاندەرانی عێراقی لە دروشمەکانیاندا لە کۆی پڕۆسەی سیاسیی وڵاتەکەیان ناڕازین و پێیان وایە ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەی کە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە گەڕاونەتەوە و حکومڕانی دەوڵەتی عێراقیان گرتووەتە دەست زۆرینەیان هەر لە بنەمادا گەندەڵکاربونە و عێراقیان غەرقی گەندەڵی ئیداری، وێرانەی شەڕ، و ململانێی تایفی و مەزهەبی کردووە.
لەسەردەمی ڕژێمی صەدام حسێن دیکتاتۆریەت و زڵم و نادادپەروەری هەبووە لەگەڵ شەڕە بەردەوامەکانی ڕژێمەکەی صەدام لە ماوەی حوکمڕانیدا هەشت ساڵ شەڕی عێراق-ئێران، دواتر هێرشی عێراق بۆ سەر کوەیت، جگە لەوەش عێراق کۆمەڵێک قۆناغی سەختی گەمارۆدراوی داڕوخاو لە ڕووی ئەبورییەوە بەخۆیەوە بینیی لەو سەردەمەدا.
بە ڕوخانی ڕژێمەکەی صەدام حسێن لە ساڵی٢٠٠٣ لە لایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بووە هۆی فراوان بوونی هەژموونی ئێران لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ڕژێمی ئێران بە ڕاکێشانی هەست و سۆزی مەزهەبی شیعەکانی عێراق بە بەرنامە داڕێژراوی پێشوەختە هاوشێوەی وڵاتی لبنان عێراقی کردە گۆڕەپانی ململانێی سیاسیی وڵاتەکەی لە بەرامبەر وڵاتە دژبەرەکانی وەکو سعودیە و ئەمەریکا و هتد ..لە ناوچەکەدا بەمەبەستی سەرخستنی پڕۆژەی هیلالی شیعی، کە هێشتاش تاران کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکات.
ئێستا گەلی عێراق ئەوەندەی قوربانی دەستی ڕژێمی ئێرانە ئەوەندە لە ڕابردوودا زیانی بەدەست ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتەکەی خۆی نەبینیوە. دەرئەنجامی ئەمەش سیاسەتە هەڵەکانی ئەو حیزب و لایەنە سیاسیانەیە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە ئێران و وڵاتانی ئەوروپا گەڕانەوە بۆ عێراق و جڵەوی دەسەڵاتیان گرتە دەست.
دوا بەدوای دەربڕینی ناڕەزایەتی عەرەبە سوننەکان ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی پێکهاتەی عەرەبی شیعە کە جڵەوی دەسەڵاتیان لە دەستە لە ناوەڕاست و ناوچەکانی باشووری عێراق دژی گەندەڵی و نادادپەروەری لە سەرەتاکانی ساڵی ٢٠١٥وە سەریهەڵدا و تا ئێستاش بەردەوامە…و لە هەوڵە بەردەوامەکانی سەرکوتکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و میلیشیا چەکدارە شیعەکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە سەپۆرت دەکرێن تەنها لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا ٢٥٠ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ٨٠٠٠ هەزاریش برینداری لێکەوتووەتەوە.
ئەگەر چی سەرۆکوەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی هاوشێوەی حەیدەر عەبادی سەرۆکوەزیرانی کابینەی پێشوو چەندین جار چاکسازی جۆربەجۆری لە کابینەکەی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی قەناعەت بە خۆپیشاندەران بێنێت. بەڵام خۆپیشاندەرانی عێراقی وەک خۆیان لە دروشمەکانیاندا بەردەوام دوپاتیدەکەنەوە.. چی دیکە متمانەیان بەو حزب و لایەنە سیاسیانە نەماوە کەوا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی صەدام حسێن ماوەی زیاتر لە شانزە ساڵە عێراقیان توشی کاولکاری و غەرقی گەندەڵی کردووە.
بێ متمانەی عێراقیەکان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی هەشت ساڵ حۆکمڕانی نوری مالکی لە ٢٠٠٦ وە تاوەکو ٢٠١٤، هەروەها چوار ساڵی حوکمڕانی حەیدەر عەبادی لە ٢٠١٤وە بۆ ٢٠١٨. هەر بۆیە لە ماوەی ئەو ساڵانەی حوکمڕانیدا لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی سیاسیی عێراقدا سەرەتا متمانەی پێکهاتەی عەرەبی سوننە یان لە دەستدا. دواتریش متمانەی پێکهاتەی عەرەبی شیعە یان لە دەستدا.
هەرچی سەبارەت بە (کورد) کە وەکو نەتەوەیەکی هاوبەش و سەرەکی لە عێراق دانی پێداندراوە بە پێی دەستوری نوێی پەسەندکراوی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٥وە باکوری عێراق وەکو ناوچەی هەرێمی کوردستانی-عێراق دەستنیشانکراوە و کوردەکان لە چوارچێوەی حوکمەتێکی فیدراڵیدا خۆیان بەڕێوە دەبن بەڵام ناڕازی بونی ئەوانیش کەم نیە.
دەسەڵاتی کوردی لە ناوچەی هەرێمی کوردستانی-عێراق زۆرجار حکومەتی ناوەندی بە حکومەتێکی تاکڕەو و تایفی و مەزهەبی ناوزەد کردووە و پێیی وایە بەهۆی سیاسەتی تاکڕەوانەی دەسەڵاتی ناوەندی بەغدا هێشتا زۆربەی زۆری ماددە دەستوریەکان لە دەستوری عێراق نەچونەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەمەش قەیرانەکانی ناوخۆی عێراقی زیاتر و زیاتر بەسەر یەکەوە کەڵەکە کردوە. ئێستا لە بەغدا بەرەیەكی دژە كورد كە هاوكات بە هاوكاری و ڕێنیشاندەری بەشێك لە كورد دەیانەوێت لە هەمواركردنەوەی دەستوری عێراقدا قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان لاواز و بچوكبكەنەوە.
پێشهاتە سیاسییەکان لە عێراقدا لەگەڵ بەردەوامی خۆپیشاندانەکان جێگیر نیە. بەڵام تاران بەردەوام لەسەر هێڵە و لە ڕێگەی قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی تیرۆریستی ئێران هەوڵی سەرکوتکردنی شەپۆلی ناڕەزایەتیەکان دەدات. لە لایەکی دیکەشەوە تاران هەوڵدەدات بە هەموو شێوەیەک زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراقی ڕازیبکات بۆ پشتگیری لە مانەوەی سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەی. چونکە زەنگی ئەمجارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق زەنگێکی مەترسیدارە بۆ کەمکردنەوەی ئەو هەژموونە فراوانەی ڕژێمی تاران لە عێراق و ناوچەکە بە گشتیی.