په‌نابه‌ران

بەریتانیا: هەر کۆچبەرێک دوور بخرێتەوە هەرگیز مافی گەڕانەوەی بۆ بەریتانیا نابێت

حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی تووند دژی کۆچبەران دەخاتە بواری جێ بەجێ کردن

حکومەتی بەریتانیا لەم هەفتەدا چەند یاسایەکی نوێی تووند دەخاتە بواری جێ بەجێ کردن بۆ دیپۆرت کردنی کۆچبەران و ڕێگری گرتن لەوانەی بە چووپ و نایاسایی ڕووی تێ دەکەن، مافی مانەوەیان لەو وڵاتە نەبێت

 

ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیتانی شانشینی بەریتانیا، ئەم هەفتەیە چەند یاسایەکی نوێ و تووند دژی کۆچبەران ڕادەگەیەنێت بۆ ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی و ڕێگری گرتن لەو کۆچبەرانەی بە تایبەت بە چووپ و نایاسایی ڕووی تێدەکەن، مافی داوا کردنی مافی پەنابەریان نەبێت.

ڕۆژی سێشەممە حکومەتی بەریتانیا چەند یاسایەکی نوێ و تووند دژی کۆچبەری نایاسایی ڕادەگەیەنن، بە پێی میدیاکانی بەریتانیا، پێشنیاری ئەوە کراوە یاسایەک بخەنە بواری جێ بەجێ کردن بۆ ئەو کۆچبەرانەی بە چووپ و نایاسایی ڕوو لەو وڵاتە دەکەن دیپۆرتیان بکەنەوە و هەرگیز مافی گەڕانەوان بۆ ناو خاکی شانشینی بەریتانیا نەبێت.

وەزیر و بەرپرسانی حکومەتی بەریتانیا دەیانەوێت پەیامێکی تووند ئاراستەی کۆچبەران بکەن تاوەکو چی دیکە ڕێگەی قاچاخ و مەترسی نەگرنە بەر بۆ گەیشتنیان بە بەریتانیا.

هەروەها پێشنیاری ئەوە کراوە، ئەو کۆچبەرانەی بە ڕێگەی قاچاخ و چووپ ڕوو لە بەریتانیا دەکەن، هەرگیز مافی مانەوەیان لەو وڵاتە نەبێت و هەرگیز نەتوانن ببنە خاوەنی هاوڵاتینامەی بەریتانی.

ڕێکخراوانی پەنابەران لە بەریتانیا ڕەخنەی تووند لەم بڕیارە دەکەن و دەڵێن کە ئەوە سەرناکەوێت و هەزاران پەنابەر کێشە و ئاڵۆزیان بۆ دروست دەبێت.

سبەینێ ڕۆژی سێشەممە ڕیشی سوناک، سەرۆک وەزیانی بەریتانیا، بڕیارەکان ئاشکرا دەکات و باس لە چۆنیەتی جێ بەجێ کردنی ئەو یاسانە دەکات.

بەرپرسێکی حکومەتی بەریتانیا بە Daily Mailی ڕاگەیاند:

ئەم پرۆژەیاسایە ئەگەر دەنگی پێویست بە دەست بێنێت لە ناو پەرلەماندا، واتە هەر کۆچبەرێک بە نایاسایی و رێگەی قاچاخ ڕوو لە شانشینی بەریتانیا بکات، دەستبەجێ دوور دەخرێتەوە و هەرگیز ماگی گەڕانەوەشی بۆ خاکی بەریتانیا نابێت.

 

هەمان بەرپسی ئەوەیشی بۆ Daili Mail ئاشکرا کرد:

پەنابەران یاسای مافی پەنابەری بەریتانیا بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکار دەهێنن و هەموو ڕێگایەک دەگرنە بەر بۆ ئەوەی لە بەریتانیا دوور نەخرێنەوە. مانەوە لە بەریتانیا و ببیتە خاوەنی هاوڵاتینامەی بەریتانیا مافێکی مرۆڤ نیە، دەستکەوتێکی ئەرێنیە. هەر بۆیە ئێمە ڕێگری لە کۆچبەرە نایاساییەکان دەکەین و ڕێگەیان پێ نادەین بگەڕێنەوە بۆ ناو خاکی شانشینی بەریتانیا

ڕیشی سوناک بەڵێنی 5 خاڵی داوە بە بەریتانیا و یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی ئەوەیە، ئەو چووپانەن کە کۆچبەران بە نایاسایی لە فەڕێنساوە دێنە ناو خاکی بەریتانیا ڕایانبگرێت. دەشڵێت:

بڕیارم داوە بەلێنەکانی خۆم جێ بەجێ بکەم و چووپەکان ڕاوەستێنم. بۆیە ئەو هەڵەیە نەکەن، ئەگەر بە نایاسایی بێنە خاکى بەریتانیا، مافی مانەوەتان نابێت

سبەینێ ڕۆژی سێشەممە ڕیشی سوناک پرۆژەیاسایەکی نوێ دەخاتە ڕوو و داوا لە ئەندامانی پەرلەمان دەکات دەنگیان پێ بدەن.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

بەڕێوبەری پشتی-نیوز

 

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button