په‌نابه‌ران

حکومەتی بەریتانیا بە نیازە لە ڕێگەی ڕاپرسیەکەوە مافی پەنابەری بە 12.000 پەنابەر بدات

پەناخوازان دەبێت وەڵامی 40 پرسیار بدەنەوە

حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت لە ڕێگەی چەند پرسیارێکەوە مافی پەنابەری بە 12.000 پەنابەر بدات

حکومەتی بەریتانیا بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەناخوازی وڵاتەکەی تا ئێستا وەڵامی کەیسەکانیان نەدراوەتەوە و جەختێکی زۆر خراوەتە سەر کابینەکەی ڕیشی سوناک، لە ئێستادا پلانێکیان ئامادە کردووە تاوەکو بە ڕێگەیەکی ئاسان وەڵامی ئەو کەیسانە بدەنەوە.

بە پێی میدیاکانی بەریتانیا، بڕیار وایە هۆم ئۆفیس (Home Office) فۆرمێک بنێرێت بۆ 12.000 پەنابەر کە تا ئێستا چاوپێکەوتنیان ئەنجام نەداوە بۆ وەڵامی کەیسەکانیان و بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ مافی پەنابەریان پێ بدرێت، بەڵام پێش وەخت دەبێت فۆرمێک پڕ بکەنەوە کە بریتیە لە 10 وەرەقەی A4 کە 40 پرسیاری تێدایە، پەنابەران دەبێت وەڵامی ئەو 40 پرسیارە بدەنەوە لە ماوەی 20 ڕۆژدا و ڕەوانەی هۆم ئۆفیسی بکەن، لەوێ بەدواداچوون لە سەر کەیسەکانیان دەکرێت بێ ئەوەی چاوپێکەوتن بکەن و ڕاستەوخۆ وەڵامیان دەدرێتەوە.

ئەم بڕیارە، پەنابەرانی وڵاتانی ئەفغانستان و ئەریتریا، لیبیا، سوریا و یەمەن دەگرێتەوە کە ڕوویان لە بەریتانیا کردووە و پێش مانگی 7ی 2021 داوای مافی پەنابەریان کردووە.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ڕایگەیاند کە بەم شێوەیە بە زوترین کات وەڵامی کەیسەکان دەدرێنەوە و ئەوانەی کە قبوڵ دەکرێن هەموو مافەکانیان پێ دەدرێت.

بە پێی وەزارەتی نەوخۆی بەریتانیا، لە %95 کەیسی پەنابەرانی ئەم وڵاتانە قبوڵ کراون لە ڕابردوو, وە ئەگەری هەیە هەموویان قبوڵ بکرێن.

سەبارەت بەوانەی کە کاری نایاسایی گەورەیان ئەنجام داوە، حکومەتی بەریتانیا مافی پەنابەریان پێ نادات بە تایبەت ئەوانەی کە ماوەیەک لە زینداندا بوون یاخود هێشتا لە زینداندان. ئەوەی بۆ یەکەم جار لە بەریتانیا ئەنجام دەدرێت ئەوەیە کە چاوێکەوتنی ڕوو بەڕوو ناکەن پەناخوازەکان تەنها وەڵامی 40 پرسیار دەدەنەوە و وەڵامەکان ڕەوانەی وەزارەتی ناوخۆی دەکەن و دواتر لیژنەیەک بڕیاریان لە سەر دەردەکات.

بە پێی ئامارەکانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، لە ئێستادا 166.000 کەیسی پەنابەران هەن لەو وڵاتە کە هێشتا وەڵامنیان نەدراوەتەوە. ڕۆژی پێنج شەممە تەنها بۆ ساڵی 2022 زیاتر لە 75.000 کەیسی پەنابەران بێ وەڵامن. هەروەها ئەو کۆچبەرانەی ساڵی 2022 ڕوویان لە شانشینی بەریتانیا کرد بەشێکی هەرە زۆریان زیاتر لە 6 مانگی پێچوو تاوەکو وەڵامی کەیسەکانیان وەرگرت و بەشێکی زۆریان قبوڵ کران و مافی پەنابەریان وەرگرت.

مانگی 12ی 2022 سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنی دا ڕێژەی کۆچی نایاسایی کەم بکاتەوە و بەڵێنیشی دا، ئەوانەی ماوەیەکی زۆرە چاوەڕێی وەڵامی کەیسەکانیانن زوتر بداتەوە.

وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکرای نەکرد چ جۆرە پرسیارێک ئاراستەی پەنابەران دەکات بەڵام بەرپرسێک ئەوەی ئاسکرا کرد کە پرسیار لە کۆچبەرەکان دەکەن بۆچی وڵاتی خۆیان جێ هێشتووە و بۆچی داوای مافی پەنابەری دەکات لە بەریتانیا.

 

پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)

بەڕێوبەری Pishti-News

زیاتر ببینه

ئه‌مانه‌ش ببینه‌

Back to top button