به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ به‌له‌مێك به 34 كۆچبه‌ره‌وه نزیك دورگه‌ی لێشڤۆسی یۆنان ژێر ئاو كه‌وت
كاتژمێر 6:00 به‌یانی ئه‌مڕۆ، به‌له‌مێك به 34 كۆچبه‌ره‌وه له كه‌نار ئاوه‌كانی توركیاوه به‌ڕێ كه‌وت به‌ره‌و دورگه‌ی لێشڤۆس، به‌ڵام به‌هۆكارێكی نادیاره‌وه به‌له‌مه‌كه نزیك ئاوی دورگه‌ی لێسڤۆس ژێر ئاو كه‌وت.
هێزی ده‌ریاوانی یۆنان به‌په‌له گه‌یشته شوێنی ڕووداوه‌كه و توانی 32 كۆچبه‌ر ڕزگار بكات و له ڕووداوه‌كه‌یش دوو كۆچبه‌ری دیكه گیانیان له ده‌ستدا.
وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بۆ میدیاكان باسی له‌وه كرد كه هێزی ده‌ریاوانی توركیا له سه‌ره‌تاوه ئاگای له به‌له‌می كۆچبه‌ره‌كان هه‌بوو و هه‌وڵی ڕزگار كردنیان نه‌داوه. وازیان لێهێنان بگه‌نه ئاوی یۆنان تاكو هێزی ده‌ریاوانی یۆنان ڕزگاریان بكات. كۆچبه‌ره‌كان هه‌موویان به ڕه‌گه‌ز سۆماڵین 15 پیاو 14 ئافره‌ت و 3 منداڵ.
له په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیدا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌یاوانی یۆنان به پشتی-نیوزی ڕاگه‌یاند: ڕووداوه‌كه كاتژمێر 6:00 به‌یانی ڕوویدا، ڕێكخراوێك ئاگاداری گه‌یشتنی ئه‌و كۆچبه‌رانه بوو، به‌ڵام هێزی ده‌ریاوانی یۆنانی ئاگادار نه‌كردبوو. هه‌روه‌ها ئێمه هێزی ده‌ریاوانی توركیا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ین، چونكه ئه‌وان ده‌یان توانی هه‌موو كۆچبه‌ره‌كان ڕزگار بكه‌ن، به‌ڵام ته‌نها له دووره‌وه ته‌ماشای ژێر ئاو كه‌وتنی كۆچبه‌ره‌كانیان ده‌كرد.
له به‌یانی ئه‌مڕۆوه دوو كۆچبه‌ر نادیار بوون به‌ڵام دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ته‌رمی كۆچبه‌رێك دۆزرایه‌وه و ئافره‌تێكی سۆماڵیه. به‌دواداچوونه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی دیكه به‌رده‌وامن.
وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان، نۆتیس میتاراكیس، ئه‌مڕۆ له ناو په‌رله‌مانی یۆنان سه‌باره‌ت به‌م ڕووداوه ڕایگه‌یاند:
هێزی ده‌ریاوانی توركیا له كاتی ژێر ئاو كه‌وتنی به‌له‌مه‌كه گه‌یشت شوێنی ڕووداوه‌كه به‌ڵام هه‌وڵی ڕزگار كردنی كۆچبه‌ره‌كانی نه‌دا تاكو له ئاوی یۆنان‌دا هێزی ده‌ریاوانی یۆنان ڕزگاریان بكه‌ن.
به‌داخه‌وه بۆ ئه‌و كۆچه‌به‌رانه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدا، و ده‌مه‌وێت سوپاسی هێزی ده‌ریاوانی یۆنان بكه‌م كه به خێرایی گه‌یشته شوێنی ڕووداوه‌كه و توانی 32 كۆچبه‌ر ڕزگار بكات.
ساتی قسه كردنی وه‌زیری په‌نابه‌رانی یۆنان نۆتیس میتاراكیس له سه‌ر ژێر ئاو كه‌وتنی به‌له‌مه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ
پشتیوان جاف (Pishtiwan Jaf)